فلاش فیکشن

میرزا

دەچمە پشت مێزەكەمەوە، میرزاكەم وتارەكەی لەسەر داناوە. هەروا بە پێوە، چاوێكی پێدا دەخشێنم، چاوم دەپەڕێتە پشتی سەرم. دەمەوێ زەنگ لێبدەم، بێتە بەردەمم، پۆرتی بشكێنم، بیكەم بە سانتی بێنوێژ. كەچی وەك ئەوەی كارەبا گرتبمی دەستم بەسەر زەنگەكەوە وشك دەبێت و جوقەی لێوە نایەت.

«ئەرێ ئەم كەرە بەغاییە چی نووسیوە؟ دەگ داوەشێی بۆچی میرزایەكی. ئاخر من وام وت؟ یاخوا ئەو پارە مۆڵەت پێ حەرام بێت كە وەكو پاداشت دەیكەم بە قوڕگتا! قابیلە نەزانم چیم وت؟ من وتم وتارێكم بۆ بنووسە لەسەر گەندەڵی، پڕی بكە لە دادپەروەری، شەفافییەت، سەروەریی یاسا، دزی و فزی نەوت و … بەڵام خواش لێی تێنەگات، هەموان وەكو كەر سەرم بۆ بلەقێنن و تەقەی سەریان بێت. چەپڵە … بە فۆنتێكی ئەوەندە گەورە تایپی بكە كاتێ دەیخوێنمەوە، چاویلكەم نەوێت. ئا، با نەڵێن پیرە! كەچی ئەم هێسترە جووتەی هاویشتووە. تۆ سەیر سەیر چی نووسیوە؟ ئەگەر گەندەڵیی بنەبڕ بكرێ و گەندەڵان بدرێنە دادگا. هەموو كەسێكی ئەم هەرێمە دەبێتە خاوەنی زەوی یان خانووی خۆی. دادپەروەریی ئەوەیە هەموان لەبەردەمی یاسادا یەكسان بین، نەك هەندێ بە ناوی شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە، حسابی تاکێ پێڵاو بۆ یاسا نەكەن، كەسیش نەبێت گونیان بگرێت… وەڵڵا بابە تەواومان كرد، یانی میرزا فەنی بەنیازە من بچم ئەم قسانە بۆ خەڵك بخوێنمەوە؟ ئاخر یەكێ ماڵی لە پەشمەك بێت، دەتوانێت شەكری وا بشكێنێت؟ بەخوا جوانە! بە ناخێری گیانم، وتم ماوەیەكە كڕ كەوتووم، با دەركەوم و شتێك بڵێم، بەڵكو لە تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیا ببێت بە تەپڵ. كەچی فەرموو چی نووسیوە؟ باشە گریمان من ئەوەندە فەریك بووم، چوومە بەردەمی خەڵك و بە حەماسەتەوە ئەم شەكرەم خوارد. ئەی ئەگەر دەمڕووتێكم لێ راست بۆوە و وتی: «تۆ كاوێژی چی دەكەی، هەر ئاسمان ماوە لەسەر خۆت و كەسوكارەكەت تاپۆی بكەیت؟»

 406 جار بینراوە