سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » سیسی لە سوێس هەڕەشەیەكی ئاگرین دەكات

سیسی لە سوێس هەڕەشەیەكی ئاگرین دەكات

دیارە ململانێی و كێشەی نێوان میسر و ئەسیوپیا سەرهەڵدەداتەوە، دوای ماوەیەك لە هێمنی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، ئەوەش بە روونی لە پەیامەكەی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر كە لە شوێنی چەقینی كەشتییە بارهەڵگرەكەی نۆكەندی سوێس دەركەوت، كە تێیدا هەڕەشەی لە ئەسیوپیا كرد لە سەر مەسەلەی بەنداوی نەهزە.

قسەكانی سیسی لە میانەی چارەسەری كێشەی كەشتییە بارهەڵگرەكە هات لە نۆكەندی سوێس، كە سەرۆكی میسر كردی بە دەرفەتێك بۆ ناردنی پەیامێك بۆ ئەسیوپیا، سەبارەت بەكارتەكانی گوشاری دەستی میسریش بەرامبەر بە ئەسیوپیا، ئاماژەیەكیش بوو كە قاهیرە دەتوانێت كێشە بۆ نەیارەكەی دروست بكات، ئەگەر بەردەوام بێت لە هەڵوێستەكانی سەبارەت بە بەنداوی نەهزە، بۆ نموونە میسر دەتوانێت هاتوچۆی بازرگانی بە رووی ئەسیوپیادا رابگرێت لە رێگەی بەنداوی سوێسەوە.

سیسی روونیكردەوە، كە لە ماوەی چەند هەفتەی كەمی داهاتوودا جووڵە و هەوڵی زیاتر دەدرێت بۆ دانوستان لەسەر كێشەی سەدی نەهزە، بەو هیوایەی بگەن بە رێكەوتنێكی یاسایی و دادپەروەرانە بۆ ئەو كێشەیە. وتیشی، زۆر قسە ناكەین، بەڵام ئەوەندە دەڵێین، كەس ناتوانێت دڵۆپە ئاوێكی میسر بۆخۆی بەرێت، ئەگەر كەسیش بیرۆكەی لەو جۆرەی لە مێشكدایە، با بێت تاقیمان بكاتەوە، چونكە هەر هەوڵێك لەو رووەوە بدرێت ئەوا ناسەقامگیریی لە ناوچەكەدا دروست دەكات بە شێوازێك كە بە خەیاڵی كەسدا نەیەت».

جەختی لەوەش كردەوە، كە میسر هێز و توانای زۆرە و دەستی بەزۆر شوێن دەگات، سەرچاوەی ئاوی وڵاتەكەش هێڵی سوورە و پەرچەكرداری توندی قاهیرەی لێدەكەوێتەوە.. وەكو ئاماژەیەك بۆ هەوڵەكانی ئەسیوپیا بۆ گلدانەوەی ئاوی نیل لەرێگەی بەنداوی نەهزەوە.

سەرۆكی میسر هەروەها لە وڵامی ئەو لایەن و وڵاتانەی داوای دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤیان كردووە بۆ نۆكەندی سوێس، كە گرنگی زۆری بۆ بازرگانی جیهان بە گشتی و بۆ میسر و داهاتی ئەو وڵاتەش بەتایبەتی هەیە وتی: «نۆكەندی سوێس پێگەیەكی بازرگانیی نێودەوڵەتییە و بە توانای خۆیەوە دەمێنێتەوە و بەردوام دەبێت، چونكە گۆڕینی ئاراستەی ئەو كەشتییانە بە رێگەیەكی تردا بە تایبەتی ئەفریقا و تێچوو و هەروەها كاتی زیاتری دەوێت.

چەندین وڵات و سیاسەتمەدار و كۆمپانیای جیهانیش، لە دوای كێشەی چەقینی كەشتی بازرگانی و بارهەڵگری (زە گیڤن)ی ژاپۆنی لە نۆكەندی سوێس، كە بووە هۆی راوەستانی هاتۆچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەو نۆكەندەدا كە 8%- 12% بازرگانی جیهانی پێكدەهێنێت، داوایان كردبوو رێگەی تر بدۆزرێـتەوە، بە مەبەستی رێگرتن لە هەر كێشەیەكی تری لەو جۆرە لە ئایندەدا.

دەمێنێـتەوە بڵێین كێشە و ململانێی نێوان میسر و سودان لەلایەك و ئەسیوپیا لەلایەكی ترەوە، لە بەرزیی و نزمیدا دەبێت، تا گەیشتن بە چارەسەرێكی بنبڕ و دادپەروەرانە، ئەگەرنا مەترسی شەڕێكی گەورەی لێ دەكرێـت، لەبەرئەوەی سودانیش لەسەر زاری عەبدولفەتاح بورهان، هاوشێوەی سیسی، جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە وڵاتەكەی ئامادەی هەر ئەگەر و سیناریۆیەكە لە قەیرانەكەیدا لەگەڵ ئەسیوپیا.

 414 جار بینراوە