سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » بایدن: نامەوێت لەگەڵ روسیا و چین تێكی بدەم

لە وتاری 100 رۆژی دەستبەكاربوونیدا

بایدن: نامەوێت لەگەڵ روسیا و چین تێكی بدەم

لە دوای تەواوكردنی 100 رۆژ لە پۆستی سەرۆكایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لە یەكەم وتاریدا لەبەردەم كۆنگرێسی وڵاتەكەی، جۆ بایدن ئاماژەی بە چەند دۆسێیەكی تایبەت بە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریكا كرد. لەبارەی خراپیی دۆخی ئابووری و دیموكراسی وڵاتەكەیەوە رایگەیاند: لەگەڵ ئەو قەیرانانەشدا، بەڵام ئەمریكا هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە و بە نەخشە و پلانی نوێوە، سەرلەنوێ گەشە دەكاتەوە و لە جاران زیاتر ئابوورییەكەی هەڵدەستێتەوە. دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆناش كە هۆكاری سەرەكی ئەو دۆخە ناهەموارەیە، داوای لە هاووڵاتیان كرد، كە خۆیان بكوتن و ئەو قۆناغە تێبپەڕێنن.

سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەشی ئاشكرایكرد: مەیلی ئەوەی نییە دۆخێكی خراپ و شڵەژاو لەگەڵ نەیارانی بە تایبەتی روسیا و چین دروست بكات، بەڵكو بە ئاراستەی هێوركردنەوە و بنیاتنانی پەیوەندیی دۆستانە، هەنگاو دەنێت.

دۆخی ئابووری
بایدن ئاماژەی بەوەكرد، كە لە قۆناغێكی ناسك و دژوار ئەو پۆستەی وەرگرتووە، كە لە سەدەی رابردوودا وڵاتەكەی رووبەڕووی قەیرانی لەم جۆرە نەبۆتەوە، بەڵام پلانی هەیە كە لە ماوەیەكی سنوورداردا ئابوورییەكە هەڵبسێنێتەوە، بۆ ئەمەش، داوای لە كۆمارییەكان كرد، كە لە جێبەجێكردنیدا پشتیوانیی بكەن، لەوانە چاكسازی لە بواری سیاسەتی باج و كۆچ و بواری ئەمنی و پۆلیسدا. لەبارەی باج-ەوە وتی: بە تەماین باجی زیاتر بخەینە سەر كۆمپانیا و فابریكە و پڕۆژە گەورەكان، ئەمەش لەپێناوی هاوكاری و دەستگرتنی ئەو خێزانە ئەمریكییانەیە، كە باردودۆخی داراییان خراپە، بۆ ئەمەش پاكێجێكی 1,8 تریلیۆن دۆلاری لەبەردەستدایە ‌و ئامانجیەتی دەستی پێبكات. بەپێی پڕۆژەكەی، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان هاوكاریی دارایی و كۆمەڵایەتی پێشكەشی خێزانەكان دەكات لە باش پەروەردەكردنی منداڵەكانیان و خۆشگوزەرانییان، هەروەها گەشەپێدانی پڕۆسەی خوێندن و بڕینەوەی پارەیەكی مانگانە بۆ دایك و باوكەكان. بەپێی نەخشەڕێگەكەی بایدن، دەبێت تاكۆتایی ساڵ، رێژەی هەژاری بۆ 50 % كەم بكاتەوە.

پێشتریش سەرۆكی ئەمریكا پاكێجێكی تری راگەیاندبوو، كە بە هەردووكیان دەكاتە چوار تریلیۆن دۆلار. بۆ ماوەی 10 ساڵی داهاتووش، كۆشكی سپی هەشت تریلیۆن دۆلاری خەمڵاندووە. بایدن لەسەر ئەوە وتی: بەو پلانە، دەتوانین ئەمریكا لەو میحنەتانەی كە ئێستا تووشی هاتووە، رزگار بكەین. لەبارەی بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری كە بەهۆی كۆرۆناوە روویداوە: رایگەیاند: دەیانەوێت لە رێی نوێكردنەوەی ژێرخانی وڵاتەكەی، هەلی كاری زیاتر پەیدا بكەن، ئەوەش بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە جادە و شەقام و ئۆتۆبانەكان و پرد و فڕۆكەخانە و نەخۆشخانە و هێڵەكانی گواستنەوە، پەیداكردنی ئینتەرنێتی خێرا و بێ كێشە بۆ هەموو هاووڵاتیان بە یەكسانی، یەكێكە لە ئامانجەكانیان.

كۆرۆنا و ئاساییكردنەوەی دۆخەكە
سەرۆكی ئەمریكا روونیكردەوە: لە ماوەی ئەو 100 رۆژەی كاركردنیدا، هەوڵیداوە باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات، بە تایبەتیش لە هەڵمەتی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، لەو ماوەیەدا نزیكەی 100 ملیۆن هاووڵاتی ئەمریكی بە ڤاكسینی دووەم و زیاتر لە 220 ملیۆنیش بە ڤاكسینی یەكەم كوتراون.

ئاماژەی بەوەشكرد، كە لە سایەی خۆكوتانی هاووڵاتیانەوە، توانراوە رێژەی مردن بە 75 ٪ كەم بكەنەوە، بۆیە داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی كرد، كە هەرچی زووە خۆیان بكوتن.

روسیا و چین و ئێران
دەربارەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتان و ئەو ململانێیانەی كە هەیە، بایدن رایگەیاند: بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە خۆرهەڵات تا خۆرئاوا، وڵاتەكەی لەو ناوچانە سەربازی دەبێت و بەهێزتریشی دەكات. وتیشی: مەیلی پتەوكردنی كەرتی سەربازییم لە وڵاتان، بە سەرۆكی چین راگەیاندووە و ئەوەش لە دژی هیچ لایەن و وڵاتیك نییە، بەڵكو بۆ ئارامی و سەقامگیریی ئاشتییە‌. سەبارەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ‌و بە تایبەتیش بۆ پرسی ئێران و لە ئاسیاش كۆریای باكوور، روونیكردەوە: لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان كار دەكەن بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پرسانەدا. ئاشكراشیكرد: لەگەڵ سەرۆكی روسیاش قسەی كردووە ‌و پێیڕاگەیاندووە، كە لەگەڵ توندكردنی ململانێكاندا نییە، كاردانەوەی وڵاتەكەشی لە بەرامبەر ئەو كار و هەڵوێستە نەرێنییانەدا بووە كە دژی ئەمریكا كردوویانە. سەبارەت بە كۆریای باكوور و ئێرانیش، ئەوەی روونكردەوە، كە بەرنامەی چەكی ئەتۆمی ئەو دوو وڵاتە، هەڕەشەی جددین بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی هەموو جیهان.

دیموكراسی
سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ چەپڵەلێدانی ئەندامانی پارتەكەی لە دیموكراتەكانی ناو كۆنگرێس، وتارەكەی پێشكەشكرد ‌و كۆمارییەكانیش بە هێمنی گوێیان لێگرتبوو، باسی لە دۆخی دیموكراسی كرد كە لە سەروبەندی بردنەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا تووشی ئەزموونێكی تاڵ و پێشێلكاری بۆوە، لەم روەوە وتی: دیموكراسی لە ئەمریكا لە ئاستێكی باشدایە و سەرەڕای پیشێلكارییەكان، ئەوان دەیانەوێت ئەكتیڤتری بكەنەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 88 جار بینراوە