سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » لەپێناوی مافی پەنابەرێتیدا هەزاران کۆچبەر بوونەتە مەسیحی

لەپێناوی مافی پەنابەرێتیدا هەزاران کۆچبەر بوونەتە مەسیحی

بەو پێیەی ئەڵمانیا وڵاتێکی عیلمانی و مۆدێرنە، بەپێی دەستور هەموو کەس ئازادە لەدیاریکردنی بیروباوەڕی ئاینی خۆی و پەرستنی سروتە ئاینیەکان،هەڵبژاردنی ئازادی ئاین و بیروڕا دینیەکان بۆ تاکە کەس بەجیهێڵدراوەو دەستورویاساش بۆ هەموو خەڵک وەک یەکە،بەڵام میللەتە بێگانەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە بە تایبەتیش مییلەتانی عەرەبی و ئیسلامی، بەهۆی ڕاهاتنیان لەگەڵ تێکەڵکردنی ئەو دوو چەمکە لەلایەن ئەو وڵاتانەی لێیەوە هاتوون، هەوڵدەدەن بەهۆی ئاینی کریستیانەوە، هەلێکیان بۆ دروست ببێ ، تا ڕەحمیان پێ بکاو مامەڵەو ئیشوکارو مافی پەنابەرێتیان جێبەجی بکات.

زۆربەیان هی وڵاتانی عەرەبی و موسڵمانەکانن
لەماوەی سێ ساڵی ڕابردودا کۆچبەرێکی یەکجار زۆر ڕووی لەئەڵمانیا کردووە، زۆرینەی ئەوانەش خەڵکی وڵاتە گەرمەکانی شەڕو برسیەتین لەوانە: سوریاو عیراق و ئەفغانستان و وڵاتانی ئەفریقیا و ژمارەیەک وڵاتی تری عەرەبی و ئیسلامین،زۆربەی ئەوانەش گەنجن و تازە پێگەیشتون، لەوڵاتی خۆشیان واڕاهاتون کە بەهۆی گەندەڵی و کاریگەری مەزهەب‌و ئاین و حیزبەکان بەسەر بڕیاری دەوڵەت و ئاڕاستەکەی لە بەرژەوەندی هاودیدو هاوبڕواو هاوهەڵوێستی سیاسی ئەو پارتەبێ کەدەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بۆیە کاریگەری ڕەنگدانەوەی ئەو بۆچونە وایلێدەکات لە وڵاتی خانەخوێش کە ئەڵمانیایە، هەوڵبدات خۆی لەگەڵ ئاین یان سیاسەتی ئەو پارتە بگونجێنێت بەحیسابی خۆیان تاوەکو مافی پەنابەرێتی پێوەرگرێت و ئەو گواستنەوەی ئایینە کاربکاتە بڕیاری دەزگای پەنابەران و کارئاسانیان بۆ بکەن.

گۆڕینی ئایین بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی
بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی دۆیچەڤیلا بێت، لەماوەی ساڵانی ڕابردودا هەزاران کۆچبەری موسڵمان،ئاینی خۆیان گۆڕیوە بەئاینی کریستیان،بەپێی ئاماری کڵێساکان زۆربەیان ئێرانی وئەفغانین، لێکدانەوەی شارەزایانی بواری مافی پەنابەران ومیللەتە بێگانەکان وا دەردەخات کە یەکێکی تر لەهۆکارەکانی وەرگەڕانی ئەو خەڵکە دەگەڕێتەوە، بۆ زوڵم وستەمی حکومەتە بەناو ئیسلامیەکان کە خەڵکەکانیان تەنگەتاو و برسی وماڵوێران دەکەن و کاتێک ئەو کەسە دەگاتە ئەوروپا یان ئەڵمانیا، خۆشگوزەرانی و ئارامی کۆمەڵگا کریستیانیەکان دەبینێت، دۆشدادەمێنێ وهەوڵی گۆڕینی سروتەکانی خۆی دەدات.

دەرکەوتوە کە فێڵ و تاکتیکە
لەزۆرێک لە وڵاتە موسڵمانەکان بەتایبەتیش ئێران وئەفغنستان ئەگەر موسڵمانێک لەئاینی ئیسلام وەرگەڕێ و بچێتە سەر ئاینێکی تر ئەوا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپیندرێ ، ئەوەش هۆکارێکی ترە کە وا لە کۆچبەران دەکات کەئیدی حکومەتی ئەڵمانیا بەهۆی ئەو سزایەوە بیانگرێتە خۆی و نەیانگەڕێنێتەوە وڵاتی خۆیان، پێشدەچێت ئەو هۆکارە لەهەمویان کاریگەرتربێت، لەبەرئەم هۆیە بوو جاران هەریەکێک ئاینی خۆی بگۆڕیبایە یەکسەر مافی پەنابەرێتی زۆر ئاسانتر دەبوو بەختی دەکرایەوە، دواتر کە حکومەت زانی کۆچبەران بەو فێڵ و تاکتیکە، دەیانەوێت ئەو مافە وەربگرن ،ئێستا بەختیان بەڕێژەی ٩٥٪ کەم بۆتەوە.

پەنایان بۆ کڵێسا بردووە
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی بێڵد لەمڕۆژانە ٢٠٠ کەس لەوانەی چونەتە سەر ئاینی مەسیحی و بڕیاری ناردنەوەی وڵاتی خۆیانیان بۆ دەرچووە، لەبەردەم کڵێسایەک لەبەرلین خۆپیشاندانێکیان کردووە وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر بەو بڕیارەو خەستکردنەوەی هەوڵی کڵێسا بۆدەربازکردنیان لەو کێشەیە.

کڵێساش داکۆکیان لێدەکات
گۆڤاری شپیگلیش ئاشکرایکردووە کە گەورە قەشەی کڵێسای پرۆتسانتی ئەڵمانی بیرخەرەوەیەکی داوەتە حکومەت و باسی مەترسی ژیانی ئەو کەسانەیکردوە لەئەگەری دیپۆرتکردنەوەیان،ڕەخنەشی گرتوە لەوەی کەدەسەڵات بۆی نییە حوکم لەسەر بیروباوەڕەکانی خەڵکی بدات، قەشە هۆشداری داوەتە حکومەت لەبڕیاری ناردنەوەیان و ڕایگەیاندوە کە ئەمە پێچەوانەی یاسای وڵاتەو ئەوانە بکەونەوە دەستی حکومەتەکانیان لەسێدارەیان دەدەن،ئەو کڵێسایە لەسەر وێبسایتی خۆیدا بڵاویکردۆتەوە کە ١٤٠٠ کەسیان لەگەڵدایە کە زمانی فارسی و دادایی دەزانن بەو مانایەی ئەوانە هەمویان لە ئیسلامەوە بونەتە مەسیحی.

بەم هۆیەوە دەیان کەس کوژراون
پەیوەست بەو بابەتە لەمڕۆژانە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا رایگەیاند، دادگایەکی ئەڵمانیا حوکمی زیندانی تاهەتایەی بەسەر گەنجیکی ئەفغانیدا سەپاند، کە ژنێکی کامڵی خاوەن چوارمنداڵی هاو نیشتیمانی خۆی کوشتبو، بەهۆی ئەوەی وەرگەڕابوە سەر ئاینی کریستیان، ئەم حاڵەتە لەزۆر شوێنیکی دی ڕوویداوەو خەڵکی بەهۆی گۆڕینی ئاینیەکەیانەوە لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژراون.

print

 123 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*