سەرەکی » زانست » كتێبێك دەتوانێت تەندروستییەكی باشمان بۆ مسۆگەر بكات؟

كتێبێك دەتوانێت تەندروستییەكی باشمان بۆ مسۆگەر بكات؟

كەشتیی نوح

زۆرن ئەو كتێبانەی كە بە خوێندنەوەیان مرۆڤ دەتوانێت لە دۆخە هەستیارە جیاوازەكاندا پەنای بۆ بەرێت و نەك بە تەنها سوودێكی مەعریفیی پێببەخشێت، بەڵكو هەستێكی ئاسودەشی دەداتێ، كتێبی (تۆ ئەو پارووەیت كە دەخۆیت)ی پڕۆفیسۆر هیوا عومەر ئەحمەد یەكێكە لەو كتێبانە كە دەتوانێت هەمان كاریگەریی هەبێت.

ئەم كتێبە كۆمەڵێك زانیاریی گرنگیی لە خۆگرتووە دەربارەی ئەو خواردنانەی كە هەر یەكێك لە ئێمە رۆژانە و بە درێژایی ژیانمان دەیانخۆین و زیان و سوودی زۆربەی ئەو خۆراكانەی تێدا باسكردووە.

لەم كتێبە(١٨٥) لاپەڕەییە قەبارە مامناوەندەدا دكتۆر هیوا بەپێی پسپۆڕییەکەی خۆی وەك پزیشكێك و بە زمانێكی كوردیی پەتی وەك نووسەرێك كە ماوەیەكی زۆرە لە بواری نووسیندا نەك بە تەنها لە كایەی پسپۆڕییەكەی خۆی، بەڵكو وەك ئەدیبێكیش چەندین بەرهەمی لە ناو كتێبخانەی كوردیدا هەیە، زانیارییەكی باشی دەربارەی ئەو خۆراكانە خستووەتەڕوو و چەند خۆراكێكی سەرەكی و رۆژانەی وەرگرتووە و بە روونی باسی لە سوود و زیانەكانی هەر یەك لەو خۆراكانە كردووە و كاریگەریی ئەو خۆراكانەشی خستووەتەڕوو كە دەبنە هۆی چەند نەخۆشییەك كە ئێستا بوونەتە نەخۆشیی سەردەم و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و بە پێی راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری تەندروستی و خۆراك، ساڵانە بە هۆی شێوازی خراپی خواردن و شێوازەكانی تری ژیانەوە بە سەدان هەزار كەس تووشی ئەو نەخۆشییانە دەبن و بە هەزارانیشیان بە هۆی ئەو نەخۆشییانەوە گیان لەدەست دەدەن كە گرنگترینیان نەخۆشیی شەكرەیە بە هەردوو جۆری یەكەم و دووەم و نەخۆشییەكانی دڵ و مێشك و نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و قەڵەوییە كە ئێستا لە هەندێك وڵات و لە ئەمریكا بە تایبەتی بۆتە یەكێك لە نەخۆشییە باوەكان.

كتێبەکەی دکتۆر هیوا كراوە بە (٩) بەشەوە لەهەر بەشێكدا سەرنج خراوەتە سەر لایەنێكی گرنگی پەیوەندیی خۆراك و تەندروستیی مرۆڤ و لە هەمووشیی گرنگتر سەرنجی زۆر خراوەتە سەر بابەتی پارێزكردن بۆ ئەوانەی دەیانەوێت كێشیان دابەزێنن و هەریەك لە شێوە باوەكانی پارێزی دەستنیشانكردووە و زیان و سوودی هەریەكەشیانی روونكردۆتەوە.

پێویستە بوترێت، گرنگیی ئەو كتێبە لەوەدایە كە زۆربەی ئەوانەی دەیانەوێت ئاشنابن بە گرنگیی هەندێك خۆراك و زیانبەخشیی هەندێكی تریان، دەتوانن زانیارییان دەست بكەوێت و پاشخانیی زانستیی خۆیان دەوڵەمەند بكەن.

ماوەتەوە بڵێین ئەم كتێبەی پڕۆفیسۆر د. هیوا عومەر ئەحمەد لە ساڵی (٢٠٢١) لە لایەن چاپخانەی پیرەمێردەوە بە تیراژی (١٠٠٠) دانە لە سلێمانیی لە چاپدراوە.

 232 جار بینراوە