سەرەکی » کەلتوور » بکوژانی هۆشمەندیی

بکوژانی هۆشمەندیی

مەحمود شێرزاد

کاتێ ژیاننامەی کەسانی داهێنەر دەخوێنیتەوە، ئەو کەسانەی بە داهێنانەکانیان، بە بیروبۆچوونەکانیان، بە فەلسەفە و مەعریفەکانیان، بە زانایی و بە داناییەکانیان رێڕەویی شارستانییەتی مرۆییان رێبەریی کردووە و گۆڕیوە و بە تەواوی کاریگەرییان لەسەر ژیانی تاک بە تاکی مرۆڤەکانی سەرزەوی داناوە، سەرت سوڕدەمێنێ، لەبەرچی؟ لەبەر ئەوەی نزیک بە تەواویان لە خوێندنی رەسمی و حکومی و نیشتمانی تەمبەڵ بوون و لە چوونە قوتابخانە بێزار بوون، حەزیان لێنەبووە بخرێنە ناو چوارچێوەی سیستەمی پەروەردەوە، حەزیان لەوە نەبووە بە زۆر هیچ شتێکیان بەسەردا بسەپێندرێ، لە خواردنەوە تا خوێندنی زۆرەملیان رەتکردۆتەوە. ئەم حاڵەتە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئەو منداڵانە بۆچی بەم شێوەیەن؟ ئایا کێشەیەکی دەروونی و جەستەیی و ئەقڵیان هەیە؟

ئەو منداڵانە هیچ کیشەیەکی جەستەیی و دەروونی و ئەقڵیان نیە، بەڵکوو کیشەیەکی گەورەتریان هەیە ئەویش ئەوەیە هۆشمەندن. هۆشیان سرکە و لە دانە و داو و چوارچێوە رادەکا، بۆیە بە ئاسانی دەستەمۆ نابن. ئەو جۆرە منداڵانە ئەوەی خۆیان حەزیان لێی نەبێ نایکەن. تا ئێرە هیچ کیشەیەک نیە، کێشەی سەرەکی ئەمەیە کە دایک و باوک ناتوانێ لەم حاڵەتە تێبگا، لەوانەیە منداڵەکەی بەرێتە لای پزیشکی دەروونی و ئەویش لێی تێنەگا و بە دەرزی و چارەسەری کیمیایی بۆردومانی بکا، لە کۆتاییدا دایک و باوک و پزیشک و پەردوەردە بە یەکەوە منداڵێکی هۆشمەند و شاد دەکەن بە کەسێکی خەمۆک و غەمگین و شکست خواردوو، کە ئەگەر ئازایان کردبا بە دڵنیایی کەسێکی داهێنە و بلیمەتی لێدەردەچوو. منداڵ تا گوێڕایەڵتر بێ، تا لەوەرگرتنی شتەکان زیرەکتر بێ، تا لەگەڵ بنەما و چوارچێوەکان کێشەی کەمتر بێ، تا داب ونەریتەکان باشتر جیبەجێ بکا ناهۆشمەنترە، بەڵام دایک و باوک وکۆمەڵ پێی دەڵێن ئاقڵ و بە ئەدەبە و…هتد. بە پێی لێکۆڵینەوە زانستییەکانیش هەموو ئەو منداڵانەی لە قوتابخانە و زانکۆ و حوجرەکاندا لە خوێندن یەکەم بوون لە کۆتاییدا هیچی باشیان لێ دروست نەبووە، بەڵکو بە پێی لێکۆڵینەوەکانیش هەموویان لە کۆتاییدا بوون بە کەسێکی شکستخواردووی غەمگین و بێ بەرهەم. لە راستیدا شارستانییەتی مرۆیی لەسەردەستی ئەو کەسانە گەشەی نەکردووە کە بە منداڵی بە زیرەک ناسراون، بەڵکو لەسەردەستی ئەو کەسانە گەشەی کردووە کە بە منداڵی هۆشمەندبوون و لەپەروەردە و راهێنان رایان کردووە و دایک و باوک و کۆمەڵ بە تەمبەڵیان زانیون. هەربۆیەش منداڵ تا تەمەنی ١٤ ساڵی دەبێ ئازاد بێ، نابێ هیچی فێر بکرێ، تەنیا دەبێ لە ژینگەیەکی خۆشدا بێ، کە تێیدا شاد و بەختەوەر بێ و بە هیج شێوەیەک قەلەقی و چوارچێوە و سنوور و…هتد ئەزموون نەکا، تەنیا دەبێ ئاگاداریان بین خۆیان تووشی رووداوێکی بەخوازراو نەکەن، هەر ئەوەندە بەسە. توانایی لە ئازادبووندا و بەرەبەرە گەشە دەکا و دەپشکوێ!

جەستە لە کێ وەردەگرین؟
ئێمە کاتێ لەدایک دەبین، هەر بە تەنیا جەستە نین و لەجەستەی دایک و باوکمانەوە دروست نەبووین، بەڵکوو بەشە پێکهێنەرەکانی ئێمە جۆراوجۆر و ئاڵۆز و نادیار و بەشی هەرەزۆریان نەناسراون. هەر یەک لە ئێمە لە رەهەندەکانی جەستە و زەین و وزەی گەردوونی پێکهاتووین. جەستە رەهەندی هەرە دیاری ئێمەیە. جەستە کاتییە، وێستگەیەکە لەگەشتی ژیان و گەشەکردندا بەکاری دێنین و دوای چەند ساڵێک بەجێی دێڵین. ئەو جەستەیە لە جەستەی دایک و باوکمان، لە خۆراک و خواردنەوە و لە ژێنگەی لەدایکبوون و لە کۆتایشدا لە بیرکردنەوەکانی خۆمانی وەردەگرین. بەڵام دەتوانین لەرێگەی گۆڕینی شێوازی ژیان و لە رێگەی وەخەبەرهێنان و بەکارهێنانی توانا زەینی و رۆحییەکانەوە بنەڕەتی جەستەمان بگۆڕین، کەچی کەم کەس ئەم کارە دەکا و هەموومان جەستەمان هەر لەسەر ئەو بنەڕەتە دەمێنێتەوە کە پێوەی لەدایکبووین. هیچ شتێک لە ژیاندا نەگۆڕ نیە، تەنیا بزۆکی و لەگۆڕاندابوونی ژیان نەبێ. ژیان بزۆکە، هەمیشە لە جوڵە و گۆڕاندایە، تەنانەت بەردیش هەموو ساتێ یەک شکڵ نیە، لە چرکەیەکەوە بۆ چرکەیەک دەگۆڕێ، بەڵام گۆڕانەکە ئەوەندە کەم و لەسەرەخۆیە ئێمە نەک لەم ساتەدا تەنانەت دوای دەیان ساڵیش گۆڕانەکە نابینین. ئەو شتانەی پێکهاتەی کوانتۆمییان زۆر چڕە، گۆڕانی رواڵەتیان زۆر لەسەرەخۆیە و هەستی پێناکرێ. کەواتە هیچ شتێک نەگۆڕ نیە، هەموو شتێک هەموو ساتێک لەگۆڕاندایە. ئەم یاسا گەردوونییە بۆ جەستەی ئێمەش راستە، هەربۆیەش جەستەی ئێمە هەرچییەک بێ مەگەر حاڵەتێکی دەگمەنی هەبێ دەنا خۆمان دەتوانین لەرێگەی وەرزش و خۆراک و خواردنەوە و تێڕامان و وەخەبەرهێنانی توانا زەینی و رۆحییەکان تارادەیەک بیگۆڕین و ئەو شکڵەی پێبدەین کە خۆمان دەمانەوێ. کەواتە دەتوانین جەستەمان بەڕێوەبەرین، بەڵام ناتوانین کارێک بکەین رۆژێ پیر نەبێ و هەڵنەوەشێتەوە، دەتوانین کارێک بکەین زیاتر بژیی، بەڵام رۆژێ هەردەمرێ، بەڵام خۆمان نامرین.

مردن نییە!
بە ئەزموونی یۆگی مردن نییە، ئەوەی هەیە گۆڕان و گەشەکردنی ئاگایی و رەهەند گۆڕینە. جەستە خاکە و دەگەڕێتەوە بۆ خاک، خوێن ئاوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئاو، گەرمی لەش دەگەڕیتەوە بۆ ئاگر، هەناسەمان دەگەڕێتەوە بۆ هەوا و فەزاکەمان «پرانا» دەگەڕێتەوە بۆ فەزا. ئەوانە پێنج رەگەزن، بەڵام ئێمە ئەو پینج رەگەزە نین، بەڵکو ئەو پینج رەگەزە بەکار دێنین. ئێمە ئاگایین. بەس خەڵک بە گشتی جەستە دەبینن و کەسەکان یەکتری بە جەستە دەزانن و تەنیا بە جەستەش یەکتری دەناسن. تا ئێستا کەس، کەسی نەبینیوە. چونکە بەس جەستەی کەسەکان دەبینین و کەسەکانیش جەستە نین. لەهەقیقەتدا، هیچ کەس جەستە نیە، بەڵکو هەموومان بۆ ماوەیەک لەناو ئەو جەستەیەدا دەبین و بەکاری دێنین. درکی ئەم ئەو بابەتە قورسە، بەڵێ! لەبەر ئەوەیە دەبێ راستەوخۆ ئەزموون بکرێ.

بەهەرحاڵ کەس لە ژێر ئەو خاکە دا نیە، بەڵام ئەگەر کەسەکە حەز و ئارەزووەکانی، ئاوات و ئامانجەکانی وەدیی نەهاتبێ و زۆری بۆ گرنگ بووبن و گیرۆدەیان بووبێ، تا ماوەیەکی نادیار هەمیشە لە دەورووبەری گۆڕەکەی دەبێ و هەوڵدەدا بگەڕێتەوە ناو جەستەی تا حەز و ئارەزووەکانی وەدی بێنێ، بەڵام تازە ناتوانێ، ئێستا ئیتر هەم وایەرەکە پساوە و تەزووی کارەبای ئەم ئاگاییە کە کەسەکەیە ناگاتەوە ئەم گڵۆپی جەستەیە و هەم گلۆپەکەش سووتاوە. دەبێ بڕوا بە جێی بێڵێ و دۆنێکیتر دەست پێ بکا. هیندۆسەکان رێک لەبەر ئەوە جەستەکە دەسووتێنن، تا کەسەکە بەدەوری جەستەیەوە سەرگەردان نەبێ و رێگای خۆی بڕوا!

ئەوەی هەیە ژیانێکی بزۆکی نەمرە، لە بنەڕەتەوە مردن نیە، کەس نامرێ، هەموو لەگۆڕاندایە و گەشە دەکا، لە کۆنەوە تا ئێستا هەموو یۆگی و عارفێک دوای ئەزموونکردنی ئەم هەقیقەتە، ئاشکرای کردووە. بۆ نمونە مەولانای جەلالەدینی بەلخی دەڵێ من قەت بە مردن کەمم نەکردووە، لە بێ گیانەوە بووم بە گیاندار، لە گیاوگوڵەوە بووم بە ئاژەڵ، لە ئاژەڵەوە بووم بە مرۆڤ، لە مرۆڤیشەوە دەبم بە ملائیکە و لەوێشەوە دەبم بە شتێک کە لە خەیاڵیشدا ناگونجێ، کەواتە بۆ لە مردن بترسێم؟!

زەینی بەتاڵ، زەینی راستەقینەیە!
رەهەندی دووەمی ئێمە زەینە. زەین شریتێکە لە خەرمانەماندا. مرۆڤ حەوت جەستەی هەیە، زەین جەستەی سێیەمە و جەستەی دووم جەستەی ئەتەرییە. ئەم شریتە خۆی هیچی لەسەر تۆمار نەکراوە، دایک و باوک و کۆمەڵ و پەروەردە بۆمانی پڕ دەکەنەوە. واتە بۆمانی پڕ دەکەن لە دین و داب و نەریت و خوخدە و وێنا و خەیاڵات و دواتر خۆشمان درێژەی پێدەدەین. لەم پرۆسەیەدا هەندێکمان نەبێ، بەشی هەرە زۆرمان هەر لە منداڵییەوە تەسلیم دەبین و لێدەگەڕێین ئەوانیتر ئەو شریتەمان بۆ پڕ بکەنەوە. هەربۆیەش هەندێکمان نەبێ خۆمان دەورێکی ئەوتۆ لەم پڕۆسەیەدا نابینین. ئێمە هەر لەسەرەتاوە بەرەبەرە ناوەرۆکی زەینمان لە دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵ و پەروەردە وەردەگرین. یانی دایک و باوکمان و کۆمەڵ چۆن بیر دەکەنەوە، حەزیان لە چیی و لە چی نیە، هەمووی بەسەر ئێمەش دەسەپێنن، جگە لەمانەش ئەو گرێیانەی خۆیان هەیانە هەموو لە ئێمەدا دروست دەکەن، لە هەمووی ترسناکترن ئەوەیە ئەو خەونانەی بۆیان وەدی نەهاتووە هەوڵدەدەن لە ئێمەدا بە ئێمە وەدی بێنن و لەو پێناوەشدا دەبێ تینێکی زۆرمان بۆ بێنن، تووشی سترێس و نارەحەتێکی زۆرمان بکەن و هەر لە منداڵییەوە ژینگەی ناخەکییمان لێ دەکەن بە جەهەننەم و ژیان و تواناییەکانمان سەرکوت دەکەن. ئەوەی هەقیقەتە ئەوەیە دایک و باوکەکان خۆیان ژیانیان ناخۆشە، لە ژیان تێنەگەیشتوون، بە جێگەی ئەوەی لە هۆکارەکانی ناخۆشیی ژیانی خۆیان بکۆڵنەوە، هەوڵدەدەن منداڵەکانیان وەک خۆیان لێ بکەن.

لەژیریی دەترسن
هەروەک چۆن دەتوانین جەستەمان بگۆڕین، بەهەمان شێوە دەتوانین زەینیشمان بگۆڕین. بەڵام گۆڕینی زەین قورسترە. بۆ ئەوەی زەینت بگۆڕێ دەبێ رەهەندیی «ژیریی»ەکەت چالاک بکەی. جەستەی ژیری جەستەی چوارەمە، لەجەستەی زەینی قووڵترە و لەرەکەی بەهێزترە، هەر کاتێک چالاک بێ رەهەندی زەینی بەتەواوی دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و خاوێنی دەکاتەوە. بۆیە لە کەلتووری ئەو ناچەیەدا و لە سەرجەم کەلتوورە دواکەوتووەکاندا زۆر دژایەتی ژیریی دەکرێ. دەڵێن باوەڕ بێنە و بیری لێمەکەوە. وەریبگرە و جیبەجێی بکە و بیری لێمەکەوە و تێیڕامەمێنە. ئەوان دەزانن ئەگەر تۆ بۆ وەرگرتنی بیروباوەڕەکان، بۆ وەرگرتنی داب و نەریتەکان ژیریی خۆت بەکار بێنی، لێی تێدەگەی و وەریناگری. لەم حاڵەتەدا تۆ دەبی بە کەسێکی یاخی و شۆڕشگێڕ و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵ دەکەونە مەترسییەوە. بەداخەوە هەر لە منداڵییەوە هەمووان، بە دین و دنیاوە لە ژیرییمان دەدەن.

ژیری ئەو هێزیە لە ئێمەدا کاتێ پێمان دەڵێن باوەڕ بە فڵان بیروباوەڕ بێنە، ئەو تێیڕادەمێنێ تا لێی تێبگا و بیناسێ، تا ئەگەر دروست بوو قبوڵی بکا و ئەگەر هەڵە بوو رەتی بکاتەوە. منداڵ بەگشتی جەستەی ژیرییەکەی چالاکە، بۆیە بەرامبەر زەینی دایک و باوکی دەوەستێ و بەئاسانی ملی کەج ناکا. دایک وباکیش لێی تێناگەن. ئەوان خۆیان زەینن، ئەوان ناتوانن وێنای ئەو دیوی زەین بکەن. ژیری و هۆشمەندی ئەو دیوی زەینن، هۆشمەندی تێپەڕاندنی زەینە، هوشمەندی لە منداڵییەوە بەرامبەر بە شکڵپێدانی زەین هەوڵدەدا بوەستێ. بۆیە بەربەرەکانێ دەکا و بە ئاسانی تەسلیم نابێ. لەولاوە دایک و باوک و کۆمەڵێش هەوڵی چر دەدەن تا رایبێنن. بۆ نمونە دایک و باوک بە زۆر منداڵ دەخەوێنن، بەزۆر هەندێ خۆراکی دەرخوارد دەدەن، بە زۆر لەسەر هەندێ هەڵسوکەت رایدەێنن، لە هەمووی کارەساتتر هەر لە منداڵییەوە لەسەر باوەڕی دینی رادێنن، لەوەش کارەسات تر پەرەوەردەی رەسمی و حکومی و نیشتمانیش هەمان کار دەکا.

بۆ کەس پێناکەنێ؟!
هۆکاری ئەوەی منداڵ بەرە بەرە سیس و ناشاد دەبێ ئەوەیە کە هۆشمەندی و ژیرییەکەی لێ دەستێنینەوە. بە جێگەی ژیریی، زەینی پڕدەکەن لە شتی مردووی بێکەڵک و زەینیێکی مردووی بۆ دروست دەکەین، زەینیش هەرگیز ناتوانێ شادی ئەزموون بکا، یانی کەسێک کە شرێتی زەینی لە بیروباوەڕ و کۆمەڵێک داب و نەریت و خوخدەی دیاریکراو تەژیی کرابێ هەرگیز ناتوانێ شاد و بەختەوەر بێ، تەنیا هەندێکجار هەندێ حاڵەتی شێوەشادی رووکەش ئەزموون دەکا. ئێستا بەڕێزت لە کەیەوە بە دڵ پێ نەکەنیوی؟ لە کەیەوە دڵخۆشیت ئەزموون نەکردووە؟ دوایینجار کەی هەستت بە بەختەوەریی کردووە؟ هەرچەند بەردەوام بەدوایاندا گەڕاوی، بەڵام هەرگیز نەتدۆزیونەتەوە، بۆ؟ هۆکارەکە لە زەینی خۆتدایە نەک لەدەرەوەی زەینت، شادی و بەختەوەریی و زانایی ئەوەیە زەینت خاوێن بکەیتەوە. هەر کاتێ زەینت خاوێن بکەیتەوە شاد و بەختەوەر و بەئاگا دەبی، جیا لەمە سیس و بەدبەخت و نەزانی بەرۆکمان دەگرێ، ئەمە هەقیقەتی گەردوونییە، گریمانەی مرۆیی نیە. لەم رۆژانەدا لەگەڵ کوڕە ٧ ساڵانەکەم لەجادەی مەولەوی سلێمانی بووین، لەپڕ گوتی: باوکە ئەوە بۆ کەس پێناکەنێ؟! ئەرێ بەڕاست بۆ کەس پێناکەنێ؟ هۆکارەکەی زەینە، هەر ئەو زەینەی کە هەوڵدەدەی منداڵەکەشت ببێتە خاوەنی. تۆ خۆت لەبنەڕەتەوە پێویستت بە پەروەردەیەکی گەردوونییە، بەڵام بوویتە پەروەردەکار. هەربۆیەش تا ئێستا هەر نەوەیەکی ناشاد و نابەختەوەر نەوەیەکی ناشادتر و نابەختەوەرتری بەرهەمهێناوە، ئەم رەوتە کاتێ کۆتایی دەێ کە زەین خاوێن بکرێتەوە. پەروەردە ئێمە دەبوو بە جۆرێک بایە هەموو ساتێک ئاگادار بێ زەینمان پیس نەبێ، ئێستا خۆم ئەوە بۆ منداڵەکەم دەکەم، هیچی فێر ناکەم و لەپێناو فێربوونی هیچ شتێکیشدا تینی بۆ ناهێنم و نایخەمە ناوچوارچێوەوە، لێی دەگەڕێم خۆی بە دڵی خۆی و بە هۆشمەندی خۆی هەڵسوکەوت بکا. پەروەردە دەبوو هەموو ساتێ هەوڵیدابا زەینمان کراوە و خاوێن بێ، زەینمان ئازاد بێ، بەڵام رێک بە پێچەوانە پەروەردە هەموو ساتێ هەوڵدەدا زەینمان پیستر بکا، زەینمان زیاتر دابخا و دیل و سنورداری بکا و…هتد. لە کۆتایشدا هەموومان تەنانەت دوای ئەوەی بووینوتەوە پزیشک، مامۆستای زانکۆ، پرۆفیسۆر، سەرۆکۆمار و بازرگان و…هتد، بەڵام لای یەکتری گلەیی لە ناخۆشی ژیانمان دەکەین، پێکەوە کۆ دەبینەوە و باس لە دەستەوەستانی و بێدەسەڵاتی خۆمان لە ئاست کێشەکاندا دەکەین. باس لەوە دەکەین ژیانمان زۆر ناخۆش بووە و لەژیانماندا خۆشیمان ئەزموون نەکردووە.

 325 جار بینراوە