سەرەکی » راپۆرت » پەیامی ئەمریكا بۆ قۆناغی داهاتوو

رووداوەكانی سوریا

پەیامی ئەمریكا بۆ قۆناغی داهاتوو

هەوراز شوانی

رەخنەیەك كە ئاڕاستەی حكومەتی ئەمریكا لە سەردەمی سەرۆك ئۆباما دەكرا ئەوەبوو واشنتۆن ستراتیژێكی روونی لە ئاست رووداوەكانی سوریادا نی یە‌و گۆڕەپانی ئەو وڵاتەی بۆ رووسەكان چۆڵكردەوە.
بەڵام دوای زیاتر لە ساڵێك دەسەڵاتی كۆمارییەكان ئەمریكا بەهێزەوە هاتۆتە ناو سوریا‌و خۆرئاوای كوردستانیشی بۆتە چەقی ستراتیژی ئەمریكا لە سوریا. هەر لە ماوەی دەسەڵاتی كۆمارییەكان یارمەتی سەربازی بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات زیادی كرد‌و هەر لەو ماوەیەشدا رەققەی پایتەختی داعش رزگار كراو هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆنترۆڵی هەموو ناوچەكانی خۆرهەڵاتی فورات- یان لەبەری دێر ئەلزوردا كە چەندین كێڵگەی گەورەی گاز‌و نەوتی تێدایە.
ئەگەر سیاسەتی ئەمریكا لەسەرەتاوە شەڕی تیرۆر بووبێ، ئەوا دوای هەرەس هێنانی داعش پێ دەچێ واشنتۆن سەرگەرمی داڕشتنی ستراتیژێكی درێژخایەن بێ لە سوریا دەكرێ هێڵە گشتی یەكانی بەم شێوەیە بخوێندرێتەوە.
*مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە خۆرئاوای كوردستان كە هەریەكە لە تیلەرسۆن وەزیری دەرەوە‌و ماتیس وەزیری بەرگری ئاماژەیان بۆ كرد.
*یارمەتی دانی زیاتری هێزەكانی سوریای دیموكرات‌و پێكهێنانی هێزێكی 30 هەزار سەربازی بۆ پاراستنی سنور.
*بوژاندنەوەی ژێرخانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
رەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا ستراتیژی ئەمریكا بەشێوەیەكی روونتر دەربكەوێ، لەم بوارەشدا دەكرێ هێرشی ئاسمانی فڕۆكەكانی ئەمریكا بۆ سەر هێزێكی حكومەتی سوریا‌و هاوپەیمانەكانی بۆ پەلاماردانی هێزەكانی هەسەدە لە خۆرهەڵاتی فورات لە 9ی ئەم مانگە ئاماژەیەك بێ بۆ قۆناغی ئایندە.
لەمیانەی ئەو هێرشەدا ئەمریكا پەیامێكی ئاشكرای ئاڕاستەی هەموو ئەو لایەنانە كرد كە لە سەر خاكی سوریا بونیان هەیە ناوەڕۆكی پەیامەكەش چەند خاڵێك لە خۆدەگرێ لەوانە:
*ئەو لایەنانە بەتەنها ناتوانن لە ڕێی كۆنگرە یەك لە دوایەكەكانی ئەستانە‌و سوچێ- وە بڕیار لەسەر ئایندەی سوریا بدەن بەڵكو ئەمریكاش یاریكەرێكی سەرەكی یە‌و داهاتووی سوریاش بە رێككەوتن‌و لێك گەیشتن دەبێ لەگەڵ واشنتۆن دا نەك سەپاندنی چارەسەری تاك لایەنە.
*پەیامێكی ئاشكرایە بەوەی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی فروات تەنانەت هەندێ ناوچەی خۆرئاوای فوراتیش لەوانەش (منبج) هێڵی سورن‌و ناوچەی قەڵەمڕەوی ئەمریكا‌و هاوپەیمانەكانێتی‌و هیچ هێزێك بۆی نی یە ئەو سنورە دیاریكراوە ببەزێنێ.
سەبارەت بە توركیاش رۆژێك بەر لە هێرشەكە واتە لە 8ی شوبات واشنتۆن پەیامێكی تایبەتی بۆ ئەنكەرە نارد كاتێ ژەنەراڵ پاول فانگ فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق‌و سوریا سەردانی شارۆچكەی منبج- ی كرد، ئەوەش دوای لێدوانە یەك لەدوای یەكەكانی ئەردوگان‌و كاربەدەستانی بوو كە دەیانووت هێرش دەكەینە سەر منبج.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*