سەرەکی » وەرزش » گۆڕینی یاسای ئۆفساید شۆڕشێكی گه‌وره ‌ده‌بێت له‌ تۆپی پێداپەڕە 3

گۆڕینی یاسای ئۆفساید شۆڕشێكی گه‌وره ‌ده‌بێت له‌ تۆپی پێدا

ئا: سه‌نگه‌ر خۆشه‌وی

له‌ماوه‌ی‌ رابردوو به‌ دیاریكراوی له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی سیستمی ڤار، هه‌رای زۆر له‌نێو تۆپی پێ دروست بووه‌ كه‌ زۆرێك پێیان وایه‌ ئه‌و سیستمه‌ش نه‌بووه‌ته‌ كۆتایی هێنان به‌ هه‌ڵه‌ی داوه‌ران و زۆر كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌شێك له‌ تیپه‌كان به‌كار ده‌هێنرێت.

له‌گه‌ڵ جێ به‌جێ كردنی سیستمی ڤار هانده‌ران و شاره‌زایانی تۆپی پێ به‌سه‌ر دوو لایه‌ندا ده‌به‌ش بوون كه‌ به‌شێكیان پشتیگیریان ده‌كرد و بڕوایان وابوو دادپه‌روه‌ری بۆ تۆپی پێ ده‌هێنێت، لایه‌نی دووه‌میش پێیان وابوو تۆپی پێ به‌هه‌ڵه‌ی داوه‌رانه‌وه‌ جوانه‌.

له‌دوای چه‌ند ساڵێكیش له‌ به‌كارهێنانی ڤار كه‌ به‌ نزیكه‌یی له‌سه‌رجه‌م خول و پاڵه‌وانێتییه‌ دیاره‌كان به‌كاردێت، به‌ڵام كۆتایی به‌ هه‌ڵه‌كانی تۆپی پێ نه‌هاتووه‌ و چه‌ندین حاڵه‌ت رووی داوه‌ كه‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی‌ ڤیدیۆیی ته‌نانه‌ت سیستمی چاوی بازیش شكستی هێناوه‌.

به‌هۆی نه‌بوونی ڤاریش له‌ماوه‌ی‌ رابردوو داوه‌ران كه‌وتونه‌ته‌ چه‌ندین هه‌ڵه‌وه‌ لاوانه‌ یاری نێوان پرتوگال و سربیا له‌ پاڵاوتنی مۆندیال.

له‌ماوه‌ی‌ رابردوو چه‌ندین بژارده‌ خراونه‌ته‌ڕوو بۆ كۆتایی هێنان به‌ هه‌ڵه‌ی داوه‌ران كه‌ دیارترینیان بیرۆكه‌ی‌ ئارسین ڤینگه‌ری راهێنه‌ری به‌ناوبانگی جیهانیه‌ كه‌ ئێستا وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شه‌پێدانی تۆپی پێ له‌ یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ كارده‌كات.

ڤینگه‌ر پێیوایه‌ قورسترین شت كه‌ داوه‌ران و ته‌نانه‌ت ڤاریش بتوانێت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات حاڵه‌ته‌كانی ئۆفسایده‌، بۆیه‌ پێویسته‌ گۆڕانكاری له‌وه‌ یاسایه‌ بكرێت.

ڤینگه‌ر ده‌ڵێت: حاڵه‌تی ئۆفساید كێشه‌ی زۆری دروست كردوه‌و بواریش هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ گۆڕانكارییه‌كی بچووكی تێدا بكرێت، پێویست ناكات بڵێین به‌شێكی لوتی ئه‌و یاریزانه‌ له‌ پێشه‌وه‌یه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ داوه‌ر حاڵه‌ته‌كه‌ بكات به‌ ئۆفساید، واباشتره‌ یاساكه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رچۆنێك تۆ له‌ ئاستی وه‌ستانی به‌رگریكاره‌ بیت نه‌بێت به‌ ئۆفساید.

ئه‌و گۆڕانكارییه‌ كه‌ ڤینگه‌ر به‌ بچووك ناوی ده‌بات له‌ ئه‌گه‌ری جێ به‌جێ كردنی ئه‌وا شۆڕشێكی گه‌وره‌ ده‌بێت له‌ تۆپی پێ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ دروست ده‌كات.

به‌پێی یاسای ئێستای ئۆفساید، یاریزانی تیپی هێرشبه‌ر هه‌ر به‌شێكی جه‌سته‌ی كه‌ بتوانێت له‌ رووی یاساییه‌وه‌ گۆڵی پێ بكات له‌ پێش یاریزانێكی تیپی به‌رگریكار بێت و نزیكتر بێت له‌ گۆڵی تیپی به‌رگریكار له‌كاتی تۆپ ده‌رچوون له‌ قاچی یاریزانێكی هاوڕێی ئه‌وا ده‌بێت داوه‌ر فیكه‌ی‌ ئۆفساید لێبدات.

به‌پێی پێشنیاری ڤینگه‌ر گۆڕانكارییه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌بێت یاریزانی تیپی هێرشبه‌ر به‌ته‌واوی جه‌سته‌ی له‌ پێش دواین به‌رگریكار بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئۆفساید هه‌ژمار بكرێت، ئه‌مه‌ش ده‌كرێت به‌ گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ ناوی ببرێت، به‌ مانایه‌كی تر ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌شێكی یاریزانی هێرشبه‌ر كه‌ بتوانێت گۆڵی پێ بكات له‌گه‌ڵ دواین به‌رگریكار له‌سه‌ریه‌ك هێڵ بێت ئه‌وا نابێت به‌ ئۆفساید.

ئه‌م گۆڕانكارییه‌ی ڤینگه‌ر باسی ده‌كات له‌ یاسای ئۆفساید یه‌كه‌م گۆڕانكاریی نیه‌ كه‌ له‌و یاسایه‌دا كرابێت، به‌ڵكو پێشتر چه‌ند جارێك ئه‌و كاره‌ كراوه‌و یه‌كه‌م جاریش ساڵی 1925 بووه‌ كه‌ ئه‌و كات ئۆفساید له‌كاتێك هه‌ژمار ده‌كرا ئه‌گه‌ر یاریزانێكی هێرشبه‌ر رووبه‌ڕووی یاریزانێكی تیپی به‌رامبه‌ر ببێته‌ ئینجا گۆڵپارێز بێت یاخود به‌رگریكار و ئه‌گه‌ر بهاته‌یه‌ له‌ هێڵی به‌رگری زیاتر له‌ یاریزانێك بوونی هه‌بووایه‌ ئه‌وا ئه‌گه‌ر هێرشبه‌ره‌كه‌ له‌ پێش یه‌كێك له‌ به‌رگریكاره‌كانیش بووایه‌ نه‌ده‌بوو به‌ ئۆفساید.

له‌ ساڵی 1990 جارێكی تر گۆڕانكاری له‌ یاسای ئۆفساید كراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بێت هێرشبه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ به‌رگریكاره‌كان له‌سه‌ر یه‌ك هێڵ بێت ئه‌وا ئۆفساید نابێت.

دواین جاریش كه‌ یاسای ئۆفساید ده‌ستكاری كراوه‌ ساڵی 2005 بووه‌ كه‌ ئه‌م یاسایه‌ی ئێستا دانراوه‌و ئه‌گه‌ریش زۆره‌ له‌ماوه‌ی‌ داهاتوو بیرۆكه‌كه‌ی‌ ڤینگه‌ر بچێته‌ بواری جێ به‌جێ كردنه‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ فیفا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات.

ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی‌ له‌ رابردوو كراون سه‌رجه‌میان تایبه‌تن به‌ دیاریكردنی شوێنی هێرشبه‌ر له‌گه‌ڵ به‌رگریكار و هیچ كامێكیان هاوشێوه‌ی بیرۆكه‌كه‌ی‌ ڤینگه‌ر گۆڕانكاری ریشه‌یی نین.

هه‌مووان پێیان وایه‌ له‌ ئه‌گه‌ری جێ به‌جێكردنی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ تۆپی پێ زیاتر به‌ره‌و پێشده‌چێت و یارییه‌كان زیاتر ده‌بنه‌ شێوازی هێرشبه‌ری و ئازادی زیاتریش بۆ هێرشبه‌ران ده‌بێت و ژماره‌ی گۆڵیش له‌ یارییه‌كان زیاتر ده‌بن و ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی گۆڕانكاری له‌ ته‌كتیكی تیپه‌كانیش.

ئه‌م گۆڕانكارییه‌ چه‌ند لایه‌نێكی باشی هه‌یه‌ له‌وانه‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی ژووری ڤار پێویستیه‌تی بۆ بڕیار له‌سه‌ر حاڵه‌ته‌كانی ئۆفساید بدات.

دووه‌م لایه‌نی باش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی‌ ئۆفساید كه‌ هه‌رای زۆری له‌سه‌ر دروستبووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ جیاوازی هێرشبه‌ر و به‌ریگاره‌ چه‌ند ملیمه‌ترێك بووه‌ كۆتایی پێدێت و دادپه‌روه‌ی زیاتر به‌رقه‌رار ده‌بێت ، ته‌نانه‌ت ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ ئۆفساید ئاسانتر بێت له‌ پێشووتر.

ئه‌م گۆڕانكارییه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ شۆرشێكیش ده‌بێت له‌ پلانی ته‌كتیكی راهێنه‌ران چ له‌ رووی هێرشبردنه‌وه‌ یاخود به‌رگری كردن چونكه‌ بژارده‌یه‌كی زیاتر به‌ یاریزانی یاری دروستكه‌ر ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ ئاسانتر هه‌لی گۆڵ بره‌خسێنن و بۆشایی زیاتریان له‌ پێش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ تۆپ هه‌ڵبده‌نه‌ پشتی به‌ریگران چونكه‌ هێرشبه‌ران پێشێتی ئه‌وه‌یان ده‌بێت كه‌مێك له‌ پێش به‌رگریكارانه‌وه‌ بن و فیكه‌ی‌ ئۆفسایدیشیان له‌سه‌ر لێده‌نه‌درێت.

له‌ پاڵ ئه‌وه‌ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ ركابه‌ریه‌كی به‌هێز ده‌بێت بۆ ئه‌و راهێنه‌رانه‌ی زیاتر پشت به‌ شێوازی به‌رگری ده‌به‌ستن كه‌ پێویسته‌ چاو به‌ پلانه‌كانیان بشخێننه‌وه‌ و زیاتر له‌ پێشووتر یاریزانه‌كانیان له‌یه‌ك نزیك بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچ هه‌لێك نه‌ده‌ن به‌ هێرشبه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچنه‌ پشتیانه‌وه‌، بیرۆكه‌ نوێیه‌كه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ركابه‌ریه‌كی به‌هێز له‌نێوان تۆپی پێی هێرشبه‌ری و به‌رگری له‌ناو یاریگادا.

جیانی ئینفانیتۆی سه‌رۆكی فیفاش زۆر سه‌رسامه‌ به‌و بیرۆكه‌یه‌ و پێی وایه‌ تۆپی پێی سه‌رنجڕاكێش ده‌كات به‌هۆی ئه‌مه‌ش بڕیاری داوه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و به‌ زووترین كات بخرێته‌ بواری جێ به‌جێ كردنه‌وه‌.

به‌هۆی سه‌رنجڕاكێشی بیرۆكه‌كه‌ش له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی فیفا ئارسین ڤینگه‌ر له‌ماوه‌ی‌ رابردوو سیمینیاری له‌سه‌ر یاساكه‌ بۆ به‌رپرسانی خوله‌كانی ئه‌وروپا پێشكه‌ش كردوه‌و هه‌مووان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و یاسایه‌ گۆڕانكاری گه‌وره‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هێرشبه‌ران دروست ده‌كات.

 298 جار بینراوە