سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » خۆرهه‌ڵاتی بارگاوی به‌ كوده‌تا (ئوردن بە نموونە)

خۆرهه‌ڵاتی بارگاوی به‌ كوده‌تا (ئوردن بە نموونە)

كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی‌ ئوردن كه‌ چه‌ند رۆژی رابردوو له ‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌ بووە بابەتی رۆژەڤ، پرسی كوده‌تا له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوەڕاست و خۆرهه‌ڵات به‌گشتی بەبیر دێنێـته‌وه‌، كه‌ زۆرجار په‌نای بۆ براوه‌ بۆ گۆڕینی ده‌سه‌ڵات و رژێمه‌كان له‌م ناوچه‌یه‌ی‌ جیهاندا.

هه‌وڵی كوده‌تاكه‌ی‌ ئوردن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ کە گوایە كه‌سایه‌تییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ نێو خێزانی پاشایه‌تی‌ و بڕای شاعه‌بدوڵڵا سه‌ركردایه‌تی كردووه‌، درێژكراوەی ئه‌و كوده‌تایانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌ له ‌مێژوودا، بۆ ده‌ست به‌سه‌راگرتنی ده‌سه‌ڵات و گۆڕینی رژێمه‌كان.

ئه‌گه‌ر چاوێك به‌ مێژووی كوده‌تاكان له‌م ناوچه‌یه‌دا بخشێنینه‌وه‌، ئه‌وا چه‌ندین كوده‌تای سه‌ربازی و سیاسیمان به‌رچاو ده‌كه‌وێـت، بۆ نموونه‌ به‌كر سدقی كوردی كه‌ركوك خاوه‌نی یه‌كه‌م كوده‌تایه‌ له ‌مێژووی وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا كه‌ ساڵی‌ 1936 دژبه ‌حكومه‌ته‌كه‌ی‌ یاسین هاشمی كردی. هه‌ر له‌و كاته‌ش به‌دواوه‌ عیراق چه‌ندین كوده‌تای به ‌خۆوه‌ بینی، دوای عیراقیش، سوریا وه‌كو یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ دێت چه‌ندین كوده‌تای تێدا كراوه‌، ئینجا میسر و سودان و لیبیا و یه‌مه‌ن و جه‌زائیر و تونس و قه‌ته‌ر، بۆ وڵاتانی هه‌رێمیش ئه‌وا ئێران و توركیا له‌و وڵاتانه‌ن كه‌ چه‌ندین كوده‌تایان به‌خۆوه‌ بینیووە له ‌مێژووی خۆیاندا.

سه‌باره‌ت به‌ مێژووی كوده‌تاش له ‌ئوردن، ئه‌وا گرنگترین هه‌وڵ له‌و رووه‌وه‌، ئه‌و كوده‌تایه‌ی‌ ساڵی 1957 بوو، كه‌ چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی ئوردن هه‌وڵیاندا شا حسێنی باوكی شا عه‌بدوڵڵای ئێستا له ‌ده‌سه‌ڵات لابەرن، به‌ڵام دوای شه‌ڕ و كوشتارێكی زۆر له‌ نێوان یه‌كه‌كانی سوپا له‌ ناوچه‌ی‌ زه‌رقا كه‌ پاڵپشتی شا بوون له‌گه‌ڵ كوده‌تاچییه‌كان، دواجار هه‌وڵه‌كه‌ شكستیهێنا.

هه‌وڵه‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ش كه‌ شكستی پێهێنرا، له‌لایه‌ن میر حه‌مزه‌ی‌ كوڕی شا حسێنه‌وه‌ درا، دژبه‌ شا عه‌بدوڵڵای زڕبرای.

هه‌واڵی كوده‌تاكه‌ی‌ میر حه‌مزه‌ش، دوای گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆیی ئه‌و میره‌ هات، كه‌ چه‌ند كه‌ناڵێك له ‌سۆشیالمیدیا بڵاویانكرده‌وه‌ و تێدا ئاشكرای كردبوو، كه‌ دەستبەسەر کراوە له‌ چوارچێوه‌ی‌ هه‌ڵمه‌تێكی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئوردندا بۆ ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تیی ناو وڵاتەکە، وتیشی ئه‌و به‌شداریی هیچ پلانێكی نه‌كردووه‌، به‌ڵام ره‌خنه‌ی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئوردن گرت و به ‌گه‌نده‌ڵ وه‌سفی كرد.

لای خۆیه‌وه‌ سوپای ئوردن هه‌ر زوو ره‌تیكرده‌وه‌ میر حه‌مزه‌ له‌ژێر ئیقامه‌ی‌ جه‌بریدا بێت یان دەستبەسەر کرابێت، به‌ڵام فه‌رمانیان پێكراوه‌ رێگریی له ‌هه‌ر كار و كرده‌وه‌یه‌ك بكه‌ن كه‌«ئاسایش و سه‌قامگیریی وڵات بكاته‌ ئامانج».

لای خۆیه‌وه‌ ئه‌یمه‌ن سه‌فه‌دی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ روونیكرده‌وه‌، كه‌ میر حه‌مزه‌ و هه‌روه‌ها شه‌ریف حه‌سه‌ن كوڕی زه‌ید پلانیان بۆ تێكدانی باردۆخی وڵات دانابوو و روونیشیكردۆتەوە كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان توانیویانه‌ شکست به‌و هه‌وڵه‌ بهێنن. سه‌فه‌دی هەروەک میر حه‌مزه‌ و شه‌ریف زه‌یدی تۆمه‌تباركردووە به ‌هه‌وڵی كوده‌تا.

ده‌سه‌ڵاتدارانی ئوردن پێشتر رایانگه‌یاندبوو رۆژی شه‌ممه‌ی‌ رابردوو چه‌ندین كه‌سیان ده‌ستگیركردووه‌ له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی، بەبێ ئه‌وه‌ی‌ هۆکارەکەی روونبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام سه‌رۆكی‌ ده‌ستەی‌ ئه‌ركانی هاوبه‌شی ئوردن لیوا روكن یوسف ئه‌حمه‌د حه‌نیتی كه‌ هه‌واڵی ده‌ستگیركردنه‌كانی ئاشكرا كرد، وتی هه‌وڵی تێكدانی بارودۆخی وڵات دراوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ لەوبارەیەوە به‌رده‌وامە و دواتریش ئه‌نجامه‌كان ئاشكرا ده‌كه‌ین.

له ‌كۆتاییدا ده‌ڵێین ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵات كه‌ به‌ لانكه‌ی‌ شارستانییه‌ته‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت و وڵاتی نێوان دوو رووبار (عیراقی ئێستا) و میسری فیرعه‌ونه‌كان له‌خۆده‌گرێت، خاوه‌نی مێژوویه‌كی‌ پڕله ‌شه‌ڕو شۆڕ و ململانێی بووه‌ له ‌مێژوودا، له‌ 100 ساڵی رابردووشدا بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان و گۆڕانكاریی له ‌ده‌سه‌ڵاتدا هه‌رده‌م په‌نا براوه‌ته‌ به‌ر كوده‌تای سه‌ربازی و سیاسیی نه‌ك ئاڵوگۆڕی ئاشتییانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات.

 134 جار بینراوە