سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەفغانستان؛ كێ شوێنی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا دەگرێتەوە؟

ئەفغانستان؛ كێ شوێنی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا دەگرێتەوە؟

دوای بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان، كێشە و شەڕ لە نێوان بزوتنەوەی تالیبان و سوپای ئەو وڵاتەدا دروستبووە ‌و بەگوێرەی ئاژانسەكان، چەكدارانی تالیبان لەكۆی سێ دەروازەی سنووری نێوان ئەفغانستان و ئێران، دوو دەروازەی كۆنترۆڵ كردووە و رایدەگەیەنن كە رێژەی 85 %ی خاكی وڵاتیان لەژێردەستدایە و هەمووی كۆنترۆڵ دەكەنەوە.

هاوكات كۆبوونەوە و دانوستان لە نێوانیاندایە و لایەنەكانی حكومەتی ئەفغانستان و تالیبان وەك دوو لایەنی بەشداربووی كۆبوونەوەكان، راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردۆتەوە و یەكهەڵویستیان لەبارەی راگرتنی شەڕ دەربڕیوە. بڕیاریشیانداوە كۆبوونەوەی داهاتوو بەم نزیكانە بكرێت و جگە لە پرسی ئاشتی و سەقامگیریی وڵات، دامەزراندنی كۆمارێكی ئیسلامیش تاوتوێ بكرێت. لەو سەروبەندەشدا، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: تا 31/8، هەموو هێزەكانیان لە ئەفغانستان دەكشێننەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە، تا ئێستا نزیكەی 90 ٪ی هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە كشاونەتەوە و بڕیارە نزیكەی 600 بۆ هەزار سەرباز بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەكەیان لە ئەفغانستان بمێننەوە.

رۆژنامەی The Guardianی بەریتانی نووسیویەتی، هەریەك لە توركیا و پاكستان و روسیا كەوتوونەتە جموجۆڵی سیاسی، بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان لەوێ هەبێت. یەكێك لەو وڵاتە دراوسێیانەی كاریگەری زۆری پشێوی ئەفغانستانی بەسەرەوەیە، ئێرانە كە نزیكەی دوو ملیۆن و 500 هەزار پەنابەری ئەفغانستانی لەخۆی گرتووە ‌و ئێستاش نزیكەی یەك ملیۆنی تر لەسەر سەر سنوورەوە چاوەڕێی وەرگرتنیان دەكەن.

روسیا
پێگەی شپیگل ئۆنلاینی ئەڵمانی نووسیویەتی، یەكێك لەو دراوسێیانەی كە لە ئاژاوەی ناو ئەفغانستان بترسێت، روسیایە كە خۆرئاوای ئەو وڵاتە هاوسنووری وەك تاجیكیستان و ئۆزباكستان «كۆمارەكانی یەكێتیی سۆڤێتی پێشوو»، مەترسی ئەوەی هەیە كە هێرش و پەلامارەكانی تالیبان ئەو كۆمارانەش بگرێتەوە و دۆخی دراوسێكانی تێكبدات.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا، لە دوای هێرش و پەلامارەكانی تالیبان لە هەرێمی بادگیس لە خۆرئاوای ئەفغانستان رایگەیاند، لەو كاتەوەی دانوستان هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئیئتیلافی، تالیبان توندوتیژی و شەڕی گەرمی دەستپێكردووە و دروستبوونی بۆشایی سیاسی و سەربازی وادەكات، كە چەكدارانی داعش و هاوشێوەكانیان دەرفەت وەرگرن و كوشت و كوشتار بنێنەوە.

توركیا
توركیا بە دوای هەژموونی سیاسی خۆیدا دەگەڕێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە لە دانوستانەكانی لەگەڵ ئەمریكادا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی ئەرێنی، ئەو وڵاتە پێیوایە كە لە بەرامبەر پاراستنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی حامید كارزای لە كابولی پایتەخت، دەبێت رۆڵی گرنگتریان لە ئەفغانستان پێبدرێت ‌و هەر تەنها ئەركێكی هاوپەیمانیی ناتۆ نەبێت، بەڵكو دەبێت پێگەی پتەو و شایستەیان هەبێت، بەڵام ئەمریكییەكان بە كۆی داواكارییەكانیان رازی نەبوون. لەلایەكی تریشەوە، تالیبان بە چاودێری و سەرپەرشتی و پاراستنی فڕۆكەخانەكە لەلایەن توركیاوە رازی نییە، هەرچەندە پێشتر توركیا بەشداربوو لە پاراستن و سەرپەرشتیكردنی فڕۆكەخانەی كابول، بەڵام ئێستا مەترسی ئەوە هەیە كە بەهۆی دروستبوونەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەكانەوە، شەپۆلێكی تری كۆچەران روو لە ئەوروپا بكەن، بۆیە نیگەرانییەکانی تورکیا زیاتر بووە.

پاكستان
بەو پێیەی پاكستان سنوورێكی درێژی لەگەڵ ئەفغانستاندا هەیە، كەوتنەوەی هەر ئاگر و ئاشوبێك لەو وڵاتە، پریشكی بەردەكەوێ و ئاسایشی دەكەوێتە مەترسییەوە. بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز: لەم رۆژانە لە دەروازەی نزیك بیشاوەر، پاسەوانێكی پاكستانی كوژراوە و ئاڵۆزی دروستبووە، بۆیە هێزی سەربازی زیاتری بردۆتە سەر سنوورەكە، هەروەها بە مافی خۆی دەزانێت لە هێوركردنەوەی دۆخەكەدا پشكی هەبێت، بۆیە لایەنەكان رازی بوون كە لە دانوستانەكاندا نوێنەریان هەبێت و رەچاوی بەرژەوەندی و بارودۆخی وڵاتەكەی بكات.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 174 جار بینراوە