سەرەکی » دۆسێ » خۆپیشاندەرانی عیراق بە ئاگر و ئاسن وەڵام دەدرێنەوە

ئەمریكا تووڕەیە

خۆپیشاندەرانی عیراق بە ئاگر و ئاسن وەڵام دەدرێنەوە

نید پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، ویلایەتە یەكگرتووەكان توڕەیە لەوەی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز لە عیراق، بە هەڕەشە و توندوتیژی و دڕندەیی» وەڵام دەدرێنەوە.

پرایس لە بەیاننامەیەكدا لە كۆتایی مانگی ئایاری 2021 رایگەیاندبوو»ویلایەتە یەكگرتووەكان توڕەیە لەوەی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازیی عیراقی كە دەڕژێنە سەر شەقامەكان و داوای چاكسازیی دەكەن، بە هەڕەشە و توندوتیژی و دڕندەیی وەڵام دەدرێنەوە».

لێپێچینەوە لە میلیشیا لەیاسادەرچووەكان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، خۆشحاڵی دەردەبڕێت بەرامبەر ئەو هەوڵانەی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە خراونەتەگەڕ بۆ «لێپێچینەوە لە میلیشیا لەیاسادەرچووەكان و گروپە چەكدارەكانی تر كە هێرش دەكەنە سەر ئەو عیراقیانەی داوای مافی رەوای خۆیان دەكەن بۆ ئازادی رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە، وێڕای هێرشكردنە سەر سەروەریی یاسا».

لە 25ی ئایاری رابردوو، هەزاران خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدای پایتەخت، دروشمیان دژی ئەو گروپ و میلیشیا چەكدارانە وتەوە كە دەستییان لە كوشتنی چالاكوانان و خۆپیشاندەرانە هەیە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانیشیان بە خەمسارد لە دیاریی كردنی ئەوانەدا تۆمەتبار كرد كە دەستییان لە كوشتنی دەیان چالاكواندا هەیە لە ناوچە جیاجیاكانی عیراق لەماوەی چەند مانگی رابردوو.

خۆپیشاندانی ئاشتیانە
پێشتر كازمی پشتیوانی خۆی بۆ ئازادی خۆپیشاندانی ئاشتیانە لە عیراق راگەیاند و فەرمانی بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران و دانبەخۆداگرتن و بەكارنەهێنانی گوللـە بەهەر هۆكارێك، دەركردبوو.

دواتر كازمی لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەلایەتی (تویتەر) رایگەیاندبوو»لێكۆڵینەوەیەكی بەرچاوڕوون دەستپێدەكەن، بۆ دەرخستنی راستی ئەو رووداوانەی لە دواساتدا لە خۆپیشاندانەكەی گۆڕەپانی تەحریر رویاندا…ئاسایش ئەركی هەموانە و دەبێت هەموان پارێزگاریی لە پاراستنیدا بكەین».

لە 26ی ئایاری 2021، هێزە ئەمنییەكان لە بەغدا، فەرماندەیەكی حەشدی شەعبیان دەستگیركرد كە تۆمەتبارە بە تیرۆركردنی چالاكوانان، ئەمەش لەكاتێكدا بوو كە سەرچاوەیەكی ئەمنی بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی رایگەیاندبوو»لە هەنگاوێكی بێ‌ پێشینە و لە دەمودەستی خۆپیشاندانەكەی بەغدا، خۆپیشاندەرێك بە گوللـە كوژرا، ئەمەش گرژی و ئاڵۆزی لە پایتەخت دروستكرد».

پێشتر سەرچاوەیەكی ئەمنی، ئاماژەی بە دەستگیركردنی قاسم موسڵیح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنباری حەشدی شەعبی كردبوو، بەتۆمەتی تیرۆركردنی ئیهاب وەزنی چالاكوان و سەرۆكی رێكخەرانی خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی لە كەربەلا كە بۆ چەندان ساڵ بوو هۆشداریی دەدا لە دەستباڵابوونی گروپە چەكدارە لەیاسادەرچووەكان، بۆیە لە دواساتدا بە گوللـەی ئەو چەكدارانە لەبەردەم ماڵەكەی خۆی كوژرا، دوایین چالاكوانییش كە لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە تیرۆركرا، فاهم تاهی بوو لە كەربەلا.

دواتر، وتەبێژی حەشدی شەعبی كە لە كۆمەڵێك گروپی چەكداری سەر بە میلیشیا جیاجیاكان پێكدێت، رایگەیاندبوو،قاسم موسڵیح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنباری حەشد ئازادكراوە.

زۆربەی جارەكان، تۆمەتی تیرۆركردن و بەئامانجگرتنی سەركردەكانی خۆپیشاندانەكان كە لە مانگی تشرینی یەكەمی 2019 دەستیان پێكرد، دەدرێنە پاڵ ئەو گروپە چەكدارانەی لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدان و دەڵێن لەژێر فەرمانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكاندان.

ناڕەزایی میللی
لەو دەمەی پێش دوو ساڵ ناڕەزایی میللی لە عیراق دەستیپێكرد، زیاتر لە 70 چالاكوان تیرۆركراون یان رووبەڕووی تیرۆركردن بوونەتەوە، لە هەمان كاتدا دەیانی تر رووبەڕووی رفاندن بوونەوە، لەم نێوەندەشدا گروپە چەكدارەكانی سەر بە حەشدی شەعبی تۆمەتبار دەكرێن.

لەبەرامبەر ئەو تیرۆركردانانە، بەغدا لە 25ی ئایاری رابردوو خۆپیشاندانێكی گەورەی بەخۆوەبینی و هەزاران كەس بەشدارییان تێداكرد، ئامانج لە خۆپیشاندانەكەش گوشارخستنە سەر حكومەت بوو بۆ لێكۆڵینەوە لەو تیرۆركردنانە كە پێشتر حكومەت بەڵێنی دابوو بكوژران بداتە دادگا، بەڵام ئەو بەڵێنانە نەكرانە كردار.

لە خۆپیشاندانەكەی بەغدا، زیاتر لە 150 كەس برینداربوون كە 130 كەسیان لە هێزە ئەمنییەكان بوون، خۆپیشاندەرێكیش بە گوللـەی هێزە ئەمنییەكان كوژرا، ئەمەش بە وتەی عەلی بەیاتی ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عیراق كە لە تویتێكیدا ئاماژەی پێكردبوو.

 273 جار بینراوە