سەرەکی » ئاراستە » دوو وانە لە شۆڕشگێڕانی ڤێتنامەوە

دوو وانە لە شۆڕشگێڕانی ڤێتنامەوە

و: تاراشێخ عوسمان 

دوای ئەوەی شۆڕشگێڕانی ڤێتنام تەنگیان بە سەربازانی ئەمریكا هەڵچنی بوو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕیاریدا لەگەڵ شۆڕشگێڕانی ڤێتنام دانوستان بكات و داوای لێكردن وەفدێك بە نوێنەرایەتی بنێرن بۆ پاریس بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئاگربەست.

شۆڕشگێڕەكانیش چواركەسیان بە نوێنەرایەتی نارد كە بریتیی بوون لە دوو پیاو و دوو ژن، هەواڵگری ئەمریكا لە پاریس خۆشترین ئوتێلی بۆ وەفدەكە ئامادەكردبوو، هەموو پێداویستییەكی حەوانەوە و خۆشگوزەرانی لە خواردن و خواردنەوە بۆ ئامادە كردبوون.

كاتێك وەفدەكە گەیشتنە فڕۆكەخانەی پاریس چەند ئۆتۆمبێلێك لە چاوەروانیاندا بوو بۆ ئەوەی بیانباتە شوێنی حەوانەوەیان، بەڵام وەفدەكە رەتیانكردەوە سواری ئەو ئۆتۆمبێلانە ببن و داوایانكرد بە شێوازی خۆیان فڕۆكەخانە جێبهێڵن و راشیانگەیاند لە وادەی دیاریكراودا دەگەنە شوێنی كۆبوونەوەكان، ئەمەش وەفدەكەی ئەمریكای تووشی سەرسوڕمانكرد.

سەرۆكی وەفدی ئەمریكا لێیپرسین: ئەی لە كوێ دەحەوێنەوە؟ وەفدەكە وەڵامیان دانەوە: لای خوێندكارێكی ڤێتنامی كە لە یەكێك لە ناوچەكانی پاریسە. ئەمریكییەكە سەری سوڕما و پێی وتن: ئێمە شوێنێكی باشمان بۆ ئامادەكردوون لە ئوتێلێكی جوان و بە شكۆ.

سەرۆكی وەفدەكەی ڤێتنام وەڵامی دایەوە: ئێمە كە شەڕمان لەگەڵ دەكردن نیشتەجێی چیاكان بووین و لەسەر بەرد دەخەوتین و گژوگیامان دەخوارد، ئەگەر سروشتمان بگۆڕین، دەترسین لەگەڵیدا ویژدانمان بگۆڕێت، كەواتە وازمان لێبێنن.

لە راستیشدا وەفدەكە چوونە ماڵی خوێندكارە ڤیتنامییەكە و لە رۆژی دیاریكراوی كۆبوونەوەكەدا گەیشتنە لای وەفدەكەی ئەمریكا و دانوستانەكانیش بووە هۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە هەموو ڤێتنام.

كاتێكیش هەردوو وەفدی ئەمریكا و ڤێتنام جارێكی تر لە فڕۆكەخانە چاویان بەیەك كەوتەوە، سەرۆكی وەفدی ئەمریكا دەستی درێژكرد بۆ تەوقە كردن، ڤێتنامییەكان رەتیانكردەوە و سەرۆكی وەفدەكەیان بە ئەمریكییەكانی وت: ئێمە هێشتا دوژمنتانین و گەلەكەمان سەرپشكی نەكردووین تەوقەتان لەگەڵ بكەین.

ئەوەی ویژدانی بفرۆشێت نیشتمانیشی دەفرۆشێت
لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا ژەنڕال (ڤۆ نگوین جیاب)ی پاڵەوان و یەكێك لە سەركردەكانی شۆڕشگێڕانی ڤێتنام سەردانی پایتەختێكی عەرەبیی كرد كە گروپە شۆڕشگێڕەكانی فەلەستینی لێبوو، كاتێك ژیانی خۆشگوزەرانی سەركردەكانی ئەو گروپانەی بینی و ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانی ئەڵمانیای بینی كە لێیدەخوڕن و جگەرەی كوبیی و جلوبەرگی ئیتالیی و بۆنە گرانبەها فەرەنسییەكانی بینین و بەراوردی كرد بە ژیانی خۆی لەگەڵ شۆڕشگێڕانی بزووتنەوەی نیشتمانی رزگاریخوازی باشوری ڤێتنام (ڤیت كۆنگ) لە دارستانەكانی ڤێتنام، بە سەركردەی ئەو گروپانەی وت: شۆڕشەكەتان سەرناكەوێت!!.

لێیانپرسیی بۆ؟
وەڵامی دانەوە: چونكە شۆڕش و سامان یەك ناگرنەوە، چونكە ئەو شۆڕشەی كە هۆشیاری بەڕێوەی نەبات دەبێتە تیرۆر و ئەو شۆڕشەشی لە پارەدا نقوم بێت سەركردەكانی دەبنە دز.

ئەگەر بینیت كەسێك بانگەشەی شۆڕش دەكات و لە كۆشك و ڤێلادا دانیشتووە و خۆشترین خواردن دەخوات و لە خۆشگوزەرانیدا دەژی، هاوكات گەلەكەی لە چادرگەدا دەژین و یارمەتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان وەردەگرن بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێننەوە، ئەوا بزانە سەركردەكانی نایانەوێت دیفاكتۆكە بگۆڕن. كەواتە چۆن شۆڕشێك سەردەكەوێت كە سەركردەكانی نەیانەوێت سەركەوتوو بێت؟.

سەرچاوە: سایتی الدستور.

 369 جار بینراوە