سەرەکی » وتار » كاروان یاروه‌یس‌ » بەبیانووی روخاندنی سایلۆكەی سلێمانییەوە

نیوه‌ی‌ دووه‌م

بەبیانووی روخاندنی سایلۆكەی سلێمانییەوە

67

پێرێ‌ (2/2/2018) سایلۆكەی سلێمانی لەگەڵ خاكدا یەكسانكرا. كاردانەوەی لەمیدیای باشووری كوردستان‌و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەشێوەیەكی خێراو بەرفراوان دروستكرد، بەڵام بەشی هەرە زۆریان جگە لەهەرا و ورژاندن‌و خستنەرووی رووكەش هیچی تر نەبوون.
بەهۆی كۆن بوونەوە، سایلۆكە چەند ساڵێكە كەڵكی كاركردنی نەماوە، جگە لەوەش ئەوسا، كە دروستكراوە ڕەچاوی ئەوە نەكراوە، كە لەداهاتوودا دەكەوێتە ناوەڕاستی شارو لەرووی نەخشەی بنەڕەتیی شار (ماستەرپلان) ناگونجێ‌، دراوەتە وەبەرهێنەران‌و لەبەرامبەردا سایلۆیەكی نوێ‌‌و پڕۆژەی دیكە دروست دەكەن. ئەمانە بیانووی ڕوخاندنی سایلۆكەی سلێمانین.
بەڵام هێشتا قایلمان ناكەن، لە گۆشەنیگای ترەوە شەن‌و كەوی ئەم بابەتە نەكەین‌و بەدەرفەتی نەزانین، لەگەڵیدا پرس‌و بایەتی تر هەڵبدەینەوە‌و وەبیری حكومەتی هەرێمی كوردستانی بخەینەوە.
سایلۆ، لە بنەما گرنگەكانی پاراستنی ئاسایشی خۆراك‌و ژێرخانی ئابووری وڵاتە. سایلۆ هاوچەرخەكان دەتوانن بە هەڵگرتنی دەیان هەزار تۆن گەنم‌و بەروبوومەكانی تری دانەویڵە، لە دۆخە كتوپر‌و قەیرانەكاندا، گەل لە برسێتی بپارێزن، بەتایبەتی بۆ وڵاتێكی وەك كوردستان، كە ئەزموونی تاڵی لەگەڵ برسێتیدا هەبێت، گرنگترە.
بۆیە روخاندنی سایلۆكەی سلێمانی دەكەمە بیانوو و لەدوو گۆشەوە قسەی لەسەر دەكەین:
یەكەم: لە دوو دەیە و نیوی ڕابوردودا، بەشی زۆری ئەو كارگە و شوێنە پیشەسازییانەی پێشتر دروستكرابوون، نەوەك نەخرانەوەگەڕ و دەیانی تریش دروستنەكران، بەڵكو لەكارخران‌و نۆژەن نەكرانەوە، سەرباری ئەوەیش سەدان فەرمانبەریشیان بۆ دامەزرێنرا.
بۆ وڵاتێك ژێرخانەكەی داتەپی بێت‌و تاكە سەرچاوەی داهاتی نەوت بێت‌و لە قەیرانی قووڵی داراییدا بێت‌و ئامانجی دروستكردنی دەوڵەتی هەبێت، مایەی نیگەرانییە نەك كارگەو كەرتەكانی پیشەسازی‌و كشتوكاڵ‌و گەشتوگوزار نابوژێنێتەوە، بەڵكو ئەوانی تریش یان دەروخێنرێن، یان لەكاركەوتوون.
جێگرەوەی ئەم جۆرە شوێنانەش، پرۆژەگەلێكن نابنە هۆكاری بوژانەوەی ئابوری‌و پتەوكردنی ژێرخانی كوردستان. ژمارەی مۆڵ‌و بازاڕ‌و سەنتەرە بازرگانیەكان‌و پرۆژەكانی نیشتەجێبوون‌و ڤێلا و تاوەرو شوقەكان، هێندە زۆرن، چەند هێندەی ژمارەی كارگە‌و شوێنە پیشەسازی‌و بەرهەمهێنەكانن.
دووەم: میدیای باشوری كوردستان، هەر خەریكی هەڵدانەوەو ورژاندن‌و خستنەڕووی رووكەشانەیە. گرنگیی بە پرسە سیاسی‌و ئەمنیەكان دەدەن بەشێوەیەكی سەرەكی‌و پرسەكانی تریش لاوەكین. ئەگینا سایلۆ و كارگە و شوێنە پیشەسازییەكانی تر، چەند ساڵێكە پەكیان كەوتووە، كاری لەسەر ناكەن. بەڵام كە سایلۆی سلێمانی لەگەڵ خاكدا یەكسان دەكرێ‌، تەنها وێنەی سەرنجڕاكێشی تەقاندنەوەكەی بەپلەی یەكەم دەخەنەڕوو.
ڕاستكردنەوەی هەڵەو چەوتیەكانی ڕابردو، بەم ئیرادەو بێ‌ پلانیەی ئێستا ناكرێ‌، پرۆژەكانی وەبەرهێنان لەسەر بنەمای پێویستیی وڵات دابەشدەكرێ‌، زەوی بەبەهای شارەكانیش بەپێی نەخشەی بنەڕەتی‌و پێویستی شار، بۆ پرۆژەكان دابەشدەكرێ‌، بەڵام لەكوردستان هەرگیز بەمشێوەیە نییە، لەسەر بنەمای قازانجی خێراو زۆرو بەرژەوەندی دابیندەكرێن.
بۆ لەمەودوا، تا عیراق گەنمی جووتیارانی كوردستان بە منەتەوە نەكڕێ‌‌و دواتریش پارەكەشی نەدات، یان لەبێ‌ سایلۆیدا لەبەرهەتاو خراپ نەبێ‌، پێویستیمان بە سایلۆ هەیە لەهەموو ناوچەكان، بۆئەوەی قەیرانی سووتەمەنی دروست نەبێت، پێویستیمان بە پاڵاوتنگەو كۆگای سووتەمەنی هەیە. تاوەكو سزای سیاسی سنورەكانمان بەسەردا دانەخەن، پێویستیمان بە بوژانەوەی كشتوكاڵ‌و پیشەسازی‌و بەروبوومی ناوخۆیی هەیە.
بۆئەوەی چاومان لەدەستی عەبادی‌و هاتن‌و نەهاتنی مووچەی بەغدا نەبێت، پێویستیمان بەخوداچوونەوەی بنەڕەتیی هەیە، ئەمەش ئیرادەیەكی بەهێزی نیشتمانیی ئەوێت، نە بە بێباكی‌و نە بە موزایەدەو چەواشەی سیاسی لایەنەكان دەكرێ‌.

 578 جار بینراوە