سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » سوودمەند و زەرەرمەندی شەڕی عەفرین

سوودمەند و زەرەرمەندی شەڕی عەفرین

وا بۆ ماوەی دوو هەفتە دەبێت ، سوپای تورکیاو میلیشیا بەکرێگیراوەکانی لەسوریا، پەلاماری شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانیانداوە. تورکیا بەوپەڕی هێزی سەربازیی و ئابووریی و سیاسیی و میدیایی و دیپلۆماتی خۆی لەم شەڕەدا لەدژی کورد بەکاردەهێنێت، کوردیش ناچارە بەوپەڕی هێزو توانای خۆیەوە بەرگری لەخۆی بکات. زۆرێک لەمیدیاکانی جیهانیش لەشرۆڤەی ئەم شەڕەدا پێیان وایە، ئەم جەنگە تەنها ئەم دوولایەنە ناگرێتەوە، بگرە کۆمەڵێک هێزو لایەنی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی تێدا بەشدارن.

ئەمریکا پریشكی ئاگرەکەی بەردەکەوێت
هەرچەندە ئەمریکا پشتگیری هێزە کوردیەکانی لەسوریا کرد، لەهەمانکاتیشدا تورکیا بەهاوپەیمانی خۆی دەزانێت، تاڕادەیەکی زۆریش هەوڵیداوە کە خۆی لەم جەنگە دووربخاتەوەو ئەم دوو دۆستەی لەدەستدەرنەچێت، بەڵام لەکۆتاییدا پریشکی ئەم ئاگرەی هەر بەردەکەوێت.

رۆڵی ستراتیژی نوێی سەربازی ئەمریکا لەم شەڕەدا
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئەمساڵ ئەمریکا ستراتیژییەکی سەربازیی و سیاسی خۆی داڕشت، بەپێی ئەو ستراتیژییە نوێیە، هەریەک لەروسیاو چین بەدوو نەیاری سەرەکی خۆی دادەنێت. روسیاش لەم جەنگەدا لایەنێکی سەرەکییە. جگە لەوەش خاڵێکی گرنگی تری ستراتیژی نوێی ئەمریکا، کەمکردنەوەی هەژموونی ئێرانە لەناوچەکە. لەئێستاشدا تاکە لایەنی جددی و بەهێز لەسوریا کەئەمریکا دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت، کوردە. بۆیە بڕوای من راستە ئەمریکا کەمێک چاوپۆشی لەتورکیا کرد، بەڵام ئەمە مانای لەدەستدانی کورد بەتەواوەتی ناگەیەنێت، چونکە گەر ئەمریکا واز لە کورد بهێنێت، هیچ رۆڵێکی لەسوریا نامێنێت و لەبەرامبەر روسیا و ئێراندا زۆر لاواز دەردەکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە کورد لەرۆژئاوا ئاگاداری ئەم لایەنە بن هێندە لە لایەنی ئەمریکی تاریکبنین نەبن.

میلیشیا بەکرێگیراوەکانی تورکیا
رۆژنامەی کەیهانی ئێرانی لەراپۆرتێکیدا باسی لایەنێکی تری ئەم شەڕە دەکات ئەویش بریتییە لە گرووپە چەکدارە بەکرێگیراوەکانی تورکیا لەسوریا. ئەوانیش بریتین لەو هەزاران چەکدارە ئیسلامییە توندڕەوەی کەخۆیان لەژێر ئاڵای بەرەی نووسرە، فەیلەقەی رەحمان، ئەحرار شام، سوریای ئازاد شاردۆتەوە. ئەو رۆژنامەیە دەڵێت: کوردەکان بەهۆی هێزو توانا سەربازییانەوەو ئەو ئەزموونەی کەچەندین ساڵە لەشەڕی دژی داعش پەیدایان کردووە، وایکردووە کە بتوانن رووبەروی سوپای وتورکیا چەکدارە بەکرێگیراوەکانی بوەستنەوە. ئەمەش وادەکات کەبەشێکی زۆری توانا سەربازییەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە لەناوبچێت، چونکە تورکیا نایەوێت سوپاکەی خۆی بەشداری ئەم جەنگە بکات و زەرەری زۆری بەربکەوێت. لەکۆتایشدا ئەمە بەزەرەری تورکیا دەشكێتەوە، چونکە ئەو گروپە چەکدارانە، لەرووی توانای سەربازییەو لاوازدەبن یان لەناودەچن، ئەمانیش « واتە گرووپە ئیسلامییەکان» کارتێکی سەرەکی دەستی تورکیان لەسوریا.

تورکیا
هەر ئەو رۆژنامەیە باسی تورکیا دەکات کەلایەنێکی سەرەکی ئەم شەڕەیە، ئەو رۆژنامەیە دەڵێت: پاشئەوەی هێزە کوردییەکان توانییان هەژموونی خۆیان لە ناوچەکە بەهێزبکەن، هەروەها بەهۆی نەمان و لاوازبوونی چەتەکانی داعش، هەروەها بەهێزبوونی سوپای سوریاو سەرکەوتنەکانی لەپارێزگای ئەدلیب کەئەوەش بەهۆی پشتگیری ئێران و روسیاوە بوو، هەروەها بەهۆی تێگەیشتنی روسیاو ئەمریکا لەبارەی سوریاوە، هەموو ئەمانە وای لەتورکیا کرد، هەست بەترسێکی گەورەبکات. هەربۆیە دوایین کارتی خۆی بەکارهێنا کەئەم شەڕە بکات. هەرچەندە ئەم شەڕەش بەبڕوای رۆژنامەکە، بە دەرئەنجامی کارەساتباری بۆ تورکیا دەبێت، چونکە رووبەروی هێزێکی گەورە دەبێتەوە کەبەرەنگاری سوپای تورکیا دەکات . هەرچەندە رۆژنامەکە باس لەوە ناکات، تورکیا هەردەبوایە بێتە ناوشەڕەکە، ئەوەش پەیوەندی بەعەقڵیەتی فاشیستی تورکیاوە هەیە، کەهیچ کاتێک چاویان بەریی نایەت ، کوردێکی بەختەوەر ببین. هەروەک ئەردۆغان وتی: ئێمە دژی دەوڵەتی کوردین تەنانەت لەئەفریقاش بێت.

کورد ناچارە بەرگری بکات
گەرچی لایەنێکی تری سەرەکی ئەم شەڕە کوردە. لێرەدا کورد بەناچاری دەبێت بەرگری لەخاک و نیشتمان و خەڵکی خۆی بکات. هەربۆیە ئەو شەڕە بۆتە شتێکی گرنگ کەپەیوەستە بەبوونی کورد لەسوریاوە. لەبەرئەوە ناچارە رووبەروی ئەم لەشكرکێشییەی تورکیا بێتەوە. لەلایەکی تریشەوە ئەم شەڕە وەکو تاقیکردنەوەیەک وایە بۆکورد بەلای زلهێزەکانەوە، دەیانەوێت بزانن ئایا تاچەندە کورد دەتوانێت لەبەرامبەر تورکیادا بوەستێتەوە. هەربۆیە بەرەنگاربونەوە و بەرگریکردن، زۆر گرنگە بۆ کورد و ناچارە چەندیش قووربانی بدات، رووبەروی لەشكری تورکیا و هاوپەیمانەکانی بێتەوە.

سێ لایەنە سوودمەندەکانی ئەم شەڕە
هەرچەندە ئەم شەڕە ماڵوێرانی بۆ کورد دەهێنێت و تورکیا و هاوپەیمانەکانیشی زەرەرمەند دەبن، لێ وەکو هەمووکاتێک، لەم شەڕەدا چەند لایەنێک سوود مەند دەبن، لەسەروو هەموشیەوە رژێمی سوریا و روسیا و ئێرانە.

رژێمی سوریا سوودمەندە
لەم شەڕەدا رژێمی بەشار ئەسەد سوودمەندی سەرەکییە، چونکە لەلایەکەوە تورکیا و میلیشیا ئیسلامییە توندڕەوەکانی نۆکەری ، دوژمنی سەرکیی ئەون و رۆڵێکی وێرانکەرییان لەم شەڕەدا هەبووە، لەلایەکی تریشەوە رژێمی بەشار ئەسەد بەهێزبونی کورد بەترسی داهاتوو بۆخۆی دادەنێت، لەم شەڕەشدا هەردوولایەن کە دژی یەکتری دەجەنگێن، دوژمنی ئەون، هەربۆیە ئەم شەڕە بەسوود بۆ ئەو دەگەڕێتەوە.

روسیا
روسیاش بەحوکمی ئەوەی لایەنێکی بەهێزی ئەم شەڕەیە ، رۆڵی گرنگی هەیە. لەراستیدا روسیا ئامانجی تری لەم شەڕەدا هەیە. لەلایەک دەیەوێت وانەیەک بەکوردەکان بدات، چونکە ئەوان زۆر لەئەمریکا نزیکبوونەوە، لەلایەکی تریشەوە لەم شەڕەدا روسیا سودمەندە، چونکە بەلاوازبوونی تورکیا و میلیشیا سەربازییەکانی نۆکەری لەلایەک و کورد لەلایەکی تر، لایەنی سێهەم بەهێز دەبێت کەئەویش رژێمی سوریایە کە هاوپەیمانی سەرەکی روسیایە. هەروەها ئەم شەڕە گرژی دەخاتە نێوان تورکیا و ئەمریکاوە، کەئەمەش هەربە سوود بۆ روسیا دەگەڕێتەوە.

ئێرانیش سودمەندە
لایەنێکی تری سوودمەندی ئەم شەڕە ئێرانە، چونکە ئێرانیش لەلایەکەوە نایەوێت کورد هێندە بەهێزبێت کە ترسی بۆ یەکپارچەیی سوریا هەبێت، هەروەها تورکیا و میلیشا بەکرێگیراوەکانی لەسوریاش لاوازدەبن، ئەمەش هەر بەسود بۆ ئەو دەگەڕێتەوە، چونکە ئەوانیش دژی رژێمی سوریان کە هاوپەیمانی ئێرانە. لەبەرئەوە ئێرانیش لەم شەڕە سوودمەندی سەرەکییە.

دەرئەنجام
لەکۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کەئەم شەڕەی کە ئەردۆغان وحکومەتەکەی بەسەر گەلی کورددا سەپاندویانە، هیچ سوودێکی بۆ تورکیا نابێت، لێ هێندە عەقڵیەتی فاشیزمی تورکی زاڵە بەسەریاندا، وایان لێهاتووە تەنانەت گوێ بەزەرەری خۆشیان نەدەن. لەلایەکی تریشەوە کورد لەم شەڕەدا بەتیابەتی هێزەکانی یەپەگە، گەر بتوانن بەرەنگاری ئەم شەڕە ببنەوە، ئەوا جارێکی تر دەیسەلمێنن کەبە هێزترین لایەنی سوریان، کەئەمەش هێندەی تر رەسیدیان لە پێودانگە نێودەوڵەتییەکان بەرزتر دەکاتەوە. گەرچی هەریەک لەروسیا و ئێران و رژێمی سوریاش ، لایەنی سودمەندی سەرەکین، بەڵام ئەوانیش ناتوانن تا کۆتایی هەر لەدوورەوە سەیری شەڕەکە بکەن، بەتایبەتی روسیا، زەرەری زۆر دەکات، چونکە ئەم سیاسەتەی ئێستای درزێکی گەورەی خستە نێوان کوردو روسیاوە، کەجارێکی تر برینی کۆماری مەهابادی هێنایەوە یادی هەموو کوردیك. دەمێنێتەوە ئەمریکا، کەئەویش لەکۆتاییدا ناچار دەبێت بەشێوەیەکی ووردتر لەسیاسەتی بەرامبەر کوردو تورکیا بڕوانێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لیبیا بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟

ئێمە لە رێگەی معەمەر قەزافییەوە ناوی لیبیامان بیستووە، چونکە قەزافی ...