سەرەکی » وتار » فه‌لاح كه‌ریم‌ » باڵە جیاوازەکانی‌ یەکێتی‌

باڵە جیاوازەکانی‌ یەکێتی‌

هێشتا زووە بوترێت کۆمەڵگەی‌ کوردەواری ئاشناییەتییەکی باشی‌ لەگەڵ زانستی‌ سیاسەت و مەعریفەی‌ گروپ و حزبی‌ سیاسی‌ هەیە. ئەگەرچی‌ وەک مێژووی‌ خەباتی‌ چەکداری‌ و ناڕەزایەتی‌ بەردەوامی‌ رەتکردنەوەی‌ دەسەڵاتە داگیرکارەکان بەشێوەی‌ پەڕاگەندە لەم ناوچە و ئەو ناوچەی‌ کوردستان بەردەوامی هەبووە، بەڵام ئەوانە زیاتر راپەڕین و ناڕەزایەتی‌ ناوچەیی‌ و بچووک بوون و سنووری‌ ناوچەکەی‌ خۆیان تێنەپەڕاندووە و ماوەیەکی‌ درێژیش بەردەوام نەبوون.
بۆ یەکەمجار لە مێژووی‌ خەباتی‌ گەلی‌ کوردستاندا گروپێکی‌ سیاسی‌ لەسەر بنەمای‌ (خاک) حزبێکی‌ سیاسیان پێکهێنا و بەپێی قۆناغ و هەلومەرجی‌ سەردەمی‌ خۆیان رێگە زانستییەکەی‌ خەباتی‌ سیاسی‌ و چەکدارییان گرتەبەر. یەکێتیی‌ نیشتمانیی‌ کوردستان بەرەیەکی‌ فراوانی‌ بیروباوەڕ جیاوازی‌ نیشتمانیی‌ بوو، چەتری‌ کۆکەرەوەی‌ بیروباوەڕەکان بۆ رزگاری نیشتمان و هێنانەکایەی‌ دەسەڵاتێکی‌ دیموکراسی‌ بوو.
ئەم گروپە سیاسییە هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵێک خاسیەت و تایبەتمەندی‌ تێدابوو کە بۆ خەڵکی‌ کوردستان و دوژمنانیش جێگەی‌ تێڕامان بوو، تەنانەت گروپ و دەستە سیاسییەکانی‌ ئەوکاتی‌ پارچەکانی‌ دیکەی‌ کوردستان و ئەوانی‌ دوای‌ ئەویش دروست ئەبوون، خۆیان لەگەڵ ئەمجۆرە لە کوالێتی‌ و خەسڵەتە شۆڕشگێڕی‌ و فکرییە دەسازاند یان دەیانویست بگەنە ئەو ئاستە. رێکخستنە تۆکمە مەدەنییەکە و رێکخستنە شۆڕشگێڕییە بەهێزەکە و جێبەجێکردنی پڕۆژە مەدەنی‌ و فکرییە نوێیەکان، لەو خەسڵەت و ماکە سیاسییە نوێیانەبوون کە خەڵکی‌ کوردستان پێی ئاشنا نەبوون. ی.ن.ک هێنانییە ناو ئەدەبیاتی‌ شۆڕش و سەر زمانی‌ خەڵک.
نوێگەرییەکانی‌ لە شێوازی‌ خەباتدا وایکرد لە ماوەیەکی پێوانەیی‌ کەمدا ببێتە جێگەی‌ ئومێد و بەشی‌ زۆری‌ شار و شارۆچکەکانی‌ کوردستان ببنە هاوکار و پشتوپەنای‌ شۆڕش. ئەوە هەقیقەتی‌ نوێگەری‌ و ئومێد بوو، بۆیە دەتوانرێت بوترێت: ی.ن.ک لە ماوەیەکی‌ کەمدا بوو بە خاوەنی‌ بنەغایەکی‌ بەهێزی‌ توانای‌ مرۆیی‌ خاوەن فکری‌ وا کە بتوانێت بەشێک لەو گەنجانە لەناو خۆیدا دیدوبۆچوون و رەوتی‌ فکری‌ نوێ بۆ خزمەتی‌ خەبات بهێننەکایەوە و بەشێکیش جیا ببنەوە و رێکخراوی‌ سیاسی‌ نوێ پێکبهێنن، کە لەهەندێ قۆناغدا ی.ن.ک-ی‌ دایک وەک باوەڕی‌ تەواوی‌ بە فرە حزبی هاوکار و یارمەتیدەریان بووە بەبێ ئەوەی‌ دەست بخاتە کاروبارییانەوە، چونکە باوەڕی‌ بەتواناکانی‌ خۆی‌ و چەتر بوونی‌ خۆی‌ هەبووە.
ئەم پێگەیاندن و جیابوونەوانەی‌ ناو ی.ن.ک لە سەرەتای‌ دروستبوونی‌ خۆیەوە دەستی‌ پێکردووە و سیماکانی‌ لە قۆناغە جیاوازەکاندا گۆڕانی‌ بەسەردا هاتووە. تەنانەت ئێستاش راگەیاندنی‌ کوردستان بەبێ شارەزایانی‌ کارکردووی‌ بواری‌ راگەیاندنی‌ ی‌.ن.ک بەڕێوە ناچێت و لە هەموو کەناڵە جدییەکانا شوێن پەنجەی‌ راگەیاندنکاری‌ ی.ن.ک دیارە.
مام جەلال وتە بەناوبانگەکەی‌ (سەفین لە بن دێت، ی‌.ن.ک لە بن نایەت) لەم روانگەیەوە وتووە و ئەو باشتر زانیویەتی‌ یەکێتی‌ خاوەنی‌ چ سەرمایەیەکی‌ فکری‌ و مرۆییە، ئەو دەیزانی‌ هەندێ رەفتاری‌ نەشیاو و نا بەرپرسانەی‌ خەڵکانی‌ ناو ی.ن.ک نامۆن بە جەستەو بناغە و پێکهاتەی‌ حزبە سیاسییەکەی‌.
تێروانینی‌ سەرکردە نوێ و گەنجەکانی‌ دامەزرێنەری‌ ی‌.ن.ک ئەوەبوو کەسیفات و خەسڵەتی‌ سەرکردایەتی‌ و پێشڕەوێتی‌ شۆڕشیش بگۆڕن و ئەوان لە ژیانی‌ خۆیاندا گۆڕییان و لەگەڵ بیروباوەڕی‌ خۆیان راستگۆ بوون. ئەوان وەک پێشمەرگە و خەڵکی‌ شارو گوندەکان لە سێدارە دران و لەبەرەکانی‌ شەڕ شەهیدبوون و منداڵ و خێزانەکانیان وەک لادێنشینان دەکەوتنە بەر بۆردومان و کیمیایی‌. یەکێتی‌ خەباتی‌ بۆ خەڵک بوو هەر دەبێت واش بمێنێتەوە،
یەکێتی‌ دوای‌ بەلاڕێدابردنی‌ لەلایەن هەندێ لەوانەی‌ کە ئەیانویست لاسایی‌ ئەوانە بکەنەوە کە خاوەنی‌ بەهای‌ سیاسی‌ و فکری‌ نین و لەسەر دروشمی‌ هەڵخەڵتێنەر و بریقەدار و بێ مانا و پووچی نەتەوەیی‌ دەژین، کاتێتی‌ بگەڕێندرێتەوە سەر رێچکە راستەقینەکەی‌ خۆی‌.
رێچکەی‌ خزمەتکردنی‌ خەڵک، رێچکەی‌ هەڵسەنگاندن و دەست نیشانکردنی‌ خەڵکی‌ شیا و بۆ خزمەتکردن. یەکێتی‌ خاوەنی‌ توانای‌ لە بن نەهاتووی فراوانە و رێکخستنەوەیەکی‌ نوێی پێویستە، ئەوەش دروشمی ‌چوارەمین کۆنگرە و یادی‌ 46 ساڵەیەتی‌.

 225 جار بینراوە