ئه‌مه جاری سێیه‌مه له‌سه‌ر ژن بنووسم، یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر بابه‌تی داعش و ژن و رۆڵی ژنان له‌و رێكخراوه تیرۆریستییه‌دا، جاری دووه‌م وتارێك بوو بۆ شێره ژنانی خۆرئاوای كوردستان له ژێر ناوی وزه‌ی ژن و وزه‌ی ئه‌تۆم، وا ئه‌مجاره‌ش باسی رۆڵی ژنانی عیراق و كوردستان و كاریگه‌رییه‌كانی مه‌ینه‌تی و شه‌ڕه‌كانی عیراق بۆ سه‌ر ژنانی به‌ش مه‌ینه‌ت ده‌كه‌م .
زۆرجار چاره‌نووسی ژن ده‌به‌سترێت به جه‌نگه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باجی زۆری مه‌ینه‌تییه‌كانی شه‌ڕ ژنان ده‌یده‌ن، چونكه توندوتیژی جۆراوجۆری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووریان ده‌رهه‌ق ده‌كرێت، دواتریش چیرۆك و مهرگهساتهكانیان په‌راوێز ده‌خرێت .
ژنانی كوردستان
ژنانی كوردستان به‌شێكی گرنگ و دانه‌بڕاوی هه‌موو رووداو و كاره‌سات و شه‌ڕ و شۆڕشه‌كان بوون، له شه‌ست ساڵی رابردوودا، له خه‌باتی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تیدا ئه‌گه‌ر به‌ڕێژه‌یه‌كی كه‌میش بێت، وه‌كو دایك و هاوسه‌ر و كچ و خوشك به‌شداری هه‌موو مه‌ینه‌تییه‌كان بوون و ئازار و مه‌ینه‌تی و به‌دبه‌ختیان به‌ركه‌وتووه .
له سه‌رده‌می جینۆسایدی ئه‌نفالیشدا وه‌كوو پیاوان بێ جیاوازی بوونه قوربانی و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان باشترین به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌وه، له راپه‌ڕین و دوای ئه‌وه‌ش له حوكمڕانی خۆماڵی كوردیدا، كه‌م و زۆر به‌شدارییان كردووه له خه‌باتی رێكخراوه‌یی سه‌ره‌ڕای تێبینیم له سه‌ر چالاكیه‌كانیان.
ژنانی عیراق
لێره‌دا كه باسی ژنانی عیراق ده‌كه‌م ئه‌وه بێگومان ژنانی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه، چونكه ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ژنانی كوردستان باسم كردووه له‌وه‌یه به‌شێكی ژنانی لادێ نیشین و خێزانی پێشمه‌رگه‌كان بگرێته‌وه، ئه‌گینا ئه‌م باسه هه‌موو ژنانی عیراق ده‌گرێته‌وه به كوردستانیشه‌وه .
جەنگی عیراق و ئێران
یه‌كێك له‌و كاره‌ساته گه‌ورانه‌ی كه رژێمی دكتاتۆری سه‌دام حوسێن به سه‌ر عیراقی‌دا هێنا، شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی عیراق ئێران بوو (1980-1988) كه ژماره‌ی قوربانییه‌كانی زیاتر له یه‌ك ملیۆن كه‌س بوو له هه‌ردوو لایه‌نی جه‌نگه‌كه، كه ژماره‌یه‌كی زۆر بێوه‌ژن و هه‌تیو و كه‌مئه‌ندام و بێ سه‌رپه‌رشت و بێ ماڵ و حاڵی به دوای خۆیدا هێنا، ئه‌مه چ جای ئه‌وه‌ی ئابووری عیراقی هیلاك و شه‌كه‌ت و وێران كرد، به‌شێ زۆری ئه‌رك و ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و جه‌نگه كه‌وته سه‌ر ئه‌ستۆی ژنان، چونكه هه‌موو لاوان و پیاوانی وڵات له به‌ره‌كانی جه‌نگدا بوون، ژنان بوونه ده‌ست و هێزی كار و بوونه داینه‌مۆی كار و به‌رهه‌مهێنان و سهكتهره خزمه‌تگوزارییه‌كانی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ…..تد . ژنان ته‌نانه‌ت بوونه به‌خێوكه‌ری خێزانه‌كانیش، ئیتر ئه‌گه‌ر له مناڵان پێكهاتبێ یان له دایك و باوكی پیر .
له‌كۆتایی جه‌نگه‌كه‌شدا سه‌دام هه‌ر به‌بیری پیاوسالاری و نێرینه‌یی خۆی، هه‌موو هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی خۆی به چه‌كی كیماوی و خاكی سووتا و و ئه‌نفال و كۆچپێكردنی زۆره‌ملی له‌ناوبرد، كه ژنانی كوردستان وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌م پێدا وه‌كو پیاوان و زیاتریش بوونه قوربانی .
جەنگی كوێت
سه‌دام و رژێمه دكتاتۆریهكهی هه‌ر به جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی عیراق ئێرانه‌وه نه‌وه‌ستان، دواتر كاره‌ساتێكی تریشیان خوڵقاند له 2/ ئابی 1990 دا‌و وڵاتی كوێتی دراوسێشیان داگیركرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته داوای ئه‌و پارانه‌ی كرده‌وه كه له‌كاتی جه‌نگه‌كه‌دا به قه‌رز دابووی به‌عیراق، ئه‌م جه‌نگه‌ش ژێرخانی ئابوری عیراقی هه‌ڵته‌كاند، ئابڵووقه‌ی ئابوری سه‌پێنرا به‌سه‌ر عیراقدا و تا ساڵی 2003 درێژه‌ی كێشا، بێگومان ژنانیش زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌می ئه‌م سزا ئابوریانه بوون .
لێره‌دا كه باسی جه‌نگی كوێت ده‌كه‌م، نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیربچێت كه جگه له‌بیانووی داواكردنی قه‌رزه‌كان، بیانوویه‌كی تریشیان به‌كوێت ده‌گرت ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو، گوایه به‌رپرسێكی ئه‌و وڵاته سووكایه‌تی به ژنه سه‌ربه‌رزه‌كانی عیراق كردووه (الماجدات العراقیات)، دواتر وای لێهات وشه‌ی (ماجدات) بووه مایه‌ی گاڵته‌جاری له‌نێو خه‌ڵكیدا له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی عیراق.
گه‌مارۆی ئابووری
كاره‌ساتێكی تر كه بووه هۆی وێرانكردنی كۆمه‌ڵگای عیراقی، ئابڵوقه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بوو له سه‌ر عیراق (1990-2003) كه به‌هۆیه‌وه خه‌ڵكێكی زۆر كۆچیان كردوو ئاواره‌ی وڵاتان بوون، ژنانی عیراقیش زه‌ره‌مه‌ندی گه‌وره‌ی ئه‌م ئابڵوقه‌یه بوون. به‌پێچه‌وانه‌ش كه ده‌بوو خه‌ڵات و پاداشت بكرێن، له پای ئه‌و رۆڵه كاریگه‌ره‌ی له‌شه‌ڕه هه‌شت ساڵه‌كه‌دا گێڕایان و نه‌یانهێشت ئابوری عیراق داڕمێت، رژێمی سه‌دام به‌پاساوی ئابڵوقه‌ی ئابورییه‌وه هه‌موو به‌رنامه‌كانی پشتیوانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و خزمه‌تگوزارییه‌كانی چاودێری مناڵان و نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، كه ئه‌مه‌ش ژنانی بێ به‌ش كرد له زۆر ده‌ستكه‌وت و بێكاری كردن و گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو كونجی ماڵه‌كانیان، له كاتێكدا پێشتر له عیراقدا ژنان %23 هێزی كاریان پێكده‌هێنا تا ساڵی 1991، ئه‌وه‌ش به‌رزترین ڕێژه بوو له سه‌رئاستی وڵاتانی ناوچه‌كه، به‌ڵام له ساڵی 2000 دابه‌زی بۆ %10 به گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان .
بۆیه هه‌ژاری و نه‌داری وای له‌به‌شێك ژنان و كچان كه مناڵیشن كردووه بكه‌ونه ژێر ره‌حمه‌تی بازرگانه‌كانی سیكس و بیاننێرنه ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی و بیانی.
ژنان له عیراقی نوێ‌دا
له عیراقی نوێشدا دوای ئه‌و هه‌موو جه‌نگ و ئابڵووقه ئابورییه و سه‌ره‌ڕای نووسینی ده‌ستوور و دیاریكردنی ڕێژه‌ی به‌شداری ژنان له داموده‌زگاكانی یاسادان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری له‌ده‌ستووردا، به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوون به‌ده‌ستوور و سستمی به‌ش به‌شێنه و شه‌ڕی تائیفی جارێكی تر ژنان بوونه‌وه به‌قۆچی قوربانی ئه‌و شه‌ڕ و ململانێ خوێناوییانه.
دوای سه‌رهه‌ڵدانی ڕه‌وته توند ئاژۆكانی ئه‌لقاعیده و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش)یش، بارودۆخی ژنان هێنده‌ی تر قورستربوو، به تایبه‌تی ژنانی ئێزدی و كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی ئیتنییه‌كان بوونه قوربانی ئه‌و ڕه‌وته تاریكپه‌رست و تاوانبارانه، كه ئه‌وه‌ی نه‌شیاو و قێزه‌ون بوو ده‌رهه‌ق به كچان و ژنانی ئێزدی كردیان، ئه‌وه‌ش له هه‌موو جیهاندا ده‌نگی دایه‌وه و ره‌نگه بۆمن نه‌كرێت لێره‌دا به درێژی باسیان بكه‌م .
خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كانی 2014
رووداوه‌كه‌ی سپایكر یه‌كێكه له‌و تاوانه گه‌ورانه‌ی كه داعش ده‌رهه‌ق به سه‌ربازانی عیراقی كرد، كه دواتر بێ سه‌روشوێن كران و ته‌رمی به‌شێكیان نه دۆزرایه‌وه و نه‌درایه‌وه به كه‌سوكاریان، بۆیه دایكانی ئه‌و سه‌ربازانه به‌ناوی دایكانی سپایكەر خۆپیشاندان و ناره‌زایی گه‌وره‌یان رێكخست، دواتر ئه‌و ناره‌زایه‌تیانه فراوانتر بوو، تاوه‌كو به‌سره و شاره‌كانی تریشی گرته‌وه و گۆڕا به داواكردنی خزمه‌تگوزاری ئاوی پاك و كاره‌باش.
خۆپیشاندانه‌كانی تشرینی 2019
ئاماده‌بوون و به‌شداری ژنان به شێوه‌یه‌كی دیار و به‌رچاو نه‌ك هه‌ر له‌به‌غدای پایته‌خت، به‌ڵكو له شاره‌كانی تری وه‌كو به‌سره و ناسریه و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا، له هه‌موو چین و توێژه‌كان و ته‌مه‌نه‌كان و له باكگراوندی ڕۆشنبیری و چینایه‌تی جیاواز، وه‌كو دایك له گه‌ڵ كوڕه‌كانیان ده‌هاتنه گۆڕه‌پانه‌كانی خۆپیشاندان، خواردنیان بۆ ئاماده ده‌كردن و جلیان بۆ ده‌شۆردن و هه‌ندێكجار ده‌چوونه ئه‌و خاڵ و به‌ربه‌ستانه‌ی كه له نێوان هێزه‌كانی به‌گژاچوونه‌وه‌ی ئاژاوه و خۆپیشانده‌راندا بوون .
جگه له‌وانه‌ش سه‌دان خۆبه‌خش و چالاكوانی ژن و كادری ته‌ندروستی ژن له‌نه‌خۆشخانه مه‌یدانییه‌كانی پێشهوهبوون و چاره‌سه‌ری بریندارانیان ده‌كرد، كه هه‌ندێكیان شه‌هیدبوون و هه‌ندێكیشیان برینداربوون، به‌شێكی زۆری خوێندكارانی كچیش به‌شداری خۆپیشاندانه‌كانیان كرد، ئه‌مه چ جای به‌شداری به‌شێكی زۆری ڕۆژنامه‌نووسی ژن كه چه‌ندین بڵاوكراوه‌ی وه‌كو (تك-نك ) و ( المساواه)یان چاپ و بڵاوكرده‌وه، كه باسی خۆپیشاندانه‌كانیان ده‌كرد .
هه‌ربۆیه میلیشیاكان هه‌موو هه‌وڵێكیان خسته‌گه‌ڕ بۆ به‌رگرتن له‌به‌شداری دیاری چالاكوانانی ژن چ به‌په‌لاماردان و كوشتن‌یان بێـت یان رفاندنیان و ته‌نانه‌ت چالاكوانی دیاری ژن (ساره تالیب) و هاوسه‌ره‌كه‌ی (حسین عادل)یان له ناو شاری به‌سره تیرۆركرد، له ناسریه‌ش چالاكوان (ئه‌نوار جاسم) یان تیرۆركرد .
هه‌ربۆیه به‌شی زۆری به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی شۆڕش و خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌كانی شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عیراق چ له‌شیعر و گۆرانی و گرافیك و میدیا به‌رهه‌می ژنان و كچان بوو بۆیه ڕۆڵ و پێگه و كاریگه‌ری ژنان، وه‌كو ئهیقونهیهكی شۆڕش چه‌سپا، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت و میلیشیاكان شكستیان هێنا بۆ دوورخسته‌وه‌ی ژنان، كه رێگا نه‌ما به‌كاری نه‌هێنن دژ به‌م توێژه.
له به‌رامبه‌ردا خۆپیشانده‌ران وه‌كو چینێكی زۆر جیاواز خۆیان پیشاندا له‌وانه‌ی كه حوكمیان ده‌كه‌ن، وتیان ئێمه ئاشتیخوازین و جیاوازییه‌كانی یه‌كترمان قبووڵه، به ئاین و تائیفه و ڕه‌نگ و مه‌زهه‌ب و زمانه‌وه .
135 جار بینراوە