سەرەکی » ئاراستە » چەند ساتێک لە خزمەت مام جەلال-دا

چەند ساتێک لە خزمەت مام جەلال-دا

مەدحی مەندەلاوی*
وەرگێڕانی: عوسمان حسێن ئەحمەد

1-2

هەندێک لە ئێمەمانان مام جەلال-مان وەک کێوێکی سەرکەش بینیووە لە رۆژە سەختەکاندا کە روبەڕووی هەموو ستەمکارییەکی دوژمن دەبۆوە، هەروەک هەریەکەمان حیکایەتی خۆمان لەگەڵ ئەو رۆژگارانەدا هەیە کە مام جەلال سەرکردایەتی هەزاران جەنگاوەری قارەمانی کوردی دەکرد کە هەریەکەیان لە بەردی کێوەکان قایم و خۆڕاگرتر بوون و لە دۆخێکی ئەوپەڕی ئەستەمدا دەجەنگان لەو دەمەی کە رژێمی دیکتاتۆری لە لووتکەی ملهوڕیی و لووتبەرزی و ستەمکاریی و پڕچەک و جبەخانە بوو، هاوکات پێشمەرگەش رۆژانە لەوپەڕی جەنگی روبەڕوبوونەوەی راستەقینەدا بوو بە چەکی زۆر سادە کە هەرگیز بەراورد نەدەکرا بە چەک و جبەخانەی سوپای عیراق.

لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، بارەگای مام جەلال دەکەوتە دامێنی چیای دابانەوە لە گوندی یاخسەمەری دۆڵی جافایەتی، ئەو گوندە جوانەش بەردەوام و بە شێوەی رۆژانە لەژێر رەحمەتی تۆپباراندا بوو لە سێ لاوە کە رۆژانە تا دەیان گوللە تۆپ لەناو گوندەکەدا دەکەوت بە زەویدا، دەیانی دیکە بە ئاسمانەوە بوو و دەیانی دیکەش لە لولەی تۆپهاوێژەکان دەردەچوو، بە دەگمەنیش فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی گوندەکە دەڕەوییەوە، بەجۆرێک کە بەردەوام دەنگی بۆمبە ناپاڵمەکان بە شێوەیەکی ترسناک چیاکانی دەهەژاند، ئەگەر بۆ کارێکی زۆر گرنگ نەبووایە، زۆرێکمان خۆمان دەبوارد لە چوون بۆ گوندی یاخسەمەر.

لەبیرمە جارێک سەرکردەی نەمر بەکری حاجی سەفەر کە بارەگاکەی لە گوندی چۆخماخی تەنیشت یاخسەمەر بوو، لە سەروبەندی شەڕی قەیوان- دووبرادا کە کەمێک لە شاری سلێمانییەوە دوور بوو، نامەیەکی بە یەکێک لە پێشمەرگەکانیدا ناردبوو بۆ مام جەلال، لەکاتی گەیشتنی ئەو پێشمەرگەیە کە فەرماندەی مەفرەزە بوو، بۆ یاخسەمەر بەهۆی بۆردومانەکەوە شەهید بوو، ئەوکاتە من لە چۆخماخ بووم.

مام جەلال ناردی بەدوامدا
سەر لە بەیانییەک یەکێک لە هاوڕێ پێشمەرگەکانم بە ناوی جەلیل کە بەداخەوە بەم دواییانە لە خانەقین لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا شەهیدبوو، سەردانی کردم کە ئەوکات لە بارەگای جەنابی مام جەلال پێشمەرگە بوو، ئەو پێشمەرگەیە کوڕێکی رۆح سوک بوو و زۆر حەزی لە گاڵتە و گەپ بوو، هات و پێی وتم مام جەلال داوای تۆی کردووە، پێشتر وام گومان کرد کە گاڵتە دەکات و کڵاوم دەنێتە سەر، چونکە من لە لایەن پێشمەرگە خانەقینییەکانەوە کڵاوم لەسەر نرابوو، بەڵام سوێندی گەورەی بۆ خواردم کە ئەمجارە بە راستێتی.

منیش هەرچی سەرم دەهێنا و دەبرد تێنەدەگەیشتم کە ئاخۆ دەبێت مام جەلال چ کارێکی بە من بێت و بۆچی بانگی کردووم، زۆرم بیرکردەوە ئینجا بەبیرم هاتەوە کە ئەندازیارێک هەبوو بەڵێنی بە مام جەلال دابوو کە نەخۆشخانەیەکی گەورە بۆ شۆڕش لە بەرگەڵو دروست بکات، لەو کاتەدا ئەو ئەندازیارە ئەوەی بیستبوو کە من بە هاوکاریی شەهید بەکری خەتات و مامۆستا عوسمانی برای کە بەڕێوەبەری قوتابخانەی هەڵەدن بوو لەگەڵ گەنجانی گوندی هەڵەدندا زۆربەی چینکۆی رەبییەکانی دابان و هەلاج و چەرماوەند و سەربازگەی گوندی شەدەڵەمان کۆکردبۆوە، دوای رزگارکردنی ئەو ناوچەیە لە دەست هێزەکانی رژێم لەلایەن پێشمەرگەوە، تا دوو پڕۆژەی بۆ گوندەکە پێ بکەین، یەکەمیان کتێبخانەیەکی گشتی بۆ برەودان بە ئاستی رووناکبیریی گەنجان و خوێندکارانی گوندەکە و دووەمیشیان دروستکردنی حەمامێکی ژنان لە نزیک کانی ژنان بۆ کچان و ژنانی گوندەکە کە تا ئەوکاتە هیچ کام لەو دوو پڕۆژەیە لە هیچ گوندێکدا نەبوو، بۆیە ئەو ئەندازیارە هات بۆلام و داوایکرد کە ئەو چینکۆیانەی لە پرۆژەی کتێبخانە و حەمامەکە زیاد دەبێت بیدەم بەو، لەبەرامبەردا ئەویش بەڵێنی بە من دابوو کە دەرگایەک و چەند پەنجەرەیەکی باشم بداتێ بۆ کتێبخانەکە، بەڵام پاش چاوەڕوانییەکی زۆر و دوای چەند مانگێک دەرگایەکی بچکۆلە و پەنجەرەیەکی بۆ ناردم کە تەنها بۆ زیندانی تاکە کەسی دەبوو نەک کتێبخانە.

وامزانی مام جەلال سەرکۆنەم دەکات
ئیتر منیش زۆر تووڕە بووم و نامەیەکم بۆنارد بە کۆمەڵێک جنێوی مزرەوە کە ماوەیەک کادرانی راگەیاندنی یەکێتی بەتایبەتی برادەرانی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان سەریان دەکردە سەر ئەو ئەندازیارە و بەوە تووڕەیان دەکرد لێان دەپرسی مەدحی لە نامەکەدا چی بۆ نووسیبوویت؟ بۆیە وا گومانم دەکرد کە ئەو ئەندازیارە چووبێتە لای مام و سکاڵای لە من کردبێت و مامیش بانگی کردبم بۆ سەرکۆنەکردن و لێم تووڕە ببێت، لەو ماوەیەشدا گیرفانم زۆر بەتاڵ بوو، جگە لە ساوەر هیچی تر نەبوو بیخۆم، وام لێهاتبوو گەدەم ببووە کۆنکرێت، چونکە من لە هەرەوەزیدا یارمەتیی هەموو خەڵکی گوندی هەڵەدن یان چۆخماخم دەدا، کە کاریان دەکرد دەچووم بۆ هاوکارییان جا چ خانوویان دروست بکردایە یان ئەو خانووانەیان چاک بکردایەتەوە کە بەهۆی بۆردومانەوە زیانیان پێگەیشتووە، بۆ نەگبەتی کە دەیانبردم بۆ نانخواردن بەزۆریی لەوێش هەر ساوەریان لێدەنا و دەرخواردیان دەدام.

ئەو نیوەڕۆیەش هەر ساوەریان هەبوو
زۆر پێشمەرگەم دەبینی کە چووبوونە بارەگای مام جەلال و دەهاتنەوە باسی خواردنەکانیان دەکرد کە چەور و بەلەزەت بووە بەتایبەتی قەل و قاز و گۆشت، بۆیە منیش لە دڵی خۆمدا وتم هەر دەچم بۆلای مام پێش ئەوەی سەرکۆنەم بکات، با بچم تێر نان بخۆم، دواتر دەچمە لای مام جەلال، بۆیە سەرەڕای بۆردومانی بەردەوام سەرکێشیم کرد و چووم بۆ یاخسەمەر بۆ بارەگای مام و سەرەتا چوومە ژووری چێشتخانەکە بزانم چیان هەیە، ئیتر گرنگ نییە دەبمە نێچیری فڕۆکەی میگ و پیلاتۆز.

کە گەیشتم یەکسەر بۆن و بەرامەی خواردن هات بەسەرمدا و لە چێشتلێنەرەکەی بارەگای مامم پرسی چیتان هەیە کە پیاوێکی بەڕێز و باش بوو، دیاربوو ئەو دەستبەجێ تێگەیشت کە من خەیاڵی چی دەکەم، بەڵام بە غەمبارییەوە وەڵامی دامەوە و وتی: ماوەیەکی زۆرە ساوەرمان لێنەناوە، مام ئەمڕۆ داوای لێکردم بۆ ژەمی نیوەڕۆ ساوەری بۆ لێ بنێم، منیش لە دڵی خۆمدا وتم ئای لەو بەخت و ناوچاوانە، باشە ئەمە بۆ لەو هەموو رۆژەدا ئەمڕۆ منی بانگکرد؟

سوێندم خوارد ئەگەر لەبرساندا مردووم لە یاخسەمەر، ئەمڕۆ ئەو ساوەرە ناخۆم، پاشان چوومە لای مام جەلال کە چووم و لە مەسەلەکە تێگەیشتم بابەتێکی خۆمی بۆ خوێندمەوە کە لە رۆژنامەی (الشراره‌)ی ئۆرگانی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بڵاوم کردبۆوە و زۆر پێی سەرسام بوو و لەوبارەیەوە باسی کارکردنی لەناو جەماوەردا بۆ کردم و هەروەها باسی ئەزموونی تایبەتی خۆی بۆ کردم و داواشی لێکردم کە بەردەوام بم لە نووسین لە رۆژنامەی (الشراره‌)، سەیرەکە لەوەدا بوو من لەسەر کورسییەکی تاک دانیشتبووم و مام لەسەر زەوییەکە دانیشتبوو وەکو هاوڕێیەک قسەی لەگەڵدا دەکردم و مەچەکی خستبووە سەر رانم، نەک وەک سەرکردەی یەکەمی شۆڕشێک کە هەموو ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی هەژاندبوو.

لەدوای دیدارەکەشمان پێی وتم کوڕم لەگەڵ مندا نانی نیوەڕۆ دەخۆیت، بەڵام کەمێک چاوەڕوان بە تا هەندێک کارم هەیە تەواویان دەکەم، بەڵام من سوێندم بۆ خوارد کە لەلای چەند هاوڕێیەکم دەعوەت کراوم و ئێستا ئەوان چاوەڕێمن، بۆیە هەر دەبێت بڕۆم.

دواجار لەژێر گرمەی بۆردومان و هاژوهوژی فڕۆکەدا بە برسێتی گەڕامەوە بۆ چۆخماخ کە بەپێ لە بارەگاکەی مام جەلالەوە بۆ بارەگاکەی خۆمان دوو سەعات دوور بوو، هەر بەڕێوە نەفرەتم لەو شانس و بەختەم دەکرد، بۆیە لەبرساندا لەناو بارەگاکەی خۆمان کەوتمە کنە و گەڕان بەشوێن خواردندا، کەچی جگە لە کەمێک ساوەری ساردەوە بووی رۆژی پێشتر زیاتر هیچی ترم دەست نەکەوت.

ئەوەی بەچەند رۆژ دروستمان کرد بە مووشەکێک روخاندیان
لەوەش ناخۆشتر ئەوە بوو ماوەیەکی زۆر خۆم و گەنجانی هەڵەدن سەرقاڵی دروستکردنی ئەو کتێبخانەیە بووین و شەو و رۆژمان خستبووە سەریەک و چەندین کتێب و بڵاوکراوەی شۆڕش و تەنانەت ئەو کتێبانەش کە لەناو شارەوە هێنرابوون ئامادەمان کردبوون بۆ کتێبخانەکە، کەچی هیشتا قوڕی سواغەکەی و کۆنکرێتی زەوییەکەی وشک نەببۆوە، کەوتە بەر رەحمەتی تۆپباران و بە چەند گولـلە تۆپێک هەموو ئەوەی بە چەند رۆژێک بنیاتمان نابوو، بوو بە شوێنەوارێکی رووخاوو داتەپیو.

ئەوە جگە لەوەی بڕیاربوو دوای کتێبخانەکە حەمامە گشتییە ژنانەکەش دروست بکەین، بەڵام تا دەهات دۆخی ناوچەکە بەرەو خراپتر دەچوو، بە جۆرێک دۆخی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش بواری ئەوەی تێدا نەمایەوە کە جگە لە گرنگیدان بە کونە تەیارە و حەشارگە بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانی فڕۆکە و تۆپباران، بیر لە بنیاتنانی هیچ پڕۆژەیەکی کەلتوری و هونەری و مەدەنی بکەینەوە تا گەیشتە ئەنفالەکان کە بەهۆیەوە خەونەکانمان و هەموو ئەوەی لەو ناوچەیە و ناوچە ئازادکراوەکانی دیکەدا بنیاتنرابوو، خاپوور بوو و شوێنەوارێکیان نەمایەوە.

*ئەم چیرۆکە لە کتێبی چاپنەکراوی (نقوش من الذاكره‌)ەوە وەرگیڕاوە، کە نووسەر بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی.

 122 جار بینراوە