سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » پاکێجی سپی

پاکێجی سپی

حكومەتی راگوزەریی عیراق «بعد خراب البصرە» خۆی بۆ چاككردنەوەی رەوشەكە بە گشتی و رەوشی ئابوری بە تایبەت تاودەدات، چاككردنەوەیەك كە لەسەر بنەمای «بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان» و بەرزكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلار و شتێك زیاتركردنی داهاتی خاڵە سنورییەكان بەندە.

پاكێجی سپی كە لەلایەن عەلی عەللاوی وەزیری دارایی و پسپۆڕ و شارەزایانی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە ئامادەكراوە، جێبەجێكردنەكەی چەند ساڵێكی دەوێت تا كاریگەرییە ئەرێنییەكانی بەسەر ئابوریی وڵاتەوە دەردەكەوێت، چەند ساڵێك لە گرانی و دانبەخۆداگرتن و نیمچە سكهەڵگوشین.

قورستر لە گرانكردنی نرخی باڵانسی پەیوەندی مۆبایل كە لە بری حكومەت و كۆمپانیاكان، هاووڵاتی بەشدار زیانی پێگەیشت، ئەم پاكێجەش بە گرانكردنی نرخی خەرجی دۆلار، زیانی گەورەی بە چینەكارنی ژێرەوە گەیاند و كاڵا و پێداویستییەكانی لەسەر گرانكردن.

لە سەیروسەمەرەكانی ئەم وڵاتە ئەوەیە كە لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیدا هاووڵاتی زەرەرمەندی یەكەمە و بارە گرانەكەی دەكەوێتە ئەستۆ، لە چاكسازیی و ریفۆرمیشدا هەر هاووڵاتی دەكرێتە كۆچی قوربانی و تاقیكردنەوە قورسەكەی لەسەر دەكرێت.

پاكێجی سپی، بەبێ‌ رەچاوكردنی لایەنە سیاسییەكانی، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا كاریگەرییەكی نەرێنی زۆری لەسەر هاووڵاتیان دروستكرد و لەبری باشكردنی ژیان و گوزەرانیان، ئاڵۆزییەكی گەورەی لەبازاڕدا خولقاند و هێندەی تر رەوشی ئابوری خەڵكی خراپ كرد.

حكومەتی عیراق، لە جیاتی وشككردنی سەرچاوەكانی گەندەڵی و بەرگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و چاوسوركردنەوە لە نەهەنگە گەورەكان، چاكسازییەكانی لەسەر شانی هەژاران و خاوەن داهاتە سنوردارەكان جێبەجێ‌ دەكات، لە جیاتی كەمكردنەوەی ناڕەزایی جەماوەر و گوێگرتن بۆ داخوازییەكانی شەقام و رێگرتن لە تیرۆركردنی چالاكوانان، گۆڕەپانەكانی مانگرتن و خۆپیشاندان و داواكارییە رەواكانیان پشتگوێ‌ دەخات.

پاكێجی سپی، لەسەر هەمان رێڕەوی چاكسازییە نەزۆكەكانی پێشوو رێدەكات، لەسەر هەمان ژێ‌ ئاوازەكانی دادەنێت، بە هەمان بارەوە كاروانەكانی بەڕێدەخات، چاوی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە لە بازاڕەكانی جیهان و زیاتركردنی داهاتەكانیشی لەسەر بنەمای گرانكردنی نرخی خەرجی دۆلارە، هەرچییەكیش لەبارەی هەمەجۆركردنی ئابوری و پشتكردنە «ئابوری ریعی»یەوە دەوترێت، قسەیە و قسەش ناچێتە گیرفانەوە.

 331 جار بینراوە