سەرەکی » راپۆرت » ئەمساڵ پارە بۆ تەواوکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی کرێنشینان خەرج دەکرێتپەڕە 3

ئەمساڵ پارە بۆ تەواوکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی کرێنشینان خەرج دەکرێت

ئەسرین محەمەد

کەمال ئەحمەد سەرۆکی خێزانێکی شەش کەسییە ماوەی 18 ساڵە کرێچییە و مانگی 300 هەزار دینار کرێی خانوو دەدات، چەند ساڵێکیشە فۆرمی تایبەت بە وەرگرتنی یەکەکانی کرێنشینانی پڕکردووەتەوە و چاوەڕوانە لەو رێگەیەوە لە کرێچییەتی رزگاری ببێت کەمال وتی:» تەنها ئومێدم بۆ بوون بە خاوەنی خانوی خۆم ئەو یەکانەیە کە بۆ کرێنشینان دروستکراون ئەوانیش تەواو ناکرێن و چەندین ساڵە دەستی دەستیمان پێ دەکەن».

لە هەرێمی کوردستان دەیان خێزانی کرێچی هەیە کە بەهۆی قەیرانی دارایی و لێبڕینی مووچە و زۆربوونی بێکارییەوە دۆخی گوزەرانیان باش نییەو مانگانە توانای دابینکردنی کرێ خانوویان نییە، لە هەمان کاتدا فۆڕمی یەکەکانی کرێنشینانیان پڕکردووەتەوە و بەهیوان تەواو بکرێن و بەسەریاندا دابەش بکرێن.

بێستون شەریف هاووڵاتییەکی ترە کە کرێچییە و داوا دەکات حکومەت تەواوکردنی یەکەکانی کرێنشینان بخاتە پێشەوەی کارەکانی و دەڵێت:» هەژارم و ئەوەی رۆژانە پەیدای دەکەم تەنها بەشی خەرجی دەکات، توانام نییە بەشی کڕینی خانوو پارە کۆبکەمەوە و بۆیە تەنها لە رێگەی ئەو یەکانەوە دەتوانم ببمە خاوەن خانوو».

وتیشی:» تەواوکردنی ئەو یەکانە هیوای هەژارانە و دەتوانین ئەو پارەیەی مانگانە دەیدەین بە کرێ خانوو بیدەینە مانگانەی ئەو یەکانەی بۆ کرێنشینان دروستکراوە و بەو شێوەیە لە کرێچییەتی رزگارمان ببێت».

11 ساڵە هەزار و 500 یەکەی نیشتەجێبوون تەواوبوون و دابەش نەکراون
ماوەی 11 ساڵە هەزار و 500 یەکەی نیشتەجێ بوون لە پارێزگای سلێمانی بۆ کرێنشینان دروستکراون و907 یەکەیان لە زڕگوێزە و 503 یەکەشیان لە سیتەکە، بینای یەکەکان تەواو کراون و تەنها خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و رێگەوبان ماوە بۆیان دروست بکرێت، بەڵام بە بیانووی قەیرانی دارایی بودجەیان بۆ خەرج ناکرێت و تائێستا ماونەتەوەو بەسەر کرێنشیناندا دابەش نەکراون.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانکردنەوە لە پارێزگای سلێمانی چەند جارێک بە نووسراوی فەرمی داوایان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کردووە بۆ خەرجکردنی پارە بۆ تەواوکردنی ئەو یەکانە، پێشڕەو کەمال جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ ئاوەدانکردنەوە لە سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند:» نزیکەی مانگێك دەبێت وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاگاداریان کردوونەتەوە کە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ساڵی 2021 نزیکەی 30 ملیار دینار دابین بکەن بۆ تەواوکردنی خزمەتگوزارییەکانی یەکە نیشتەجێ بوونەکانی تایبەت بە کرێنشینان لە پارێزگای سلێمانی».

وتیشی:» پاش تەواوبوونی خزمەتگوزارییەکان بەپێی ئەو فۆرمەی پێشتر لە لایەن کرێنشینانەوە پڕکراوەتەوە بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکرێت کە بەپێی خاڵەکان دەتوانن لەم قۆناغەدا لەو یەکانە سوودمەند ببن».

بەشێک لە یەکە نیشتەجێبوونەکان تێکچوون و شێوێنراون
بەشێک لە یەکە نیشتەجێبوونەکان بەهۆی ئەوەی کەسی تێدا نییە و چاودێریان نییە تێکچوون و شێوێنراون بەتایبەت ئەوانەی زڕگوێز بەشێکیان دەرگاو پەنچەرەکانیان لەلایەن هاووڵاتیانەوە دەرهێنراوە یان ئاژەڵیان تێدا بەخێو دەکرێت بەرهەم سەردار سکرتێری گشتی کۆمەڵەی کرێنشینانی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند:» خەڵکی ناوچەکە کە خانووی خۆیان دروست دەکەن دەرگاو پەنجەرە بەپێوانەی ئەو یەکە نیشتەجێ بوونانەی کرێنشینان دروست دەکەن و دەچن دەرگاو پەنجەرەی یەکەکان دەردەهێنن و دەیانبەن بۆ خۆیان بەبێ ئەوەی کەس هەبێت لێیان بپرسێتەوە».

پاراستنی یەکەی نیشتەجێبوونەکان لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان نەتوانن تێکیان بدەن و بیانڕوخێنن یاخود کەلوپەلەکانیان دەربهێنن و بیانبەن بەرهەم سەردار سکرتێری گشتی کۆمەڵەی کرێنشینانی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند:» چەندینجار داوایان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە کە نووسراو بکات بۆ هێزە ئەمنییەکان بنکەیەک دابنێن بۆ چاودێریکردنی ئەو یەکانە، بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە».

کرێنشینان داوای پڕکردنەوەی فۆرمی نوێ دەکەن
ئەو یەکانەی بۆ کرێنشینان دروستکراون لە شاری سلێمانی لە ساڵی 2009 دا تەواو بوون و ساڵی 2013 فۆرم لەلایەن 28 هەزار خێزانی کرێنشینەوە لە پارێزگای سلێمانی پڕکرایەوە بۆ کێبڕکێی ئەو یەکانە و بە تەواوبوونیان ئەو خێزانانەی کە 11 خاڵ و 12 خاڵیان هەیە دەتوانن لەو یەکە نیشتەجێ بوونانە سوودمەند ببن.

بەشێک لە کرێنشینانیش جگە لەوەی داوای تەواوکردنی یەکەکان و دابەشکردنی دەکەن داواش دەکەن فۆرمی نوێ پڕ بکرێتەوە لەبەرئەوەی هەشت ساڵ لەمەوبەر فۆرمیان پڕکردووەتەوە و ئێستا خێزانەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، لەبەرئەوە ژمارەیەک خێزان کە پێشتر بەهۆی کەمی خاڵەکانیانەوە نەیاندەتوانی سوودمەند بن ئێستا وەرگرتنی یەکەکان دەیانگرێتەوە.

لەو یەکانەی لە سلێمانی لە چەند ساڵی رابردوودا بە ناوی کرێنشینانەوە بڕیار لە دروستکردنیان درا تەنها 567 یەکەیان لە کەڵەوانان تەواو بوون و دابەشکراون بەسەر کرێنشیناندا و ئێستا ماڵیان تێدایە جگە لەوانە هەر لە کەڵەوانان هەزار شوقەی دیکەش تەنها هەیکەلیان بۆ دروستکراوە و بەهۆی خەرجنەکردنی پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار کارکردن تیایاندا راگیراون و تەواو نەکراون.

بەپێی ئەو ئامارەی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەرێم بڵاوکراوەتەوە نزیکەی 200 هەزار خێزانی کرێنشین لە هەرێمی کوردستان هەن و 34 هەزار خێزانیان لە پارێزگای سلێمانین، بەڵام کۆمەڵەکانی کرێ نشینان باس لەوە دەکەن کە ئەو ژمارەیە تەواو نییە و ژمارەی کرێنشینان لەسە زیاترن لەبەرئەوەی بەشێکی زۆر لە کرێنشینان خۆیان تۆمار نەکردووە.

 249 جار بینراوە