سەرەکی » ئەدەب و هونەر » چیرۆکی ئەوینێکی سەیر، زۆر سەیر!

چیرۆکی ئەوینێکی سەیر، زۆر سەیر!

بورهان ئەلشاوی

وەرگێڕانی: دلاوەر قەرەداخی

پیۆتەر ئیلیچ چایکۆڤسکی لە 7 ی ئازاری ساڵی 1840 لە شاری (فوتکسنک) لە ئورال، لە خێزانێکی خۆشگوزەران لەدایک دەبێ، باوکی بەڕێوەبەری یەکێک لە کانەکان و دایکیشی بە بنەچە فەرەنسایی بووە. پیۆتەر کوڕی دووەمی نێوان چوار برا و تاقە خوشکێک بووە. ئەگەرچی (ئەلیکساندرا) ی خوشکیان بچووکترینیان بووە، بەڵام نزیکترینیان لە پیۆتەرەوە بووە. وەک نەریتی خێزانە بۆرژوازییەکانی سەردەمی روسیای قەیسەری؛ خێزانەکەی ئەمانیش دایەنێکی فەرەنساییان بۆ سەرپەرشتی و پێدانی وانەی مۆسیقا بە مناڵەکان لای خۆی دامەزراند. ئەم دایەنە دەیگێڕێتەوە جارێکیان خۆی بە ژوورەکەی پیوتەردا کردووە؛ کە هێشتا تەمەنی نەبووەتە پێنج ساڵان، بینیویەتی چاوی سوور هەڵگەڕاوە، لێی پرسیوە چیتە؟ پیوتەر لە وەڵامدا دەستی بۆ سەری بردووە و گوتوویەتی: «مۆسیقا… مۆسیقا لێرە لە سەرمدایە، خەریکە دەمکوژێت!» ئیدی خێزانەکەی ناچار دەبن بۆ ماوەیەک لە وانەکانی مۆسیقا دووری بخەنەوە تا مێشک و دەروونی هێور بێتەوە. بەڵام سەریان دەسووڕمێ کاتێ دەبینن سەرکەوتن و پێشڤەچوونی زۆر خێرا لە فێربوونی مۆسیقادا بەدەست دەهێنێ. ئەو دایەنە چیرۆک و سەرگوزشەی زۆر بۆ پیۆتەر دەگێڕێتەوە لەوانە: چیرۆکی (ژان دارک ـ پاکیزەی ئورلیان)؛ ئەو چیرۆکە لە قووڵایی چایکۆڤسکی منداڵدا دەمێنێتەوە تا ئەوەی دوای سی ساڵ توانی ئۆپرایەک بە ناوی (پاکیزەی ئورلیان) دابنێ.

کاتێ چایکۆڤسکی تەمەنی دەبێتە 10 ساڵان؛ خێزانەکەی بڕیار دەدەن بۆ (قوتابخانەی ناوخۆیی حقوق)ی سان پیتەرسبورگی پایتەختی بنێرن، دایکی لەگەڵ خۆیدا بۆ ئەوێی دەبات، کاتی لەیەک جیابوونەوە، چایکۆڤسکی بە دایکییەوە دەنووسێ و نایەوێ جێی بهێڵێ. ساڵانێک دواتر چایکۆڤسکی لەبارەی ئەو ساتەوەختەوە دەڵێ: ئەو رۆژە ترسناکترین رۆژە لە ژیانمدا.

ساڵانی ژیانی چایکۆڤسکی لە قوتابخانەی حقووق بەهۆی دووری لە دایکییەوە کە بێئەندازە خۆشی دەویست، پڕ غەم و ئازار بوو، بە جۆرێک کە کاریگەری دەروونی قووڵی لە ئەودوای ژیانیدا جێهێشت. یەکەمین هیدمەی ژیانیشی؛ مردنی ئەو دایکە میهرەبانەی لە مانگی تەمموزی 1855 دا ببووە پەتای کولێرا، کە ئەوکات چایکۆڤسکی تەمەنی لە پازدە ساڵ زیاتر نەبووە. رەنگبێ وشە لە قەرەی غەمی قووڵ و چڕیی ئازاری ئەو کوڕە هەستیار و دڵ و هەست ناسکە بۆ ئەو کۆچە نەیەت؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چایکۆڤسکی لەو کاتەدا وانەی پیانۆ لای یەکێک لە هەرە مامۆستا بەنێوبانگە ئەڵمانەکان وەردەگرێ؛ بەڵام باری ئابووری خێزانەکە لەو سەردەمەدا تێک دەچێ و ناتوانێ چیدی پارەی سەعاتەکانی فێربوونی مۆسیقا بدات. بۆیە لێی دادەبڕێ، بەڵام هەر لەو کاتەدا مامۆستای گۆرانی؛ (بیکولی) دەناسێ کە فەزڵی چەسپاندنی بناخەی زانستی مۆسیقا لای چایکۆڤسکی، بۆ ئەو مامۆستایە دەگەڕێتەوە.

مۆسیقا… مۆسیقا
ساڵی 1859 چایکۆڤسکی قوتابخانەی حقووق تەواو دەکا و لە وەزارەتی داد دەبێتە فەرمانبەر. بەڵام ئەو کارە تینوێتیی بە لرفەی چایکۆڤسکی بۆ ژیان ناشکێنێت. دەکەوێتە سەردانی هۆڵ و یانە ئەدەبی و هونەرییە بەربڵاوەکانی ئەوکاتی پایتەخت. بەڵام تەنانەت ئەو فەزایانەش تامەزرۆیی رۆحە وێڵەکەی ئەویان کە باوەشی بە مۆسیقادا کردبوو؛ هێور نەدەکردەوە. رێک لەم قۆناغەدا چایکۆڤسکی زانی کە ئیدی چارەنووسی، بە مۆسیقاوە گرێ دراوە.

کاتێ لە ساڵی 1862 دا یەکەم پەیمانگای مۆسیقا لە روسیا کرایەوە؛ چایکۆڤسکی لە یەکەمین ئەو کەسانە بوو داوانامەی بۆ وەرگرتن پێشکەش کرد؛ کاتێکیش خوێندنی مۆسیقای لێ تەواو کرد؛ (روبنشتاین)؛ کە پەیمانگای مۆسیقای لە مۆسکۆ بەڕێوەدەبرد، وەرگرتنی پلەی مامۆستای تیۆری مۆسیقای لە پەیمانگاکەدا بۆ پێشنیاز کرد؛ ئیدی چایکۆڤسکی بۆ مۆسکۆ گواستییەوە و لەو پەیمانگایەدا بووە مامۆستا کە ئێستا وەک رێز لێنان لە بلیمەتی و یادەوەری ئەو؛ بە ناوییەوە ناوزەد کراوە.

خەونەکانی زستان… زەماوەندی سەیر
لە مۆسکۆ هەرزوو چایکۆڤسکی خۆی لە نێو هاوڕێیانێکی نوێ لە نووسەر و بیریار و مۆسیقاراندا دەبینێتەوە؛ بەڵام رۆحی ئەو عەوداڵی گۆشەگیری بوو. چڕەوە بوو بوو لەسەر مۆسیقا؛ خۆری ناوبانگی لە هەڵاتندا بوو، یەکەم سەمفۆنیای خۆی بە ناوی (خەونەکانی زستان) نووسی، بەڵام ئەو خافڵگیرییەی کە ئەوکات ناوەندە رووناکبیرییەکانی ئەوکاتی مۆسکۆی هەژاند، زەواجی بوو لەگەڵ یەکێک لە قوتابیانی پەیمانگاکەدا.

راڤەکان لە هەڵهێنانی مەتەڵی ئەو زەماوەندەدا هاودژ و ناکۆک بوون، هەندێ کەس پێیان وابوو ئەو هەنگاوەی چایکۆڤسکی هەوڵێکە بۆ رەواندنەوەی ئەو پڕوپاگەندانەی کە خەریک بوو لەبارەی لادانی رەگەزیی دەخرانە دوای؛ بەڵام (لاروخ) ی مۆسیقار و هاوڕێی نزیکی چایکۆڤسکی لە کتێبەکەیدا وردەکاری زۆر گرنگی لەوبارەیەوە بۆ جێهێشتووین بەوەی کیژەکە قوتابی پەیمانگای مۆسیقا بووە؛ عاشقی چایکۆڤسکی بووە و لێی نزیک بووەتەوە، بەڵام ئەم لە مەرامی نەگەییشتووە، پاشان کەوتووەتە نووسینی نامەی سۆزداری بۆی و ئەوینی خۆی بۆ ئاشکرا کردووە، بەڵام چایکۆڤسکی وەڵامی نەداوەتەوە، دواجار کچەکە نامەیەکی بۆ دەنووسێ و تیایدا هەڕەشە دەکا کە ئەگەر نەیخوازێ ئەوا خۆی دەکوژێ، کاتێ چایکۆڤسکی وەڵامی ناداتەوە، ئیدی کچەکە هەر بەڕاستی هەوڵی خۆکوشتن دەدا. جا کاتێ کە پڕوپاگەندەکانی لادانی رەگەزیی لەسەر چڕ دەبۆوە، وەک بەزەیی و پارێزگاریکردن لە پێگە و ئابڕووی خۆی، مل بۆ زەماوەند لەگەڵ ئەو کچەدا دەدا.

هەموو بەڵگەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە رەنگە ئەو کچە هەر بەڕاستی عاشقی چایکۆڤسکی بووبێت؛ بەڵام ئەو خۆشەویستییە و پاشان زەماوەندەکەیان بۆ هەردووکیان بە کارەسات شکایەوە. ئەوان لە یەک ماڵدا بەبێ هیچ جۆرە پەیوەندییەکی ژن و مێردایەتی دەژیان. هەلومەرجەکانی رەوش و ژیاننامەی چایکۆڤسکی هەرچۆنێک بووبێ، بەڵام حیکایەتی ئەو زەماوەندە ،کەسایەتی میهرەبان و مرۆڤانەی و ئامادەیی ئەو بۆ قوربانیدان لەپێناو بەختەوەرکردنی ئەوانی تردا دەسەلمێنێ. چایکۆڤسکی لە نامەیەکیدا بۆ (نادیجدا فون میک) کە ئەویش یەک بە خۆی لە کێشمەکێشێکی دەروونی لەگەڵ خۆیدا دەژیا و ئەوەش زیاتر چایکۆڤسکی لێ نزیک خستەوە، هەندێ لە وردەکارییەکانی ئەو زەماوەندە ئاشکرا دەکات.

نادیجدا… ئومێدی کەڕولاڵ
لەمیانەی وانە گوتنەوەی لە پەیمانگادا، چایکۆڤسکی کاری مۆسیقایی زۆر گرنگی نووسین؛ لە دیارترینیان بالیەی (رۆمیۆ و ژولێت)، ئەگەرچی داهات و باری دارایی لەو ساڵانەدا هاوتەریب لەگەڵ خزمەت و ناوبانگیدا دووبەرابەر بووبوو، بەڵام داخوازییەکانی ژیانی خێزانی و دەستبڵاویی ژنەکەی کە زیاتر شەیدای رواڵەت بوو، خستییە ناو تەنگژەیەکی ماددییەوە و ناچار بوو وانە تایبەتی بڵێتەوە.

یەکەم پەیوەندی چایکۆڤسکی بە هاوڕێی ئەودوای ژیانی و هاوبەشی ژیانی داهێنانییەوە؛ کاتێک بوو کە لە 18ی دیسامبەری ساڵی 1876 دا نامەیەکی لە خاتوو (نادیجدا ڤون میک) ەوە پێگەییشت. ساڵانێک دواتر؛ چایکۆڤسکی لەبارەی ئەو رۆژەوە دەڵێ: ئەو رۆژە بەختەوەرانەترین رۆژی ژیانم بووە.

نادیجدا کە بە زوبانی روسی واتە (ئومێد)، بێوەی ئەندازیارێکی بە بنەچە ئەڵمانی هێڵی ئاسن بوو، کە بۆ ئیش هاتبووە روسیا، سەروەت و سامانێکی زۆری پێکەوە نا، بەڵام مرد و یازدە کوڕ و کچی جێهێشتن، دوای خۆی ژنەکەی سەرپەرشتی موڵک و ماڵەکەی دەکرد.

نادیجدا کاتێک مێردەکەی دەمرێ تەمەنی چلوێنج ساڵ دەبێ، کاتێک نامە گۆڕینەوەکانی لەگەڵ چایکۆڤسکیدا دەستپێدەکات، خاوەن رۆحێکی تژی لە مۆسیقا دەبێ. ئەو ژنێک دەبێ کە خۆی لە کۆمەڵگە ئۆرستۆکراتییەکە گۆشەگیر کردووە؛ هەموو توانای خۆی بۆ پەروەردە کردنی مناڵەکانی و بەڕێوەبردنی ماڵەکە تەرخان کردووە، بەڵام رزگاریی خۆی لە مۆسیقادا دەبینییەوە.

لە نامەیەکیدا بۆ چاکۆڤسکی دەنووسێ کە کارە مۆسیقاییەکەی (زریان) لە قووڵاییڕا هەژاندوویەتی و فرمێسکی هەڵگۆزاوەتە چاوانی. لەگەڵ ئەوەدا کە چایکۆڤسکی لە ناوەندە رووناکبیرییەکەدا کەسێتییەکی ناسراو بووە و پەیوەندی گرتن لەگەڵیدا سانا بووە، بەڵام پەیوەندیی ئەو و نادیجدا پێکەوە لە رێگەی یەکێک لە قوتابییەکانییەوە بووە کە وانەی مۆسیقای بە یەکێک لە منداڵەانی نادیجدا دەگوتەوە.

مامۆستای گەنج لەبارەی گۆشەگیریی مامۆستاکەی و تەنیایی و دۆخی سەختی داراییەوە بۆ خاتوو نادیجدا دووا. خاتوون دەستوبرد بۆ یارمەتیدانی کەوتە خۆ، بۆ ئەوەی نە ئەو خەجاڵەتبار بکا و نە خۆیشی، شێوازێکی بۆ ئەو یارمەتیدانە دۆزییەوە؛ ئەویش بە داوا لێ کردنی بۆ نووسینی پارچەیەک مۆسیقا بۆ کوڕەکەی تا راهێنانی لەسەر بکا، بەرامبەر ئەوە پاداشتێکی پێدا کە بە خەویش نەیدیبوو.

دوو رۆحی وێڵ
ئەو دوو رۆحە وێڵە بەختەوەرییان لەو تەرزە پەیوەندییە سەیرەی نێوانیاندا دەدۆزییەوە. دوای ئەوەی پەیوەندییەکەیان؛ بێگومان لەڕێی نامەوە توندوتۆڵ بوو، نادیجدا پێشنیازی بۆ کرد واز لە ئیشەکەی لە پەیمانگای مۆسیقا بهێنێ و خۆی بۆ داهێنان و دانانی مۆسیقا تەرخان بکات؛ لە بەرامبەردا بڕێک پارەی مانگانەی زۆر باشی بۆ دەبڕێتەوە و شوێنێکی حەوانەوەشی بۆ دابین دەکا بە مەرجێک هەوڵ نەدا لێی نزیک ببێتەوە و هەرگیز وردەکارییەکانی پەیوەندییەکەیان بۆ هیچ کەس ئاشکرا نەکات، بەڵکو داواشی لێ کرد کە هیچ کارێکی مۆسیقایی خۆی بە ئاشکرا پێشکەشی ئەم نەکات. بەڵام وەفای چایکۆڤسکی بەرامبەری؛ رێگەی ئەوەی پێ نەدا، جووڵەی دووەمی سەمفۆنیای چواری؛ بۆ (هاوڕێی ئازیز) کە مەبەستی نادیجدا بوو، پێشکەشی ئەو نەکات.

ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە؛ لەگەڵ جیابوونەوەی لە هاوسەرە گەنجەکەی کە چیدی بڕستی ژیانی لەگەڵیدا نەمابوو، چایکۆڤسکی پەیوەندیشی لەگەڵ نادیجدا دا پچڕا. ئەو پچڕانە ناکاوە بۆ ماوەی چەند دەیەیەک بابەتی باس و وتووێژی لێکۆڵەرەوان بوو. هەندێکیان دەیگەڕێننەوە بۆ زەرەرمەند بوونی موڵک و سەروەتەکەی خاتوو (ڤون میک) لە بورسەدا؛ ئەمەش ئەوەیە کە لە دوایین نامەکانیدا ئاماژەی پێداوە. بەڵام هەندێ لە بەڵگەنامەکان باس لەوە دەکەن مێردی کچەکەی کە وەک سکرتێریشی وا بووە؛ لەگەڵ کوڕەکانی رێک کەوتووە و بڕیاری خنکاندنی ئەو پەیوەندییە و بڕینی یارمەتییەکانیان داوە. بەڵکو تەنانەت بەشدار بوون لە نەگەییشتنی نامەکانی ئەو بۆ ئەم و بە پێچەوانەوە و دڕاندنی ئەو نامانەی کە ئەم بۆ چایکۆڤسکی دەنووسین.

چەند نامەیەک لەبەردەستتدان کە چایکۆڤسکی بۆ ئەوی نووسیون؛ بەڵام ئەو نامانە دیار نین کە نادیجدا وەک وەڵام بۆ ئەوی نووسیون و نەگەییشتوون. ئەو دابڕانە ناکاوە چایکۆڤسکی خستە نێو خەمۆکییەکی قووڵەوە، نائومێدییش ناجیندای داگرت، وایدەزانی چایکۆڤسکی لەبەر ئەوە نامەی بۆ نووسیوە چونکە یارمەتی ماددی دەدا، ئێستاش کە یارمەتییەکە پچڕاوە، لە نامە نووسین وەستاوە.

نامەکانی گۆشەگیریی
لە یەکێک لە نامەکانی سەرەتایدا؛ (نادیجدا) بۆ چایکۆڤسکی نووسیوە : «کاتێک بۆ یەکەمجار گوێم لە مۆسیقاکەت رادێرا؛ حەزێکی بەلرفە هانی دام بتناسم. من داهێنان لە کەسێتی داهێنەر جیاناکەمەوە، بەڵام هێندەی سەرسامیم بە مۆسیقاکەت؛ لە ناسینیشت زەندەقم چوو بوو».

لە نامەیەکی تردا چایکۆڤسکی بۆ نادیجدا دەنووسێ: «نەخۆشییەک من و تۆی لەیەکدی نزیک خستەوە کە ئەویش نەخۆشی (گۆشەگیری و دوورەپەرێز بوونە لە خەڵک) … ئەو کەسانەی دووچاری ئەم نەخۆشییە دەبن لە شەڕانگێزی خەڵک ناترسن، بەڵکو لە لێ نائومێدبوونیان دەترسن. ئەوانە زوربەی جار کاتێک خەڵک دەناسن، تامەزرۆیی بۆ دۆزینەوەی نموونەی باڵا دایاندەگرێ».

ئەو نامانە گوڕێکی زۆریان بۆ داهێنان بە چایکۆڤسکی بەخشی، لەو ساڵانەدا شاکارە نەمرەکانی خۆی داهێنان؛ بالییەکانی: دەریاچەی قوو، بوندوق شکێن، ئۆپراکانی: یەفگینی ئونیگن، پاکیزەی ئورلیان، ژنە جادووگەر، خاتوو ئەلبستونی، هەروەها کارە ئۆرکیستراڵی و سەمفۆنیاکانی چوارەم و پێنجەم و پارچەی1812 ، هاملێت، کۆنشیرتۆی دوو و سێ بۆ پیانۆ، کۆنشیرتۆی یەک بۆ کەمان، ئەمانە و جگە لە ئۆپرای (رۆمیۆ و ژولێت) و کۆنشیرتۆی (وەرزەکانی ساڵ) و شاکارە مۆسیقاییەکانی تری.

سەیر ئەوەیە (نادیجدا ڤون میک) نزیکەی سێ مانگ دوای مردنی چایکۆڤسکی و سێ ساڵ دوای پچڕانی نامەکانی نێوانیان؛ دەمرێت. چایکۆڤسکی سیمفۆنیایەکی ناتەواو بەناوی سیمفۆنیای شەش لە دوای خۆی جێدێڵێ. (کلاوس مان) سەبارەت بەو سەمفۆنیایە و ژیانی چایکۆڤسکی، رۆمانێک بەناوی سەمفۆنیای ناتەواو دەنووسێت.

سەرچاوە: فەیسبوکی نووسەر

 150 جار بینراوە