سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » بێمنەتیی حکومەت هەتا کەی؟ بێمنەتییش سنووری هەیە

بێمنەتیی حکومەت هەتا کەی؟ بێمنەتییش سنووری هەیە

دروشمەکان رۆژ لەدوای رۆژ چەندە بریقەدارتر و سەوزو سوورتر بنوێنن، بە پێچەوانەوە کردەوە و رەفتارەکان رەشتر و تاریکتر دەردەکەون.

هەرچەندە لە تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان و ئەم کابینەی نۆیەمەدا بەراورد بە خولەکانی پێشوو کەمتر رۆژنامەنووس و چالاکوان و پەرلەمانتاران تیرۆرکراون لە رووی جەستەیی و فیزیکییەوە، بەڵام خەریکە بەناوی یاسا و دادگاوە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان و پەرلەمانتاران بە شێوەیەکی دیکە و بە نەزمێکی تر لەڕووی فیکرییەوە تیرۆر دەکرێن، چالاکی و هەڵسووڕانی سیاسی و مەدەنی و پەرلەمانیان لە قاڵب دەدرێت و چالاکوانان و رۆژنامەنووسان بە تۆمەتی هەڵبەستراو لە کونجی زیندانەکان توند دەکرێن.

ئەم بێ منەتییەی هەندێک لە کاربەدەستە باڵاکانی حکومەتی هەرێمیش لەکاتێکدایە کە لەسەر زاری بەشێک لە بەرپرسانی حکومی و سەرکردەی باڵای حزبەکانی کوردستان خۆیان و سەرکردەی لایەنە عیراقییەکان و دەرو جیران و تەنانەت دۆستانی وڵاتانی باڵادەستی خۆرئاوایی هەرێمیشەوە هۆشداریی ئەوە دەدرێت کە قەوارەی هەرێم لەبەردەم مەترسیدایە.

ئەوەی لەم خولەی پەرلەمان و حکومەتدا دەیبینین، لە سەردەمی بەرەی کوردستانی-شدا نەمانبینیووە، لەکاتێکدا کە سەردەمی بەرەی کوردستانی نە یاسا هەبوو کاری پێ بکرێت و نە حکومەتێکی بە ئەزموون هەبوو، بەڵکو ئەوکاتە دەکرا پێی بوترێت ئەزموونی ساوا، چونکە هەموو ئەوانەی باڵادەست بوون هیچ ئەزموونێکی حکومڕانیان نەبوو، هیچ داهاتێکی ئەوتۆیان نەبوو، بەڵام زۆر لە ئێستا دڵسۆزانەتر کاروبارەکانیان رادەپەڕاند.

ئەگەرچی پێنج حزب بە مافی ڤیتۆوە کاریان لە بەرەیەکدا دەکرد، هەر لایەنە و هێزی چەکداری خۆی، گومرگی خۆی، سیاسەتی تایبەت بە خۆیان هەبوو، بەڵام چونکە ویستێک هەبوو بۆ بنیاتنانی حوکمڕانییەکی خۆبەخۆی کوردستانی، توانرا بنەماکانی ئیدارەیەکی تەقلیدیی کولەمەرگی بنیاتبنرێت، ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی بکرێت، کولیەیەکی عەسکەری بۆ بنیاتنانی سوپایەکی نیزامی دابمەزرێنرێت، بە باربۆی حزبەکان و دەغیلەی منداڵان زانکۆی سلێمانی دووبارە بنیات بنرێتەوە، مووچە ئەگەرچی کەمیش بوو، بەڵام بە شێوەی مەمرەو مەژی هەر دەتوانرا دابین بکرێت بەبێ «لێبڕین و پاشەکەوت» و… هتد.

ئەمەی ئێستا دەیبینین، یان ئەوپەڕی بێ منەتیی کاربەدەستانی حکومەتە لە بەرامبەر ئەو هەموو ستەمەی رۆژانە لە هاووڵاتییان دەکرێت، یاخود شکستی تەواوەتیی کابینەی نۆیەمە.

جا لێرەدا دوو بژاردە لەبەر دەستدایە، یان ئەوەتا ئەگەر بێ منەتیی حکومەتە لە خەڵک و داواکارییەکانیان، ئەوا ئەم بێمنەتییەش سنووری هەیە و عاقیبەتی باش نابێت وەک خۆتان و دۆستان و نەیارانیش هەریەکەی بە زمانێک دەڵێن قەوارەی هەرێم لەبەردەم مەترسیی جدیدایە، ئەگەر وایە بەنیازی کێن بەرگریی لە قەوارەکە بکات کە ئێوە بەر لە هەموان دەست بنێنە بینەقاقای ئاسایش و پێشمەرگه و پۆلیس واتە ئەوانەی کە ئەگەر مەترسی هەبێت دەبێت ئەوان مەترسییەکە بڕەوێننەوە، یان بە تەمای ئەو کارمەندەن کە بەبەرچاوی ئەوانەوە بە ملیاران دینار و ملیۆنان دۆلار رۆژانە بۆ حکومەت لە خاڵە سنوورییەکان و فەرمانگەکان لە گومرگ و باج و رسومات کۆدەکەنەوە و دەبرێتە بانکەکانەوە و ئەوانیش زەقەی چاویان دێت و دەمێک بە دوو مانگ مووچەیەک و دەمێکیش بە ناوی پاشەکەوتەوە مووچەکانیان دەبڕرێت و دەمێکیش بەناوی لێبڕین و کورتهێنانی بودجەوە بە زۆرە ملێ پارەکەیان لێ دەبڕن؟

ئەگەر مەسەلەی پاشەکەوتی مووچە لە 2016 پاساوێکی هەبوو کە نرخی نەوت هاتە خوار 25 دۆلارەوە و جەنگی دژ بە داعش لە سەرەتایدا بوو و ئاوارەیەکی زۆر رووی لە هەرێم کردبوو، هیچ وڵات و دەزگایەکی خێرخوازیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی وەک پێویست نەهاتبوو بەدەم ئاوارەکانەوە و هیچ وڵاتێکیش وەک پێویست نەهاتبووە پای هاوکاریی هەرێم و پێشمەرگە لە جەنگی دژبە تیرۆردا، بەهۆی سیاسەتی بەناو ئابووریی سەربەخۆوە بەغدا هەموو بودجە و مووچەیەکی لە هەرێم بڕیبوو، بەڵام ئێستا هیچ کام لەو پاساوانە نەماون و لە سەروو هەمووشیانەوە نرخی نەوت بە تێکڕایی لە نێوان 65-75 دۆلاردایە، شەش ساڵ زیاترە پلەبەرزکردنەوە، تەرفیع ، عەلاوە و دامەزراندن هەمووی وەستێنراوە، سەرەڕای ئەوەش مووچە بە بڕینەوە دابەش دەکرێت و دەشتانەوێت کەس قسە نەکات و هیچ چالاکوان و رۆژنامەنووسێک نقەی لێوە نەیەت؟

یەکێکی تر لەو دیمەنە سەیرو سەمەرانەی کە دەیبینین ئەوەیە کە لەو سەردەمەی دەمانوت ئەزموونی ساوای کوردستان، پەرلەمان و حەسانە و پارێزبەندیی پەرلەمانتار حورمەتێکی هەبوو، تەنانەت لە کاتی گەرمەی شەڕی ناوخۆشدا کە هەولێر لە ژێر هەژموونی یەکێتیدا بوو، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی زەردی پارتی رۆژانە لە مەسیف و پیرمامەوە دەهاتن بۆ دەوام لە پەرلەمان و بەهۆی پارێزبەندییەکەیانەوە رێگە بەکەس نەدەدرا دەستبهێنێتە رێگەیان، بەڵام لەدوای 25 ساڵ لە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، تازە بەتازە لە 2016 سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمان لە بازگەی پردێ دەگەڕێنرێتەوە و پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن لە بازگەی دێگەڵە سەگ بەردەدرێتە ئۆتۆمبێکەکانیان و لەدوای 29 ساڵیش لە تەمەنی پەرلەمانەکە پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن زێرەڤانییەوە رێگریی لێدەکرێت نەک بۆناو هۆڵی پەرلەمان، بەڵکو لە دەرگای دەرەوە بچێتە حەوشەی باڵەخانەی پەرلەمانەوە!

لەوەش سەیرتر چەند مانگێک لەمەوبەر حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو کە گوایە نزیکەی 27 ملیار دۆلار قەرزارە، کەچی تازە بەتازە دوای ئەو هەموو دواخستن و لێبڕینەی مووچە بەرپرسێکی باڵای ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت: حکومەت 30 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار قەرزارە!

حکومەتی هەرێم کە تووشی ئاستەنگی دارایی دەبێت، دەستبەجێ رووی گلەیی دەکاتە بەغدا و ئۆباڵەکەی دەخاتە ئەستۆی بەغدا، لەکاتێکدا لەسەردەمی عەبادی بە گوشاری ئەمریکا و دۆستانی تر لە دوای دابڕانێکی زۆر مانگانە 300 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەکرا، دواتر لە سەردەمی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی بوو بە 453 ملیار دینار و تا سەرەتای سەردەمی کازمیش بەردەوام بوو، لەبەر پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمەوە ئەوەش دووبارە بڕا، لە 2018 تا 2020 چەندجارێک هەرێم بەڵێنی رادەستکردنی نەوتی دا و لەسەر ئەو بنەمایە پارە رەوانەکرا لە بەغداوە، گەرچی هەرێم بە زارەکی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، لەسەر بنەمای بودجەی پەسەندکراوی 2021 داهاتی نەوت و بەشێک لە داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغدا بکات، بەڵام وەک بەغدا ئاماژەی پێدەکات هێشتا ئەو پابەندییەی جێبەجێ نەکردووە و ئەم مانگەش مووچەی بە سیستمی لێبڕینی ٪21 دابەشکرد.

ئێستا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە ئاخۆ ئەم بێمنەتییە هەتاکەی؟ لە کاتێکدا خەڵک بە گشتی نان و ئازادیی دەوێت، چەندین ساڵە چاوپۆشی لە نانبڕین و خراپیی بژێویی کردووە لە پێناوی ئەوەی کە گوایە ئازادیی هەیە بەراورد بە بەغدا و بەشێک لە وڵاتانی دراوسێ، بەڵام لە سایەی ئەم دۆخەی ئێستادا وا ئازادییەکەش بەدەردی نان و بژێوییەکە دەچێت و ئیتر پێناچێت ئەو بێ منەتییەتان تاسەر بۆ بچێتەسەر، چونکە واپێدەچێت لایەنی سەرەکیی پێکهێنەری حکومەت و زۆرینەی پەرلەمان، بیەوێت لایەنە بەشدارەکان بکاتە شەریکی هەموو ئەو بێ منەتییە، یاخود ناچاریان بکات بکشێنەوە تا زیاتر مەیدانەکە بۆ خۆیان تەخت ببێت و بە لۆژیکی زۆرینە و کەمینە چیان بوێت بۆیان مەیسەر ببێت.

 284 جار بینراوە