سەرەکی » کەلتوور » پزیشک لە خزمەتی نەخۆشییدا

پزیشک لە خزمەتی نەخۆشییدا

 

مەحمود شێرزاد

کاتی خۆی نیکۆلا تێسلا گوتی ئەوەی هەیە وزەیەکی گەردوونییە. دوای ئەو ئەلبێرت ئەنشتاین گوتی وزە و مادە هەر یەک شتن، پاشان زانستی فیزیای کوانتۆم ئەم هەقیقەتەی سەلماند کە هەزاران ساڵە یۆگی و عارف و دواتریش زاناکانی وەکوو تێسلا و ئەنشتاین و…هتد ئاماژەیان پێدابوو. هەربۆیەش د. دەیڤید ئار هاوکینز لە کتێبی «هێز لەبەرامبەر زۆرەملی»دا دەڵێ: ترووسکاییەک لە زانستدا پەیدا بووە ئەویش ئەوەیە خەریکە بەو هەقیقەتانە دەگا کە هەزاران ساڵە ئەزموون کراون.

تێسلا لە تۆمارێکی دەنگیدا کە ئێستا لە «یوتویب»یشدا هەیە دەڵێ: «بوون هەمووی لەرەیە و ئەوەی بتوانێ ئەو لەرەیە بناسێ و کۆنترۆڵی بکا زانستی گەردوونی لەدەست دایە.» تێسلا لەسەر ئەو بنەمایە سەدان داهێنانی کرد کە ژیان و رەوتی شارستانییەتی مرۆیی گۆڕی، یەکێک لەو داهێنانەدا ئامێرێکی پزیشکی بوو، ئەم ئامێرە لەرەی بە لەشی نەخۆشەکان دەدا و لەرەی کەسەکانی بەرزدەکردەوە و بە ئاسانی کەسەکانی چارەسەر دەکرد. یۆگییەکان بەم وزەیە دەڵێن «پڕانا»، وشەی پڕانا وشەیەکی سانسکریتییە و بە کوردی دەبێتە وزەی ژیان. پرانا سەرچاوەی هەموو وزەکانیترە و لە هەموو شتێکدا هەیە. یۆگییەکان لە رێگەی هەندێ راهێنانەوە کە بە «پرانایاما» ناسراون دەتوانن ئەم وزەیە لە خۆیاندا پەرە پێبدەن، هەروەها کۆنتڕۆڵی بکەن و ئاراستەی بکەن و بەکاری بێنن.

دەبین بە ماددەیەکی تازە
کاتێ ئێمە بەر یەک دەکەوین، بە رواڵەت جەستەی فیزیکیمان لەیەکتری دوورن، بەڵام بە پرانا و لەرە تێکەڵاو دەبین. هەموو دیدارێک و هەموو بەر یەککەوتنێک رووداوێکی کیمیاییە، ئێمە وەک دوو ماددەی کیمیایی پێکەوە تێکەڵاو دەبین و کارلێک دەکەین و هەر دوولامان دەبین بە ماددەیەکی تازە.

مرۆڤ لەهەر بوارێکدا کار بکا دەبێ ئەم راستییانە بزانێ و لەسەر بنەمای ئەو راستیانە هەڵسوکەوت بکا. بۆ ئەوەی وەک وزەیەکی ئەرێنی لە ژینگەی کار و چالاکییەکانیدا دەور ببینێ. ئەم حاڵەتە لەهەموو بوارەکاندا ژیانەکییە، بەڵام لە بواری پزیشکی و پسپۆڕییە جیاجیا پزیشکییەکاندا زۆر گرنگە. پزیشک دەبێ وزەی تاکەکەسییەکەی زۆر ئەرێنی بێ. خەرمانەی جەستەی هەر یەک لە ئێمە ئەگەر ئەرێنی بێ دەبێتە چارەسەری خەرمانە و جەستەی ئەو کەسانەی بەریان دەکەوین. دوای شێوازی پێشوازیی کردن و سەیرکردن و قسەکردن لەگەڵ بەرامبەر دەبێ زۆر ئەرێنی بێ، چونکە شێوازی پیشوازیکردن و سەیرکردن و قسەکردن وزەن و یەکسەر دەچنە ناو وزەی کەسی بەرامبەر. ئەگەر ئێمە ئەرێنی بین و لەرەمان بەرز بێ، ئەوە لەرەی کەسەکەش بەرزدەکەینەوە و نەخۆشی و ناخۆسییەکانی چارەسەر دەکەین. بەڵام ئەگەر نەرێنی بین، بە پێچەوانە نەخۆشی و ناخۆشییەکانی کەسەکە قووڵتر دەکەینەوە.

خزمەتی نەخۆشییەکان دەکەن
ئەو راستییانەی لەسەوەرەوە باسمان کردن هەمووی لە زانستی گەردوونی یۆگا و لە پزیشکی کۆنی ئایۆرڤیدا و لە قوتابخانە مەعنەوییە جیاجیاکانی دنیا ئەزموون کراون و سەلماون و ئێستاش روو دەدەن. دوو زانستی گەردوونی یۆگا و ئایۆرڤیدا زۆر کۆنن. سێ کەس نزیکەی چوارهەزار ساڵ لەوە پێش زانستی پزیشکی ئایۆرڤیدایان نووسیوەتەوە، یەکێک لەم سێ کەسە ناوی «چاراکا»یە. چاراکا لە کتێبی «سامهیتا چاراکا»دا دەڵێ: « پزیشک هەرچەند لە دۆزینەوەی نەخۆشی و دەستنیشانکردنی چارەسەری گونجاودا زیرەک بێ هەتا وەک وزەیەکی ئەرێنی نەچێتە ناو هەناوی کەسی نەخۆشکەوتوو ناتوانێ نەخۆشییەکە چارەسەر بکا.» ئەم قسەیەی چاراکا ئەزموون کراوە. ساڵی 2017 ماڵی یۆگای هەناسە و خەستەخانەی هیوا پێکەوە هەندێ کارمان کرد. لەگەڵ د. دۆستی لێپرسراوی ئەوکاتی نەخۆشخانەی هیوا وا رێکەوتین کە هەندێ کۆرسی تایبەت بۆ نەخۆشەکانیان بکەینەوە. رۆژێک لە کاتی راهێنان و پێدانی رێنماییەکاندا کە باسی ئەو بابەتانەی سەرەوەم بۆ دەکردن، یەکێک لە خانمەکان گوتی: «من رۆژێک جل و بەرگی رەنگی و جوانم لەبەر کردبوو، چووم بۆ لای پزیشکەکەم لە نەخۆشخانە، هەرکە بینیمی پێش هەموو شتێک گوتی ئەوە تۆ دڵت زۆر خۆشە ئەم جۆرە جل و بەرگانەت پۆشیوە؟!» ئەم قسەیە و ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە خزمەتی نەخۆشییەکە دەکەن. لەراستیدا ئەوەندەی خۆم لە نزیکەوە ئاگادارم هەندێ لە پزیشکەکان لەرێگەی هەڵسوکەوتی نەرێنییانەوە خزمەتی نەخۆشییەکان دەکەن.

هۆشت لەسەر چی رادەگری
ئەوەی هەیە وزەیە. هەرچییەکی دەیبینین، بۆنی دەکەین، تامی دەکەین، دەیبیسین و بەریدەکەوین وزەیە. تا ئێرە ئاساییە، بەڵام ئەوەی بەشی هەرە زۆری ئێمە لێی بێ خەبەرین ئەوەیە هەر شتێک بە باش و بە خراپەوە لە رێگەی ٥ هەستەکەوە بێتە ناومانەوە بە تایبەت ئەگەر بۆ ماوەیەک هۆشمانی لەسەر رابگرین و لەگەڵیدا یەکبگرین، ئەگەری زۆرە درەنگ و زوو لە ئێمەشدا وەکو وزەیەک وەگەڕ بکەوێ و لە کردارماندا بەرجەستە بێتەوە. بۆ نمونە کاتێ رووداوێکی هاتووچۆ سەیر دەکەی، گوێ لە هەواڵی توندوتیژییەک دەگری، بیر لەکەسێک دەکەیتەوە کە نەخۆشییەکی مەترسیداری هەیە، بیر لە نەخۆشی و ناخۆشییەک دەکەیتەوە یان لێی دەترسی، ئاگات لەوە نیە کە خەریکی بەدەستی خۆت وزەی ئەو حاڵەتە ناسروشتییە لەخۆتدا دادەبەزێنی، ئەویش درەنگ و زوو بە جۆرێک لە جۆرەکان تێتدا بەرجەستە دەبێتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی رووداوە نەخوازراوەکان لەم سەردەمەدا رێک ئەمەیە کە هەموو کەس رۆژانە لە رێگەی راگەیاندنەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە وزەی نەرێنی ئەم رووداوانە وەردەگرێ. ئەم پرۆسەیە لە کاتی منداڵیدا زۆر زەقە کە لە گەورەکانیشدا هەر هەیە، بەڵام کەس پەی پێنابا. بۆ نمونە منداڵ سەیری فیلمە کارتۆنییەکان دەکا و لاسایان دەکاتەوە، منداڵەکەی خۆم رقی زۆری لە هەندێ خۆراکی زۆر خراپ بوو، بەڵام لە رێگەی فیلمە کارتۆنییەکانەوە حەزی بۆیان گۆڕا و ئێستا دەیانخوا. کەواتە ئاگادار بە رۆژانە سەرنجی چی دەدەیت و هۆشت لەسەر چی رادەگری و بە چییەوە سەرقاڵ دەبی.

هەموو کەس بەدەستی خۆی
دەڵێی ناخۆشم. دەڵێی وزەی نەرێنی بەسەرمدا زاڵ بووە. دەڵێی نەخۆشم و…هتد. ئازیزانم! ئێستا هەموو کەس بە ئاسانی خاوەنی تەکنەلۆژیا و سەرچاوەیەکی لەبڕان نەهاتووی وزەی نەرێنی و نەخۆشی و ناخۆشییەکانە، ئەویش راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن. هەموو کەس بەدەستی خۆی، خۆی نەخۆش و ناخۆش دەکا. بەدەستی خۆی وزەی خۆی نەرێنی دەکا. بۆ نمونە ئێمە یەک خولەک سەردانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەین یان سەیری تەلەفزیۆنەکان بکەین، بەسە بۆ ئەوەی یەک رۆژ تا یەک حەوتوو و…زیاتریش وزەمان بۆ وزەی نەرێنی بگۆڕێ و دوای ئەوە نەخۆش و ناخۆش بین. هەرکەس رووداو و هەواڵ و قسە و باسی نەرێنی چ بە مەبەستی لایەنگریی لێ کردن، چ بە مەبەستی دژایەتی کردن و رەتکردنەوەی بڵاوبکاتەوە، هەرکەس رووداو و هەواڵ و قسەوباسی نەرێنی سەرنجی رابکێشە و پێیانەوە سەرقاڵ بێ، ئەوە وزەی ئەو کەسە نەرێنییە، تەنانەت کەسێکی ئەرێنیش خۆی بەو جۆرە بابەتانەوە سەرقاڵ بکا، بەرە بەرە دەبێ بە کەسێکی نەرێنی. کەواتە لەم سەردەمەدا و بە تایبەت لە کوردستان بە پلەی یەکەم راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەی سەرەکی وزەی نەرێنین، تۆ لە فەزای مەجازییەوە خەریکی ژیانی هەقیقی خۆت وێران دەکەی.

چارەسەر ئەوەیە یان سەیری راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەکەی بە کارێان نەهێنی یان سنوورێک بۆ خۆت دابنێی. من وەک خۆم بە هیچ شێوەیەک قەت سەیری تەلەفیزیۆنەکان ناکەم و ئەو کاتەش دێمە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە تەنیا لە لاپەڕە و ماڵی خۆمدا دەمێنمەوە، هەوڵدەدەم بابەتێکی ئەرێنی بڵاو بکەمەوە و وەڵامی کامێنت و نامەی ئازیزان بدەمەوە. ئەگەر چەند ساتێکی کەمیش بچمە ناو ماڵی گشتییەوە چاوەدێری خۆم دەکەم ئەو هەمووە نەرێنیاتە لەگەڵ خۆیان نەمبەن و زوو دێمە دەرەوە.

 760 جار بینراوە