سەرەکی » زانست » ئەڵمانیا: قەدەغەكردنی بەرهەمە پلاستیكییەكان

ئەڵمانیا: قەدەغەكردنی بەرهەمە پلاستیكییەكان

كەشتیی نوح

دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا قەدەغەكردنی ئەو بەرهەمە پلاستیكیانەیان راگەیاند كە بۆ یەكجار بەكاردەهێنرێن، ئەمەش وەك پیادەكردنی خاڵەكانی ئەو لێكتێگەیشتنە ئەوروپییەیە كە مەبەستی پاراستنی ئۆقیانووسەكان لە پیسبوون.

ئەو یاسایە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا بڕیاری لەسەر درا و لە سەرەتای مانگی تەمووزی ئەمساڵەوە چووە بواری جێبەجێكردنەوە، یاساكەش چەندین بابەتی لە پلاستیك دروستكراوی وەك چیلكەی گوێ پاككردنەوە و قەسەب و داری میزەڵان و هەندێك جۆری قاپ و پەرداخ و كەوچك و سفرەی نایلۆن وقاپی سەفەری و نایلۆنی پێچانەوەی بابەتە خۆراكییەكانیش دەگرێتەوە.

یاسا نوێیەكە لەگەڵ ئەو لێكتێگەیشتنە ئەوروپییە دەگونجێت كە لە ساڵی 2018دا و دوای چەندین مانگ لە دانوستان لە نێوان وڵاتانی ئەندام بڕیاری لەسەر دراو و ئیمزا كرا و تێیدا 12 جۆری پلاستیك قەدەغەكرا.

ساغكردنەوەی بەرهەمەكان
كۆمیساری ئەوروپا لە راگەیەندراوێكیدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەو بەرهەمانەی ئاماژەیان پێدراوە،(70%)ی ئەو پاشماوانەن كە لە كەناری دەریاكاندا فڕێدەدرێن و دواتر دەچنە ناوی ئاوی ئۆقیانوسەكانەوە و پیسیان دەكەن، بەڵام بەپێی لێكتێگەیشتنەكە ڕێگە دەدرێت بە میكانیزمێكی نوێ و لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا ئەو بەرهەمانەی لە گەنجینەكاندا ماون ساغبكرێنەوە، هەروەها رێگە دەدەرێت هەندێك لەو مادە پلاستیكیانەی دیكەش بەكار بهێنرێت كە جێگرەوەیان نییە وەك دەسڕی تەڕ و ئەو جگەرانەی فلتەری پلاستیكیان هەیە، بەڵام بەو مەرجەی ستیكەریان لێبدرێت بۆ ئەوەی بەكارهێنەران هۆشیاربكرێنەوە لە ئاكامی خراپی فڕێدانی ئەو بابەتانە و ئەو زیانە ژینگەییانەی لێیاندەكەوێتەوە، هەروەها پێویستە لەو ستیكەرانەدا زانیاریی بدرێتە بەكاربەر لە چۆنییەتی فرێدانی ئەو بابەتانە بە شێوەیەكی سەلامەت.

ئابوریی بازنەیی
بەپێی یاسا نوێیەكەی ئەڵمانیا، پێویستە لایەنە پەیوەنددارەكان ئەولەویەت بدەنە ئەو بەرهەمانەی كە لە مادەیەك دروستكراون كە دەتوانرێت دوبارە بەكاربهێنرێنەوە، ئەمەش بۆ هاندانی ئابورییەكی بازنەیی.

بە گوێرەی راپۆرتێكی كۆربەندی ئەوروپی بۆ بەرهەمهێنەرانی پلاستیك لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی 2019دا لە هەموو جیهاندا (368) تەن پلاستیك بەرهەم هاتووە و لە ساڵی 2020دا (367)ملیۆن تەن بابەتی پلاستیك بەرهەم هاتووە، بەڵام لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ئەمە سێیەمین جارە بەرهەمی ساڵانەی جیهانیی پلاستیك داكشێت، كە یەكەمیان لە ساڵی 1973 و دوای قەیرانی گەورەی نەوت و دووەمیان لە ساڵی 2008 دا بووە ئەو كاتەی جیهان توشی تەنگژەیەكی دارایی بوو سێیەمیشیان لە ساڵی 2020دا بوو كە بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە رێژەی ئەو داكشانە گەیشتە (0.3%).

سندوقی جیهانیی سروشتیش لە دوا ئاماری خۆیدا ئاشكرایكردووە ، تا ساڵی 2030 رێژەی پاشماوە پلاستیكییەكان دەگاتە (40%) بەمەش قەبارەی پاشماوە پلاستیكییەكانی ناو ئۆقیانووسەكان دەگاتە دوو هێندە و بڕەكەی دەگەیەنێتە ( 300) ملیۆن تەن.

سەرچاوە:DW

 186 جار بینراوە