سەرەکی » زانست » لە بەریتانیا پاشەڕۆی مرۆڤ دەبێتە سەرچاوەی وزە

لە بەریتانیا پاشەڕۆی مرۆڤ دەبێتە سەرچاوەی وزە

كەشتیی نوح

گەرمیی نوێبۆوەی تۆڕەكانی ئاوەڕۆ سەرچاوەیەكی گرنگی وزەن، هەربۆیە كۆمپانیایەكی بەریتانی بڕیاری داوە سوود لەو سەرچاوەیە ببینێت بۆ گەرمكردنەوەی ماڵان.

كۆمپانیای زەبەلاحی (Thames Water)ی بەریتانی لە پلانیدایە بەم نزیكانە بۆ دابینكردنی وزەی پێویست بۆ گەرمكردنەوەی ماڵان، پشت بە پاشەڕۆی مرۆیی ببەستێت.

لەوبارەیەشەوە رۆژنامەی (ئیندیپێندت)ی بەریتانی لە زاری لێپرسراوانی ئەو كۆمپانیایەوە بڵاویكردووەتەوە كە كۆمپانیاكە بەنیازە وەك هەنگاوێكی ئەزموونی گەرمای زیادی دەستكەوتوو لە پرۆسەی چارەسەركردنی ئاوی ئاوەڕۆ، وزەی پێویست بۆ گەرمكردنی (2000) ماڵی نوێی ناوچەی(كینگستۆن) لە باشووری خۆرئاوای لەندەنی پایتەخت دابین بكات.

وتەبێژی كۆمپانیاکە بەو رۆژنامەیەی راگەیاندووە: «لەبری ئەوەی هەموو ئەو ئاوە گەرمەی كە تەواو چارەسەركراوە، راستەوخۆ بگەڕێنرێتەوە بۆ ناو رووبار، نزیكەی 1|3 ی گلدەدرێتەوە و دەنێردرێت بۆ سەنتەری وزەی نوێ بۆ ئەوەی ببێتە یارمەتیدەر لە گەرمكردنی ئەو ئاوەی دەگەیەنرێتە ناوچەی نیشتەجێبوونی (كامبریج) لە كینگستۆن.

هەروەها دەڵێت: «ئەگەر ئەو ئەزموونە سەركەوتوو بوو، ئەوا دەتوانرێت ساڵانە حەوت (گێگا / سەعات) گەرمیی كاربۆنی پاشەكەوت بكرێت».

وتەبێژەكەی (Thames Water) ئەوەشی روونکردۆتەوە کە لە ئایندەدا هەوڵ دەدەن ئەم ئەزموونە فراوانتر بكەن بۆئەوەی بینا و تەلارە گشتیی و بازرگانییەكانی ناوەندی كینگستۆنیش بگرێتەوە».

(سارە بنتلی) سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیاكەش دەڵێت: «گەرمیی نوێبۆوە لە تۆڕی ئاوەڕۆوە سەرچاوەیەكی ناوازەیە، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە ببینە پێشەنگ و رۆڵمان هەبێت لە سوود وەرگرتن لە وزەی پاشەڕۆكان».

هەروەها دەڵێت: «پاراستنی ژینگە و پەرەپێدانی شتێكی زۆر گرنگە بەلای ئێمەوە و پابەندیشین بەوەی هەموو هەوڵێك بدەین بۆ دۆزینەوەی رێگەی نوێ و داهێنراو بۆ بەدێهێنانی ئامانجەكانمان لە دەیان ساڵی داهاتوودا».

ئەم پلانە بە یەكەم پلانی لەو جۆرە دادەنرێت لە ئینگلتەرادا و دەیكاتە نموونە بۆ پڕۆژە هاوشێوەكان لە ناوچەكانی دیكەی ئەو وڵاتە و ئەمەش بەشدار دەبێت لە كەمكردنەوەی دەردانی ملیۆنان تۆن لە گازی كاربۆن بۆ بەرگەهەوای زەوی.

سەرچاوە: elaph

 1,452 جار بینراوە