سەرەکی » زانست » بیرۆكراسی دەچێتە مێژووەوە

بیرۆكراسی دەچێتە مێژووەوە

ئامادەكردنی: بورهان ئەمین

پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و بواری ئەلەكترۆنی لە خۆرئاوا، پێ بەپێ لەگەڵ رەوتی كۆمەڵگەكان هەنگاو دەنێت و داهێنان لەم بوارانەدا تەكان بە رەوتی ژیان دەدات، بەجۆرێك كارئاسانی دەكات كە لەڕووی كات و تێچوونەوە قازانج بگەیەنێت و خزمەت بە مرۆڤایەتی دەكات.

ناسنامەی ئەلەكترۆنی
ئەڵمانیا لەدوای جەنگی دووەمی جیهان و یەكگرتنەوەی هەردوو بەری خۆرهەڵات و خۆرئاوا، بایەخێكی زۆر بە تەكنەلۆژیا دەدات، لەڕووی بەرهەمهێنانی ئامێر و كەرەستەی ئەلەكترۆنییەوە هەروەها دابەزاندنیان بۆ ناو بوارەكانی ژیان لە پێناوی ئاسانكاری و پێشخستن و چاوكردنەوەی زیاتری كۆمەڵگەكەی، بە ئەلەكترۆنیكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان و بواری ئۆنلاین و راییكردنی كارەكانیان بە شێوەیەكی خێرا و بێ سەرئێشە، بۆتە سیمایەكی دیاری ژیان و لەسایەی ئەمەدا هاووڵاتیان كاتێكی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە و لە سەرئێشەی قەرەباڵغی و نۆرە و هاتوچۆ دوور دەكەونەوە، بۆ پەرەپێدانی ئەم بوارەش لە كۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵدا پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاری بە ئۆنلاینكردنی ناسنامەی هەموو هاووڵاتییەكانی خۆیدا و بەو پێیە دانیشتووان ئەو كارتە نوێیەیان پێ دەدرێت و تا 10 ساڵ بەسەر ناچێت، شەش ژمارەی نهێنی لەسەرە و داتاو زانیاریی كەسەكەی تێدا تۆماركراوە، هاوشێوەی كارتی بانك هەر كەسەو ژمارەیەكی نهێنی كردنەوەی كارتەكەشی هەیە، كاتێك ئەو ژمارەیە بدەیتە فەرمانگەكان، هەموو زانیارییەكان دەردەكەون و ئەكتی كەسەكە بەردەست دەبێت.

ئەو ناسنامە نوێیە كە دەخرێتە ناو مۆبایلی زیرەكەوە لە 575 بواری جۆراوجۆری ژیاندا سوودی تایبەتی خۆی هەیە، لەوانە لەكاتی دەرهێنانی ناسنامەی منداڵی تازە لەدایكبوو، بەناوكردنی ئۆتۆمبێل، سكاڵاو داواكاری لە فەرمانگە و دامەزراوەكان، خۆتۆماركردن، نۆرەگرتن، هەموو ئەمانە لەڕێی ئەو كارتە زیرەكە و مۆبایلەوە دەتوانرێت رێك بخرێت.

كاغەز و قەڵەم كەمتر بەكاردێت
پەرەپێدانی ئەو بوارە نوێیەی سیستمی ئەلەكترۆنی لە ئەڵمانیا ئەو بیرۆكراسییە لادەبات كە لە هەندێک دامودەزگادا تائێستاش ماون و كاریان پێدەكرێت، بە كارپێكردنی ئەو كارتە مۆدێرنە كاغەز و قەڵەم و ژمارەیەك هۆكاری تری گەیاندن و پێویستی رۆژانە دەچنە ناو مێژووەوە و دەبنە كەرەستەیەك كە لەوانەیە لە داهاتوودا كەم كەس بەكاریان بهێنێت، ئێستا ئامێری فاكس لە ئەڵمانیا لە زۆرێك لە دامودەزگاكانی حكومەت و غەیرە حكومەت باوی هەیە و بەخەستی بۆ گەیاندنی نامە و پەیام و نووسراوە فەرمی و تایبەتی و بازرگانییەكان بەكاری دەهێنن، بەڵام لەوە دەچێت ئەو سیستمە نوێیە فاكسیش بخاتە ناو مۆزەخانە و ئەنتیكەخانەكان و ئیدی مرۆڤ پێویستی پێی نەمێنێت.

كارتی ڤاكسین
یەكێك لە كێشەكانی سەفەر و گەشتی هاووڵاتیان ئێستا نەبوونی كارتی ڤاكسینە كە بەپێی لێدوانی وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە، دەبێت تا كۆتایی مانگی حوزەیران هەموو ئەوانەی هەردوو ژەمە فاكسینەكەیان وەرگرتووە ئەو كارتەیان پێ بدرێت تا هاتووچۆیان بەبێ تەگەرە و بەبێ كەرەنتینە بكرێت، بەڵام لەبەرئەوەی لە زۆر بنكە و نۆڕینگە ئەو ڤاكسینە لە هاووڵاتیان دەدرێت و یەكگرتوو نییە، بۆیە هێشتا نەتوانراوە ئەم ئاسانكارییە بكرێت و كارتی ڤاكسین دەربچێت.

لەكاتی جێبەجێ بوونی پڕۆژە نوێیەکە و دەركەوتنی ناسنامەی نوێی هاووڵاتیان ئەو كێشەیەش نامێنێت و زانیاریی ڤاكسین و كۆرۆنا و داتاكانی تریش لەسەر ئەم كارتە تۆمار دەكرێت، بۆیە حكومەت ئێستا پەلەیەتی لە دەركردنی ئەم جۆرە ناسنامە ئەلەكترۆنییەی هەیە تا هاووڵاتیان بەزۆریی سوودی لێ ببینن.

سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا

 48 جار بینراوە