سەرەکی » ئابووری » ״ناردنی پێشینەی دارایی بۆ هەرێم، بڕیارێكی تەواو یاساییە״

״ناردنی پێشینەی دارایی بۆ هەرێم، بڕیارێكی تەواو یاساییە״

یەکەی ئابووری

شارەزایەكی بواری یاسا دووپاتیدەكاتەوە، وەزیری دارایی عیراق دەسەڵاتی جێبەجێنەكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی نییە لەبارەی ناردنی پێشینەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان تا وادەی كۆتاییهاتنی وردبینییەكان.

لەو بارەیەوە، تارق حەرب شارەزای بواری یاسا لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندووە، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەبارەی ناردنی پێشینەی دارایی بۆ حكومەتی هەرێم، بڕیارێكی تەواو یاساییە و وەزیری دارایی ناتوانێت رایبگرێت و جێبەجێی نەكات.

وتیشی: «دواخستنی ناردنی ئەو بڕە پارەیە، ستەمێكە كە لە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، لەبەرئەوەی ئەو بڕیارە پێشینەیە بۆ هەرێم نەك بەشە بودجە و دەتوانرێت دواتر حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم پاكتاوی بكەن».

ئاماژەی بەوەشكردووە، مووچەخۆرانی هەرێم بوونەتە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان و هیچ كەسێك دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران قبوڵ ناكات، چونكە ئەم بابەتە مرۆڤایەتییە و پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە و دەبوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەو پێشینەیە خەرج بكرێت.

وتەی ئەو یاساناسە لە كاتێكدایە، پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا بە ناردنی بڕی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ حكومەتی هەرێم، وەك پێشینە تا كاتی كۆتاییهاتنی كارەكانی وردبینیكردن لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عیراقەوە، بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەك نەخراوەتە سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی هەرێم. بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش هۆكارەكەی بۆ وەزیری دارایی عیراق دەگەڕێننەوە، كە ئامادەنییە ئیمزا لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە بكات. لە ترسی ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە روبەڕووی لێپرسینەوە بكرێت.

 240 جار بینراوە