سەرەکی » زانست » ئەگەر شەكر نەخۆین چی روودەدات؟

ئەگەر شەكر نەخۆین چی روودەدات؟

كەشتی نوح

مرۆڤ رۆژانە بە تێكرایی 300 كالۆری گەرمی لە خواردن و خواردنەوە شیرینەكانەوە وەردەگرێت كە ساڵانە دەكاتە (35) كیلۆ شەكر، بەڵام پزیشكان و پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەدەن ئەگەر مرۆڤ رۆژانە بڕێكی كەمی شەكر بخوات بەسێتی بۆ پڕكردنەوەی (٪50)ی هەموو پێداویستییەكانی لەشی بۆ كالۆری.

ئەمەش مانای ئەوەیە كەسێكی پێگەیشتوو پێویستە بەلایەنی زۆرەوە رۆژانە 25 گرام شیرینی بخوات، ئەوەش بریتیە لە شەش كەوچكی بچووكی چا یان پارچەیەك شوكولاتەی بچووك.
لە راپۆرتێكیشدا كە لە وەرزنامەی (بریتیش میدیكاڵ)دا بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوە دراوە كە شەكر وەك توتن مەترسیدارە و بەشێكی كەمی شەكر باشە، بەڵام خواردنی شەكر و شیرینییەكان مەترسی گەورەیان هەیە لەڕووی تەندروستییەوە.

ئەی ئەگەر مرۆڤ واز لە شەكر بێنێت چی بەسەر لەشیدا دێت؟

دڵ جارێكی تر بە رێكی لێدەدات
هەندێك دەڵێن: دڵ خۆشحاڵ دەبێت بە شیرینی و لێدانەكانی زیاتر دەبن»، چونكە لە دوای خواردنی شیرینی لەش دەست دەكات بە دەردانی هۆرمۆنی ئەنسۆلین و دەمارەكان چالاك دەكات و پەستانی خوێن بەرز دەكاتەوە و تێكرای لێدانی دڵ زیاد دەكات، هەربۆیە بە بەردەوامی خواردنی شیرینییەكان كێشە لە سووڕی خوێن و كاری دڵدا دروست دەكات، کەواتە دوای ئەوەی مرۆڤ بەتەواوی واز لە بەكارهێنانی شەكر و شیرینییەكان دەهێنێت، دۆخی گشتی لەش رێك دەبێتەوە و دڵیش لێدانەكانی رێك دەبێتەوە.

ماڵئاوا زیپكە و پەڵە
دوای خواردنی بڕێكی كەمی شیرینی كۆلاجین كە پرۆتینی سەرەكیی ناو ماسولكە و پێست و بەستەرەكانە بەیەكدا دەنووسێت، بەمەش پێست نەرمییەكەی لەدەست دەدات.

رزگاربوون لە شێواوی مەگێز و خەمۆكی و ترس
ئەگەر كەسێك زیادەڕۆیی كرد لە شیرینی خواردندا و بڕیاریدا واز لەو خووەی بهێنێت، لەشی بە هەمانشێوەی وازهێنان لە بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییە دەكات، هەرچەندە بەردەوام بوون لە نەخواردنی شیرینی زۆر زەحمەتە، بەڵام ئەوە وا دەكات كەسەكە بە تەواوی لە دۆخی تێكچوونی مەگێز و خەمۆكی و ترس رزگاری ببێت.

خەوتن ئاسایی دەبێتەوە
كاتێك كەسێك زیادەڕۆیی دەكات لە شیرینی خواردندا، لەشی بە دەست بەرزبوونەوەی رادەی شەكر لە خوێنیدا دەناڵێنێت و ئەمەش وادەكات ئەو كەسە خەواڵوو بێت و هەمیشە حەز دەكات راكشێت و بخەوێت وەك ئەوەی ببورێتەوە.

كاتێك كە واز لە بەكارهێنانی شیرینی دەهێنێت، تێكڕای شەكر لە خوێنیدا بە نۆرماڵی دەمێنێتەوە و هیچ كێشەیەكی نابێت و لە شەوانیشدا خەوێكی قووڵی بێ كێشەی دەبێت، چونكە وەك پسپۆڕان ئاماژەی پێدەدەن، كەم خەویی چەند هۆكارێكی هەیە و یەكێكیان بەرزبوونەوەی رادەی شەكرە لە خوێندا، بە شێوەیەك شەكر ئاماژە دەدات بە مێشك بۆ كار و چالاكیی و ئەوەش خەوی كەسەكە دەزڕێنێت.

دابەزینی كێش
كاتێك كەسێك واز لە شەكر و شیرینی دەهێنێت، كالۆری زیادەی نامێنێت و كێشی بە شێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت بە ماوەی شەش مانگ پینج كیلۆ گرام لەدەست دەدات.

سەرچاوە: جریدة البیان

 131 جار بینراوە