سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » 16 ساڵ بەر لە ئێستا روویدا

یەکبێژ

16 ساڵ بەر لە ئێستا روویدا

مام جەلال، راستییەک دوور لە پیادا هەڵدان، کاتێک لە سەرەتای هەرزەکاریدا دەچێتە ناو ریزی خەباتی خوێندکارانە و حزبی، بۆ ئەوە دەچێت ئەو هەموو هەستە جوانەی کە تیایدا دروست بووە بەرامبەر بە نەتەوەکەی و ئەو گەلە ستەمدیدەیەی کە بە بەرچاوییەوە بۆردومان دەکرێت و گوند و دەغڵ و ماڵاتی دەسووتێنرێت، بیخاتە کار بۆ بەرەوپێشبردنی جووڵانەوەکە.

ئەو لاوێکی زیرەک بووە و هەستی بە لێپرسراوێتی کردووە بەرامبەر بە ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی، نەیویستووە لەگەڵ زۆرێک لە لاوانی دەوروبەری روو لە ئاسۆی چاوەڕوانیی بێدەسەڵاتی بکات، ویستویەتی بچێتە ناو ئەو شۆڕشگێڕانەی کە لە چیان و لەدژی ئەو ستەمە یەک لە دوای یەکانە وەستاونەتەوە.

کاتێک دەچێتە لایان دەکەوێتە دەربڕینی هەڵوێست و بیروڕا جیاوازەکانی بۆ پێشخستن و گەشەکردنی ئەو رێکخستنە، هەر بۆیەش زوو دەردەکەوێت و بە تەمەنێکی لاوتر لە هەموو ئەوانی دیکە، دەچێتە پلە باڵاکانی ئەو حزبەوە.

ئەو تەنها بۆ خەباتی ئاسایی نەچوو، پێی وابوو ئەگەر وێڕای هاوشانی ئەوانی دیکە بەردێک نەخاتە سەر بەردێک ئەوە هیچی نەکردووە، ئەو دەیووت: من هاتووم پەلە بکەم، هەرچی زووتر شۆڕشێک بەرپابکەم و گەلەکەم رزگاربکەم نەک لاپەڕەکانی مێژوو بە کات کوشتنەوە رەش بکەمەوە.

پەلەی بوو لە گۆڕانکاریی، نەیدەویست لەسەر ئەو سەبکە کلاسیکییەی شۆڕش کە ببووە ئەزموونێکی شکستی تاڵ، درێژە بە خەبات بدات، مێژووی شۆڕشەکانی لەلا پیرۆز بوو، خەبات و ماندوو بوونیانی بەرز دەنرخاند، بەڵام لەگەڵیشیدا چاک و خراپەکانیانی دیاری دەکرد و ئەو رێگەیەی دەگرتە بەر کە ئەوان درکیان پێنەکردبوو.

گرنگترین خەسڵەتێک لە هزری مام جەلال-دا بوو ئەوە بوو کە هەموو کات لەگەڵ دوژمن وەک دوژمن مامەڵەی نەدەکرد، بەڵکو سوودی لەو هەڵوێستە نیمچە نەرمانەش وەردەگرت کە دوژمن لەکاتی بارلێژیدا دەینواند.

لەگەڵ دوژمنی دوژمنەکەشیدا دۆستیایەتی پیشان دەدا، کەسێکی پێداگر و گرێدراو بە ئایدیایەکی تایبەت و تەسکەوە نەبوو، بەڵام لەهەموو قۆناغەکاندا کوردپەروەرێکی نیشتمانپەروەری مرۆڤ دۆست بوو، چەندەی لە خەمی رێکخستنی حزبەکەی خۆیدا بوو، دوو هێندە لە خەمی یەکخستنی هەموو هێز و لایەنە هاوبیرەکانیدا بوو، ئەمەش وایکرد کە تەنها سەرکردە بێت لەگشت پارچەکانی کوردستان جێگە دەستی دیاربێت و رێزلێگیراو بێت.

لەسەر ئاستی جیهانیش، مام جەلال لە ساڵانی ناوەڕاستی پەنجاکاندا وەک تێکۆشەر و سەرکردەیەکی جووڵانەوەیەکی رزگاریخواز لە چین و سۆڤێتی ئەوکات پێشوازیی لێکراوە و گفتوگۆی لەگەڵدا کراوە، کە تەمەنی تەنها 22 ساڵ بووە.

کەسایەتی وەک جەمال عەبدولناسر لە میسر پێشوازیی لێکردووە و گوێی بۆ بیرو بۆچوونەکانی شل کردوە، نەک تەنها سەبارەت بە کورد و هاوکاریکردنیان بۆ کورد، بەڵکو سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی ئەوان لەگەڵ عیراق و ئایندەی ناوچەکەش.

مام جەلال نەیویست چاوەڕێ بکات و تەمەنی لەناو یەک شێوازی خەباتدا بەسەر بەرێت، ئەو بڕیاری دابوو وەک پێشمەرگە دەستپێبکات و وەک سەرۆکی وڵاتێک بمرێت، ئەمەشی کرد.

چەندین جار جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە و وتویەتی: نابێت پێتان وابێت ئێمە هەتاهەتایە هەر بەم شاخانەوە دەبین، ئەگەر وابێت کەواتە هیچمان نەکردووە و کات بەڕێ دەکەین و دوژمنانیش وردە ووردە گەلەکەمان لەناودەبەن و پێشمەرگەکانیشمان دەبنە قوربانی.

ئەو دەیوت: ئێمە دەبێت پەلبهاوێژین بۆ دەستکەوتی گەورە و گرنگ، لە گفتوگۆی ساڵی 1983- 1985 ئەگەر رازی ببوایە بە کەم و(بەرژەوەندیی خۆی بویستایە) بەو ئیمتیازانە رازی دەبوو کە خرایە بەردەمی لەلایەن رژێمی عیراقەوە، ئەو رازی بوو بە دانوستان لەگەڵ دوژمن کاتێک دوژمن داوای دەکات، بەڵام ناچار نەبوو بە مەرجەکانی دوژمن رازی بێت.

پیاداهەڵدانی لەخۆڕا و کوێرانە نییە کاتێک دەڵێین مام جەلال توانیی زۆر زیاتر لەوە بۆ گەل و نیشتمان بەدەست بهێنێ کە دەیویست و لە بیرو بەرنامەیدا بوو.

مام جەلال یەکەم کورد بوو کە لەرێگەی خەباتی خۆی و هاوڕێکانییەوە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، گەیشتە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماریی عیراق، ئەو کۆشکەی کە چەند جارێک وەک کەسێکی سەرکردە بۆ دانوستان لەسەر داواکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد رووی لێنابوو، بەڵام داواکانی رەتکرابوونەوە و بەدوایدا بە تۆپ و فڕۆکە وەڵام درابوونەوە.

ئەگەر ویژدان بکەینە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی مێژووی ئەو کەسایەتییە سیاسییە تێکۆشەرە مرۆڤدۆستە، ئەوا دەبێت بڵێین: لە هەموو مێژووی بزاڤی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریدا، لەسەردەمی کۆن و نوێدا، کەسێک نەبووە هێندەی ئەو سیاسییانە و زیرەکانە لەگەڵ هەموو قۆناغەکاندا مامەڵەی کردبێت، لەگەڵیشیدا پێش کۆچی خۆی و بەدەستی خۆی دەستکەوتەکانی بەدەستهێنا، بە پێچەوانەی زۆرێک لەو رابەرە سیاسییە کوردانەی بە درێژایی مێژوو یان لە شکستی شۆڕشەکان و جووڵانەوەکاندا گیراون و لە سێدارە دراون یان تەمەنێکی درێژیان لەناو شۆڕشدا بەسەربردووە و کۆچی دواییان کردووە.

 166 جار بینراوە