سەرەکی » زانست » ئەختەبوت وەك مرۆڤ دەخەوێت و خەون دەبینێت

ئەختەبوت وەك مرۆڤ دەخەوێت و خەون دەبینێت

كەشتیی نوح

توێژینەوەیەكی نوێ دەریخستووە (ئەختەبوت) كۆئەندامێكی دەماری ئاڵۆزی هەیە، بەڵام شێوازی خەوتنی هاوشێوەی مرۆڤە.

توێژینەوەیەكی زانایانی بواری زانستی كۆئەندامی دەمار لە پەیمانگای تایبەت بە مێشك و دەماری سەربە زانكۆی فیدرالیی ریۆگراندی دونورتی بەرازیل ئاشكرایكردووە کە ئەختەبوت كە بە زیرەكترین گیانداری بێبڕبڕەی دەریایی دادەنرێت، دوو شێوازی خەوتنی هەیە كە تاڕادەیەك هاوشێوەی مرۆڤە، ئەوان ئاماژە بەوەش دەدەن كەرەنگە ئەو گیاندارە وەك مرۆڤیش خەو ببینێت.

زاناكان دوای توێژینەوەكەیان ئەوەیان خستۆتەڕوو كە ئەختەبوت كۆئەندامێكی دەماریی ئاڵۆز و پێشكەوتووی هەیە بە بنەڕەتی ئەو هەڵسوكەوتانەی دادەنرێت كە هەیەتی و هەروەها دەڵێن: لە هەمان كاتیشدا تێڕوانینێكی بەرفراوانترمان دەداتی بۆ گەشەكردنی خەو كە یەكێكە لە ئەركە گرنگە زیندەییەكان.

پێشتر ئەوە زانرابوو كە ئەختەبووت دەخەوێت و لەكاتی خەویشدا رەنگی دەگۆڕێت، بۆ ئەمەش زاناكان جۆرێكی ئەختەبوتیان لە تاقیگەدا خستە ژێر چاودێرییەوە كە بە (ئەنسۆلاریس) ناسراوە و سەرنجیاندا گۆڕینی رەنگی ئەو گیاندارە پەیوەندیی بە دوو جۆری جیاوازی خەوەكەیەوە هەیە كە ئەوانیش (خەوی هێمن) و (خەوی چالاكە).

زاناكان لەوبارەیەوە دەڵێن: لە كاتی خەوی هێمندا ئەختەبوتەكە بێدەنگ و جووڵەیە و پێستیشی كەم رەنگ دەبێت و چاوەكانیشی دادەخرێن، بەڵام لەكاتی خەوی چالاكدا رەنگی پێستەكەی دەگۆڕێت و چاوەكانی دەجووڵێن و لەشی دەچێتەوە یەك و ماسوولكەكانی گرژدەبن، هەروەها خەوی هێمنی ئەو گیاندارە حەوت خولەك و خەوی چالاكیشی یەك خولەك دەخایەنێت».

هەروەها دەڵێن: ئەو سووڕی خەوە تاڕادەیەك لە جووڵەی خێرای چاو و جووڵەی خاوی چاو دەچێت كە دوو قۆناغی خەوتنی مرۆڤ و شیردەرەكانی تر و باڵندە و خشۆكەكانیشە، سەبارەت بە مرۆڤ خەوبینینەكانی لەكاتی خەوتنی جووڵەی خێرای چاودایە و لەوكاتەدا هەناسەدان ناڕێك دەبێت و تێكرای لێدانی دڵیش ناڕێك و ماسوولكەكان گرژ دەبن، هەرچی خەوی قۆناغی جووڵەی خاوی چاوە قووڵترە و لەم قۆناغەدا خەوبینین كەمترە».

ئەنجامەكانی ئەو توێژینەوەیە دەریانخستووە كە رەنگە ئەختەبوت وەك مرۆڤ خەو ببینێت یان شتێكی هاوشێوەی ئەوە بێت، بەڵام چونكە ماوەی خەوتنەكانی كەمە رەنگە هەندێك دیمەنی بچووكی وێنەیی یان هەر چەند وێنەیەك بێتە بەرچاوی ئەو گیاندارە.

مەبەستی سەرەكی لەم توێژینەوەیەش تێگەیشتنێكی نوێیە لە بنەڕەتی خەو و گەشەكردنی شێوازەكانی خەوتنی مرۆڤ بە تێپەربوونی سەردەمەكان.

سەرچاوە: الشرق الاوسط

 118 جار بینراوە