سەرەکی » مانشێت » ״لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە حیكمەت و سیاسەتەكانی سەرۆک مام جەلال هەیە״پەڕە 25

״لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە حیكمەت و سیاسەتەكانی سەرۆک مام جەلال هەیە״

كۆسرەت رەسوڵ عەلی: مام جەلال چەتری كۆكەرەوەی هەموو عیراقییەكان بوو، ستراتیژ و پلانی عیراقێكی دیموكرات و فیدرال و پێكەوەژیانی داڕشتبوو

لە ساڵیادی بوونی مام بە سەرۆك كۆمار

ئەمڕۆ شانزە ساڵ تێپەڕدەبێ بەسەر هەڵبژاردنی مام جەلال بە سەرۆك كۆماری عیراق، ئەو رۆژەی لە كەشێكی دیموكراسی و لەدوای رووخانی رژێمی بەعس، سەركردەیەكی كورد بوو بە یەكەم سەرۆك كۆماری كورد لەمێژوودا.

لەم یادەدا، لەو رۆژەی كە مام جەلال-ی هەموو كورد، ئەو مام جەلال-ەی كە لێبووردنی بەعس تەنهاو تەنها ئەوی نەگرتەوە، بوو بە سەرۆك كۆماری عیراق و لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا چەتری كۆكەرەوەی هەموو عیراقییەكان بوو، ستراتیژ و پلانی عیراقێكی دیموكرات و فیدرال و پێكەوەژیانی بەبێ جیاوازی داڕشتبوو و كاری بۆ دەكرد، خەونی بوو عیراقی دوای رووخانی رژێمی بەعس، عیراقێكی دیموكرات و فیدرال بێ و هەموو عیراقییەكان لە سایەیدا بحەسێنەوە.

ئەمڕۆ، كە ساڵیادی ئەم رووداوە گرنگە مێژووییە دەكەینەوە، لە كوردستان و عیراق لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە حیكمەت و سیاسەتەكانی مام جەلال هەیە و پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆببنەوە و چارەسەری بنەڕەتیی كێشەكان بكەن و كوردستان و عیراق بگێڕینەوە سەر ئەو رێچكە راستەی كە مام جەلال و هەڤاڵەكانی خەباتمان بۆی كرد.

6ی نیسان، ساڵڕۆژی هەڵبژاردنی مام جەلال بە سەرۆك كۆماری عیراق بە دەرفەت دەزانم بڵێم: ئەو رۆژە بۆ هەموو كوردێك مایەی شانازییە، بۆ من وەك هاوڕێ و هاوخەباتێك مایەی شانازییەكی گەورە بوو كە دوای ساڵانێكی زۆر لە خەبات مام جەلال-ی برا و هەڤاڵی خۆم لەسەر كورسیی سەرۆك كۆمار بینی، ئەو مام جەلال-ەی لە ئەشكەوت و گوند و دێهاتەكانی كوردستان خەباتی نهێنی دەكرد و دەجەنگاین لەپێناوی ئازادی و دیموكراسی و رزگاركردنی عیراق لە حوكمی دیكتاتۆری، دواجار مام جەلال بوو بە سەرەڕمی ئەو ئازادییە و یەكەم سەرۆك كۆماری كوردیش بوو ناوی چووە مێژووی بنیاتنانەوەی عیراق و رزگاركردنی كوردستان.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بافڵ تاڵەبانی: دیموكراسی، تەبایی و پێكەوەژیان بناغەی سیاسەتی مام جەلال بووە و ئێمەش هەڵگری ئەو مەشخەڵە دەبین و لەسەر رێبازەكەی بەردەوام دەبین

ئەمڕۆ 16 ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك مام جەلال وەك یەكەمین سەرۆك كۆماری كورد لە مێژووی عیراق تێدەپەڕێت.

ئێمە بە شانازییەوە یادی ئەو رۆژە پڕشكۆیە دەكەینەوە. 6ی نیسان بۆ ئێمە رۆژی وەفاداری و بەردەوامیمانە بۆ درێژەدان بە سیاسەتی حەكیمانەی مام جەلال، رۆژی بەرپرسیارێتیمانە بەرامبەر نەتەوەكەمان و هەموو ئەو بەها و بڕوایانەی مام بەرگریی لێكردوون.

دیموكراسی، تەبایی و پێكەوەژیان بناغەی سیاسەتی مام جەلال بووە و ئێمەش هەڵگری ئەو مەشخەڵە دەبین. دیالۆگ و لێكتێگەیشتن ستراتیژی كاركردنمان دەبێت و لەسەر رێبازەكەی بەردەوام دەبین.

عیراق بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت، نەبوونی متمانە لەنێوان هێز و لایەنەكان و ئەنجامنەدانی دیالۆگێكی نیشتمانی لەپێناوی چارەسەركردنی كێشەكان، پێمان دەڵێت كە هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال لە رابردوودا چەند گرنگ بووە. ئەو چەترێك بوو بۆ هەموو عیراقییەكان و بە سیاسەتی حەكیمانەی خۆی هەمووانی بۆ مێزی گفتوگۆ بانگهێشت دەكرد. هەموولایەكیش ئەم راستییە دەزانن و شایەتی بۆ هەوڵی بێوچانی ئەو دەدەن لەپێناوی سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عیراق.

سڵاو لە رۆحی پاكی سەركردە و رابەرمان مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی كورستان.

بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

لاهور شێخ جەنگی: مام جەلال دەستی هاوكاری و ئاشتی و تەبایی بۆ هەمووان رادەكێشا و هەمیشە كاری بۆ بەهێزبوونی پێگەی كورد دەكرد لە بەغدا

پەیامی هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی لە ساڵیادی هەڵبژاردنی سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عیراق

ئەمڕۆ شانزە ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك مام جەلال بە سەرۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ، كە ئەو رووداوە وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە ژیانی سیاسیی عیراقی دوای دیكتاتۆری، بۆ گەلی كوردیش دەستكەوتێكی گرنگ بوو، كە بۆ یەكەم جار لە مێژوودا كوردێكی سیاسەتمەدار و مامۆستا و خەباتگێڕ و دیپلۆمات و شارەزا بە هەڵبژاردنێكی ئازادانە ببێت بە سەرۆك كۆماری عیراق.

مامی گەورەمان بە حیكمەت و دانایی و پشوودرێژییەكەی، سەركەوتن و دەستكەوتی زۆری پێشكەش بە گەلەكەی كرد بە كورد و عەرەبەوە، توانی ببێتە نوێنەر و پارێزەری هەموو پێكهاتەكان، چەتری كۆكەرەوەی هەموو بیروڕا جیاوازەكان، پارێزەری دەستوور بوو، هەمیشە لەگەڵ یەكڕیزیی و تەبایی و سەقامگیری و پێكەوەژیان بوو، دیموكراسی و فیدراڵی كردە ناسنامەی عیراقی نوێ، هەربۆیە نازناوی (صمام الامان)ی لێنرا.

لە ناوخۆشدا لەگەڵ یەكڕیزیی هەموو لایەنەكان بوو، دەستی هاوكاری و ئاشتی و تەبایی بۆ هەمووان رادەكێشا، هەمیشە كاری بۆ بەهێزبوونی پێگەی كورد دەكرد لە بەغدا، ئەو كاتەی مام سەرۆك كۆمار بوو، هەرێمی كوردستان گەشانەوە و بوژانەوەیەكی گەورەی بەخۆوەبینی. ئەمڕۆش كە بە شانازییەوە یادی ئەو رۆژە پرشنگدارە دەكەینەوە، ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڵێن دووپات دەكەینەوە كە خوێندكاری رێبازە پیرۆزەكەی مامی گەورەمان بین، بیروباوەڕە نەگۆڕەكانی مام دەكەینە پلان و بەرنامە و هەنگاوەكانی كاركردنی سیاسیمان، ئێستاش لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە سیاسەت و رێبازەكەی سەرۆك مام جەلالە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. هانی هەموو لایەنەكان دەدەین كە كۆتایی بە ململانێ كەسی و ‌بەرژەوەندییە حزبییەكان بهێنن و پێكەوە كار بكەین بۆ چەسپاندنی مافەكانی میللەتەكەمان و ژیانێكی شایستە و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بكەین.

 160 جار بینراوە