سەرەکی » ئاراستە » ساتێك وه‌فا

ساتێك وه‌فا

عه‌مید/ دڵشاد هه‌ورامی

وه‌فایه‌ك بۆ ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی خه‌باتی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوڕێ و هاوخه‌باتمان كاك سه‌ركه‌وت محه‌مه‌د فه‌تاح ناسراو به‌ (سه‌ركه‌وتی جیهاز.

پاش نه‌مانی شۆڕشی ئه‌یلول، بارودۆخی خه‌ڵكی كوردستان به‌ رۆژگارێكی ناهه‌مواردا تێده‌په‌ڕی، دێهاته‌كان راده‌گوازران، هه‌رله‌و كاته‌دا رێكخستنه‌ پۆڵاینیه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ ده‌ستیان كردبوو به‌ كاری ڕێكخراوه‌یی، په‌یتا په‌یتا مه‌فره‌زه‌كان ده‌چوونه‌وه‌ شاخ.

دوای به‌یاننامه‌كه‌ی یه‌كێتی له‌ شام وگه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ناو وڵات، سه‌دان لاوی گه‌نجی وڵاته‌كه‌مان رویانكرده‌ شاخ.

ئه‌وكاته‌، سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و پاشان رێگرییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌می، مه‌شخه‌ڵی شۆڕشی نوێ به‌رده‌وام له‌ كڵپه‌سه‌ندن و هێزی پێشمه‌رگه‌ش له‌ گه‌شه‌كردندا بوو.

سه‌ركه‌وتی جیهاز، له‌ دایكبووی ساڵی 1963 و ده‌رچووی په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی موسڵ، له‌ ساڵی 1979وه‌ ده‌ست به‌خه‌بات و تێكۆشان ده‌كات له‌ رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌، له‌ ساڵی 1984دا په‌یوه‌ندیده‌كات له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌و كراوه‌ته‌ كارپێكه‌ری بێسیمی تیپی 47ی پیره‌مه‌گروون، هه‌روه‌ها له‌گه‌ل كاك سه‌ربه‌ست دا كاروباری رێكخستنی كه‌رتی تیپی47 ی پیره‌مه‌گرونیشیان له‌ ئه‌ستۆبووه‌.

له‌ ساڵی1987دا ‌لە بێسیمی جه‌نابی مام جه‌لال بووە تا ساڵی 1988.

دوای ئه‌نفاله‌كان، له‌ قاسمه‌ڕه‌ش كراوه‌ته‌ به‌رپرسی ریكخستنه‌كانی سكرتاریه‌ت، زۆرجار هاوسه‌فه‌ری سه‌ردانه‌كانی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بووه‌ بۆ تاران و شوێنه‌كانی تر.

ساڵی 1990 وه‌ك پارتیزانێك له‌گه‌ڵ شه‌هید غه‌ریب هه‌ڵه‌دنی چۆته‌ خواره‌وه‌و تا كۆتایی مانگی 10ی ئه‌وساڵه‌ له‌ شاخی پیره‌مه‌گروون بووه‌.

ساڵی 1991 له‌ ڕاپه‌رین دا، له‌ گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فاو مه‌سعود بارزانیدا بووه‌ وه‌ك لێپرسراوی بێسیمی به‌ره‌ی كوردستانی، ساڵی 1992 له‌ سه‌ر داوای خۆی و به‌ بڕیاری به‌ڕێز مام جه‌لال بوه‌ به‌ جێگری لێپرسراوی ده‌زگای شه‌هیدانی یه‌كێتی، ساڵی 1993 بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ له‌ مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ توركیا بووه‌، رۆژی 20/6/1993 چوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌ هۆڵه‌ندا نیشته‌جێبووه‌.

خێزانداره‌و خاوه‌نی كچێك و دوو كوڕه‌ به‌ ناوه‌كانی سیڤان، سیڤه‌ر، شاد.

ماوه‌ی سێ ساڵه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌رچوونی گۆڤاری (یادنامه‌) ده‌كات له‌ هۆڵه‌ندا.

 408 جار بینراوە