سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » لە چوارڕیانی بەتەمای خوای هەولێر خەڵکی بەتەمای خوان

لە چوارڕیانی بەتەمای خوای هەولێر خەڵکی بەتەمای خوان

فولکەیەکی سوڕانەوە هەیە لە هەولێر هەر کەسێ پیایدا تێپەڕدەبێت، دەڵێت بەتەمای خوا-ین، بەو مانایەی گەرەنتی رۆحی خۆی ناکات و خۆی دەداتە دەست خوا.

هەولێر هاوشێوەی شارەکانی دیکە چەندین چوارڕیان و فلکەی سواڕنەوەی تێدایە و هەریەکەیان بەگوێرەی مێژووی شوێنەکە یان ئەو گەڕەکەی لێوەی نزیکە ناوێکی تایبەتی بۆ دانراوە، یەکێک لەوانە چوارڕیانی شێخی چۆلی یە، کە نزیکە لە منارەی چۆلی و سەنتەری شار و قەڵا و پارێزگا بە پارکەکانی شانەدەر و منارە دەبەستێتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو فولکەیە زیاتر لە چوار یەکتربڕی هەیە، زۆرجار رووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە و خەڵکی بەتایبەتی شوفێران بە هەستیارییەوە پێدا تێدەپەڕن، هەر ئەمەش وایکردوصە لەنێو خەڵکی ناوی بنێن (فولکەی بەتەمای خوا).

تاکو ئێستا مەترسی هەیە
ئومێد سیان، شوفێرێکی تەکسیە لەناو شاری هەولێر، رۆژانە بە ناو شاردا دەسوڕێتەوە، لەبارەی ئەو فلکەیەوە بۆ کوردستانی نوێ، وتی: ماوەی چەند ساڵێکە بەو شوێنە هاتوچۆ دەکەم، بەڵێ ئێستاش لەگەڵ ئەوەی رێکخراوەتەوە تاکو ئێستا مەترسی هەیە، بەو پێیەی لەلایەکی گۆڕەپانەکە ترافیک دانەنراوە و ئۆتۆمبێلەکان لە یەک کاتدا توشی یەکتربڕدەبن، بەتایبەتی لەو کاتانەی خەڵکی گەشتیار و بیانی پێیدا تێدەپەرن و مەترسی زیاترە و جەنجاڵی زیاتر دروستدەبێت، وتیشی: جگە لە خەڵکی بیانی هەروەها بەشێک لە گەنجان و ئەوانەی تازەفێری شۆفێری دەبن، بەشێوەیەکی زۆرخێرا بەو فولکەیە تێدەپەڕن و رەچاوی هەستیاری شەقامەکان ناکەن، بۆیە زۆرجار رووداوی نەخوازراوی لێدەوکەێتەوە.

رووداوی زۆر تیایدا رویداوە
هەروەها شوفێرێکی دیکە بەناوی هاشم عەبدولرەحمان بۆ کوردستانی نوێ وتی: هەر کەسێک رێگای بکەوێتە نزیک ئەو فولکەیە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ هەست بەجۆرێک لە ترس و بەئاگا هاتنەوە دەکات، چونکە پێشتر رووداوی زۆری تیایدا روویداوە، وەکو دەڵێن خەڵک لێ ترساوە، بۆیە شوفێران بە هەستیاریەوە بەو فولکەیە تێدەپەرن، پێشیوابوو: لەبەر ئەوەی لەو فولکەیەدا لە چەندین لاوە ئۆتۆمبێل دێت و دەچێت کۆنترۆڵکردنی هەندێک زەحمەتە، راستە ترافیک دانراوە، بەڵام لە هەندێک شەقام مەترسیەکەی هەرماوە، بەتایبەتی کاتێک لە شەقامی سی مەتری بەلای ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەڕۆیت و دەتەوێ بچیت بۆ لای شیراتۆن و هۆڵی میدیا هیچ ترافیکێک نیە، لەهەمان کاتدا ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە سەنتەری شار بیانەوێ بچن بۆ پارکی شانەدەر یان شەست مەتری بەهەمان ئاراستەی ئەو شەقامە دێن بەمەش مەترسی پێکدادان دروستدەکات، ئەگەر زۆر وریا نەبن.

لەلایەکی دیکەوە خەسرەو حاجی مستەفا وەک خاوەن دوکانێک لە نزیک منارەی چۆلی وتی: هۆکاری دروستبوونی جەنجاڵی و ناڕێکی لەو فولکەیە بۆ منارەی چۆلی دەگەڕێتەوە، چونکە وەک شوێنێکی مێژوویی نەتوانراوە دەستکاری ئەو شوێنە بکرێت و شەقامەکە فراوان بکەن، هەروەها دروستکردنی هەردوو پارکی منارە و شانەدەر وایکردوە هاتوچۆ و تێپەڕبوون بە گۆڕەپانە کە بە (فولکەی بەتەمای خوا) ناسراوە زیاتر بێت.

شۆفێرانیش پابەندنی رێنماییەکان نابن
ئەو دوکاندارە ئاماژەی بەوەشکرد: شوفێران پەلەدەکەن و پابەندی رێنماییەکان نابن، بەهۆی ناوەکەیەوە (فولکەی بەتەمای خوا)، هەندێک لە شوفێران واهەست دەکات هیچ پابەندبوونێک نییە و چۆنی بوێت وا دەڕوات.

بە چوارڕیان هەژمارناکرێت
لە میانەی بەدواداچوونەکەماندا هەندێک لە خەڵکی پێێ دەوت فولکەی بەتەمای خوا-ین، هەندێک پێی دەوت چوارڕیان، بەڵام وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند کە چوارڕیانیش نییە و پێی دەوت گۆڕەپان!، فازل حاجی وتەبێژی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەم گۆڕەپانە بە چوارڕیان هەژمارناکرێت، چونکە لەشەش لاوە ئۆتۆمبێل یەکتردەبڕن، لەلایەک یەکتربڕی شەقامی سی مەتری، لەلایەکی تر شەقامی سوڵتان مزەفەر و قەڵا بۆ پارکی شانەدەر و شەست مەتری دەڕوات، ئەمە جگە لەوەی ئەو شەقامەی لە ناو سەنتەری شار دێت ئاراستەیەکی بەرەو شەقامی سوڵتان مزەفەرو دوو ئاراستەکەی دیکە بۆ سی مەتری و پارکی شاندەر تێدەپەڕێت.

پێویستی بەژێر پرد و بەرزە پرد هەیە
وتبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر راشیگەیاند: رێکخستنەوەی فولکەی شێخی چۆلی مانای کۆتایی کێشەکانی ئەو شوێنە ناگەیەنێت، بەڵکو ئێستاش مەترسی رووداوی هاتوچۆی هەیە، بەتایبەتی کاتێک کارەبا نابێت ترافیکەکان کارناکەن، پۆلیسێکی هاتوچۆش بە تەنیا ناتوانێ کۆنترۆڵی شەش لابکات.

پێشیوابوو: بۆئەوەی کێشەی ئەو شوێنە بە یەکجارەی چارەسەر بکرێت و خەڵکی چیتر ناوی نەنێن (فولکەی بەتەمای خوا)، پێویستی بەژێر پرد و بەرزە پرد هەیە، ئەوکات ئۆتۆمبێل و پیادەڕۆ دەتوانن بەئاسانی هاتوچۆ بکەن، رووداوەکانی تێدا کەمتربێتەوە.

 176 جار بینراوە