سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌ » گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و هە‌رێم بەردەوام دەبن

گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و هە‌رێم بەردەوام دەبن

״حكومەتی هەرێم و فیدراڵ لە رێگەی سێ تیمی هاوبەشەوە میكانیزمی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دادەڕێژن״

راپۆرتی سەرەتای هەفتە؛

دیدار و كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای بودجەوە بەردەوام دەبن و هەردوولاش تەئكید لە «جێبەجێكردنی یاسای بودجەی 2021ی عیراق دەكەنەوە». بەپێی لێدوانی وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ كوردستانی نوێ، «حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە رێگەی سێ تیمی هاوبەشەوە میكانیزمی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دادەڕێژن».

تەئكید لە جێبەجێكردنی یاسای بودجە دەكرێتەوە
هەفتەی رابردوو، وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی بەغدای كرد و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی كرد.

وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ (سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر) كۆبۆوە. هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەدا كۆبوونەوەی هاوبەش لەنێوان (وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم و وەزیری دارایی عیراق)، (هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان)، بەڕێوەچوو، هەروەها كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆكی بانكی بازرگانیی عیراق كرا و لە كۆبوونەوەكاندا تەئكید لە جێبەجێكردنی یاسای بودجە كرایەوە.

״نزیكین لە رێكەوتنی كۆتایی״
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی وەفدی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، رایگەیاندووە «نزیكین لە رێكەوتنی كۆتایی لەسەر میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی یاسای بودجە، نیازپاكی لە هەردوولاوە لە پابەندبوون بە دەقی یاساكە، كاریگەریی باشی دەبێت لەسەر دۆخی دارایی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم-یش دەباتە قۆناغێكی نوێوە»، ئاماژەی بەوەشداوە «كۆبوونە‌وە‌كانمان بە‌ردە‌وام دە‌بن لە‌گە‌ڵ لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان و ئامادە‌كاریی تە‌واویشمان كردووە‌ بۆ‌ پابە‌ندبوون بە یاسای بودجەوە بەمەبەستی بە‌دە‌ستهێنانی شایستە‌ داراییە‌كانی هە‌رێم».

״میكانیزمێكی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە دادەڕێژرێت״
هەرلەوبارەیەوە، سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئامانجی سەردانی وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا گفتوگۆكردن بوو لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەمەبەستی دانانی میكانیزمێكی گونجاو لەپێناوی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی 2021ی عیراق بەتایبەتیش مادەی 11 كە پەیوەستە بە هەرێمی كوردستانەوە، وتیشی: لە كۆبوونەوەكاندا بڕیاردرا سێ تیمی هاوبەش كار لەسەر دانانی ئەو میكانیزمە بكەن، تیمەكانیش پێكهاتوون لە (تیمێكی وەزارەتی نەوتی عیراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، تیمێكی دیوانی چاودێری دارایی هەردوولا، هەروەها تیمێك لەگەڵ بانكی بازرگانیی عیراق)، ئاماژەی بەوەشدا: هەر سێ تیمەكە كۆبوونەوەیان كردووە و پاشان بە هاوبەشی راپۆرتی خۆیان پێشكەش دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە بەم نزیكانە هەر سێ تیمەكە جارێكی دیكە كۆببنەوە و میكانیزمی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دادەڕێژن و بناغەیەكیش بۆ ئەو مەبەستە داڕێژراوە. راشیگەیاند: كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و هەرێم لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای بودجەوە بەردەوام دەبن.

״بۆچوونەكان لەیەكەوە نزیكن״
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایگەیاندووە: بۆچوونەكانی هەرێم و بەغدا لەبارەی رێكەوتن لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنی یاسای بودجە، لەیەكەوە نزیكن.

 277 جار بینراوە