سەرەکی » وتار » ئاوات كۆكه‌یی » بۆ یادی ته‌واره‌كه‌ی هه‌ڵۆی سوور

بۆ یادی ته‌واره‌كه‌ی هه‌ڵۆی سوور

ئه‌مڕۆ حه‌وت ساڵ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر كۆچی دوایی سه‌ركرده‌ (وه‌سفیه‌ به‌نی وه‌یس عه‌لی)دا كه‌ له‌ ناو خه‌ڵكدا به‌ دایكی شه‌هیدان ناسراوه‌.

مامۆستا وه‌سفیه‌ كچه‌ تێكۆشه‌رێكی ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان و هه‌ڵگری ئه‌ركه‌ سه‌خته‌كانی ئه‌وی رۆژێی خه‌باتی نهێنی بوو، له‌ ته‌ك هه‌ڵۆ باڵ سووره‌كانی رێكخستنی كۆمه‌ڵه‌دا، ببووه‌ ته‌وارێكی به‌رزه‌فڕ، له‌ شاخیشدا ئازاو ئازادانه‌تر بوونی خۆی سه‌لماند و سه‌پاند.

وێستگه‌كانی خه‌باتی نهێنی و پێشمه‌رگایه‌تی و رێكخراوه‌یی ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ پڕه‌ له‌ ده‌ستكه‌وت و كاری گران و كۆششی پڕ به‌رهه‌م، له‌ دوا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نیشی، ببووه‌ خه‌مخۆری كه‌سوكاری شه‌هیدان و په‌رۆشی دابینكردنی ماف و داخوازییه‌كانیان، هه‌ر به‌ خه‌مخواردنیشه‌وه‌ نه‌ده‌وه‌ستا، به‌ڵكوو هه‌موو ده‌رگاكانی ده‌كوتا تا دڵی منداڵه‌ شه‌هیدێك، هاوسه‌رو دایك و باوكی شه‌هیدێك شاد بكات، بیانگه‌یه‌نێت به‌ مافه‌كانیان، هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی به‌خشینی ناسناوی دایكی شه‌هیدان به‌و سه‌ركرده‌یه‌.

ژیاننامه‌ی وه‌سفیه‌ به‌نی وه‌یس
ساڵی 1951 له‌ خانه‌قین له‌دایكبووه‌، ساڵی 1959 چۆته‌ خوێندنگه‌ و تا قۆناغی ئاماده‌یی هه‌ر له‌ خانه‌قین خوێندویه‌تی، ساڵی 1971 له‌به‌شی زمانی ئینگلیزیی زانكۆی به‌غدا وه‌رگیرا، به‌ڵام به‌هۆی جیاكاریی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بییه‌وه‌ له‌لایه‌ن رژێمی ئه‌وسای عیراقه‌وه‌، گوازرایه‌وه‌ بۆ زانكۆی سلێمانی- كۆلێژی ئاداب به‌شی زمانی كوردی، ساڵی 1975 ئه‌و به‌شه‌ی زانكۆی سلێمانی ته‌واوكرد، هه‌ر له‌و قۆناغه‌ی خوێندندا په‌یوه‌ندیی به‌كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌.

ساڵی 1976 به‌مامۆستا له‌ كه‌لار دامه‌زرا، به‌ڵام له‌سه‌ر بڕیاری رێكخستن خۆی‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی(تاسڵوجه‌)ی نزیك سلێمانی گواسته‌وه‌، وه‌سفیه‌خان له‌وێ جگه‌ له‌ پیشه‌كه‌ی وه‌ك مامۆستایه‌ك، ئه‌ركی رێكخستنی كۆمه‌ڵه‌شی له‌ تاسڵوجه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برد.
ساڵی 1977 پاش دامه‌زراندنی رێكخراوی له‌یلا قاسم بۆ رێكخستنی ژنان، لێپرسراوه‌تیی سه‌رپه‌رشتی كردنی یه‌كێ له‌ دوو به‌شه‌كه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ی پێ سپێردرا، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ چالاكییه‌كانی خۆی بۆ به‌غدا گواسته‌وه‌و په‌یوه‌ندیی به‌ ملازم (جوامێر سایه‌میر)ه‌وه‌ كرد.

له‌ سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی رێكخراوی (هه‌ڵۆی سوور) كه‌ رێكخراوێكه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕ بوو بۆ ناو ماڵی دوژمن له‌ به‌غدا، رۆڵێكی دیاری له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌ لۆجستیكییه‌كانی وه‌ك گواستنه‌وه‌ی چه‌ك و نامه‌ له‌سلێمانییه‌وه‌ بۆ به‌غدا گێڕا، نمونه‌یه‌ك له‌چالاكییه‌كانی: یه‌كه‌م چالاكی رێكخراوی هه‌ڵۆی سوور كه‌ بۆ سزادانی تاوانبار (ع.ف) بوو، مامۆستا وه‌سفیه‌ ده‌ماچه‌یه‌ك و دوو نارنجۆك و چه‌ند پاكه‌ت فیشه‌كێكی له‌سلێمانییه‌وه‌ گه‌یاندۆته‌ ده‌ستی شه‌هید ملازم جوامێر له‌ به‌غدا.

ساڵی 1978 له‌ كاتێكدا ئیمام خومه‌ینی له‌نه‌جه‌فه‌وه‌ ده‌ستی به‌جموجوڵ له‌دژی رژێمی شای ئێران كردبوو، دوو نامه‌ی مام جه‌لالی‌ گه‌یانده‌ ده‌ست ئایه‌توڵڵا خوئیی مه‌رجه‌عی شیعه‌ له‌ كه‌ربه‌لاو ئیمام خومه‌ینی له‌ نه‌جه‌ف، له‌و نامه‌یه‌دا كه‌ بۆ ئیمام خومه‌ینیی نوسیبوو، هه‌ڤاڵ مام جه‌لال ئاماده‌یی یه‌كێتیی بۆ هه‌موو هاوكارییه‌ك ده‌ربڕیبوو، ته‌نانه‌ت ئاماده‌یی ئه‌وه‌شی ده‌ربڕی بوو كه‌ ئه‌گه‌ر ئیمام خومه‌ینی‌ بیه‌وێ‌ خاكی‌ عیراق به‌جێ‌ بهێڵێ‌ و بگه‌ڕێته‌وه‌ ئێران بۆ رابه‌رایه‌تی‌ كردنی‌ خه‌بات له‌ دژی‌ شای‌ ئێران، ئه‌وا یه‌كێتی ده‌توانێ بیگه‌یه‌نێته‌ شاری‌ سه‌رده‌شت له‌ ئێران.

ساڵی 1982 یه‌كه‌م ژن بوو له‌رێكخستنی شاره‌كانه‌وه‌ به‌شداری له‌یه‌كه‌مین كۆنفرانسی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان له‌گوندی بالیسان بكا.

ساڵی 1986 له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌رچوو، بۆیه‌ روویكرده‌ شاخ و هاوشانی عه‌لی شاماری هاوسه‌ری، ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیی ده‌ستپێكرد.

له‌كاتی ده‌ستپێكردنی شاڵاوی ئه‌نفاله‌كان بۆ سه‌ر دۆڵی جافه‌تی و ناوچه‌ی مه‌رگه‌، ماوه‌یه‌ك له‌ناو شاری سلێمانی خۆی حه‌شار داو دواتر په‌یوه‌ندیی به‌هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ كرد‌ و له‌گوندی (كانی دینار) گیرسایه‌وه‌.

دوای دامه‌زراندنی یه‌كێتیی ژنانی كوردستان له‌سه‌قز له‌ساڵی 1989، له‌و رێكخراوه‌ كاری كردو له‌یه‌كه‌م ژماره‌ی گۆڤاری (ته‌وار)ی ئۆرگانی رێكخراوه‌كه‌ به‌ناوی خوازراو بابه‌تی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌كاتی كۆڕه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ساڵی 1991، رۆڵی دیاری هه‌بوو له‌كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك بۆ ئاواره‌كانی سه‌رسنوورو ناو ئێران، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ گه‌رمیان و بووه‌ ئه‌ندام له‌ مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوك.

له‌ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1993- 2003دا لێپرسراوه‌تیی لقی كه‌ركوكی یه‌كێتیی ژنانی كوردستانی گرته‌ ئه‌ستۆو ماوه‌یه‌كیش كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیان بوو، ساڵی 2003 به‌ جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین هه‌ڵبژێردرا.

ساڵی 2006 له‌ هه‌ڵبژاردنی مه‌ڵبه‌نده‌كانی ی.ن.ك-دا له‌ئاستی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین (زۆرینه‌ی ده‌نگ)ی به‌ده‌ستهێنا و به‌جێگری یه‌كه‌می لێپرسراوی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ ده‌ستنیشانكرا، ساڵی 2010 له‌ سێیه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ سلێمانی، به‌ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردراو هه‌ر ئه‌و ساڵه‌، دوای پێكهێنانی مه‌كته‌بی شه‌هیدان، كرایه‌ لێپرسراوی مه‌كته‌به‌كه‌‌.

به‌داخه‌وه‌، دوای كاروانێكی زۆر له‌خه‌بات و تێكۆشان و ماندووبوون له‌پێناو گه‌ل و خاكه‌كه‌یدا، شه‌وی 25\26/4/ 2016 دا له‌سه‌ر رێگای سلێمانی – ده‌ربه‌ندیخان له‌نزیك ناحیه‌ی (وارماوا)ی سه‌ر به‌قه‌زای شاره‌زوور، به‌هۆی روداوێكی هاتوچۆوه‌ گیانی له‌ده‌ستدا، رۆژی دواتر له‌ رێوره‌سمێكی شایسته‌دا له‌ خانه‌قین به‌ خاك سپێردرا.

 393 جار بینراوە