سەرەکی » زانست » بۆیەیەك جێگەی ئامێرە فێنككەرەوەكان دەگرێتەوە

بۆیەیەك جێگەی ئامێرە فێنككەرەوەكان دەگرێتەوە

كەشتیی نوح

زانایانی ئەمریكا جۆرە بۆیەیەكیان دروستكردووە ئەگەری هەیە ببێتە جێگرەوەی ئامێرەكانی فێنككردنەوە و چارەسەرێكی باشیش بێت بۆ دیاردەی گەرمبوونی گۆی زەوی.

تیمێك لە توێژەرانی بازنەی ئەندازیاریی میكانیكی لە زانكۆی (بیردیۆ)ی ئەمریكا گەشەیان بە جۆرە بۆیەیەك داوە كە بۆ رەنگكردنی سەربانی خانوو و تەلارەكان بەكاردێت و ئەنجامی توێژینەوەكەشیان لە گۆڤاری بە ناوبانگی (Applied Materials & Interfaces) بڵاوكردۆتەوە.

(زیولین رووان) مامۆستای ئەندازەی میكانیكی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەم بۆیەیە رەنگێكی ئێجگار سپی هەیە كە (٪98.1) تیشكی خۆر دەداتەوە و تەنها (٪1.9)ی تیشكی خۆر هەڵدەمژێت و دەتوانێت بە تێكرای (19) پلەی فەهرەنهایت پارێزگاریی لە ساردی سەربانەكان بكات، لە كاتێكدا بۆیە بازرگانییەكانی دیكە (٪10 بۆ ٪20)ی تیشكی خۆر هەڵدەمژن.

رووان دەشڵێت: بۆیەكە لە رێگەی دەردراوە تایبەتەكەیەوە گەرمی لەدەستدەدات و دەینرێت بۆ فەزای دوور، بەو شێوەیە گەرمییەكی زۆرتر لەوەی وەری دەگرێت لەدەست دەدات».

هەروەها وتی: «ئەم بۆیە نوێیە زۆر ساردترە و هەموو تیشكی خۆر دەداتەوە و تیشكی ژێرسووریش دوور دەخاتەوە لە رووبەرەكان و هێزێكی ساردكردنەوە دەبەخشێت كە بە(113) وات دادەنرێت بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەك».

بەگوێرەی پێگەی (سمیتسۆنیان ماگ)، ئەم جۆرە بۆیەیە دەتوانێت یارمەتیدەری كەمكردنەوەی قەتیسبوونی گەرمای گۆی زەوی بێت و وا بكات پشبەستن بە فێنككەرەوەكان كەمتر بكاتەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت لە دوو ساڵی داهاتوودا ئەو بۆیە زۆر سپییە بكەوێتە بازاڕەوە.

سەرچاوە: البیان

 145 جار بینراوە