سەرەکی » دۆسێ » خشتەیەك بۆ پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا

كازمی دەچێتەوە بۆ واشنتۆن

خشتەیەك بۆ پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا

عیراق رووەو دانانی خشتەیەك رێدەكات بۆ پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە نێو خاكەكەی لە ماوەكانی داهاتوودا لەڕێی رێكەوتنێكی نێوان هەردوولا و دانوستانی نوێ‌ كە بنەمایەك بۆ ئەو پاشەكشەكردنە دادەنێت، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی زیاتری دەنگی ئەو هێزە شیعانەی جەخت لەسەر پاشەكشەكردنی ئەمریكا دەكەنەوە لە عیراق.

هەرچەندە بانگەشەكردن بۆ پاشەكشەكردنی ئەمریكا نوێ‌ نییە، بەڵام ئەمەی ئێستا هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختەی تشرینی یەكەمی داهاتوو كە وادەكات ببێتە بەشێكی گرنگی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، بەوپێیەی حزب و میلیشیا شیعەكان بەشێكی زۆری جەماوەریان لەدەستداوە، بەهۆی شكشتخواردنییان لە باشكردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و ئەمنی لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، وێڕای مامەڵەكردن بە هێز لەگەڵ ئەو ناڕەزاییانەی داوای چاكسازیی و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران دەكەن.

كازمی دەچێتەوە بۆ واشنتۆن
قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق، ئاماژەی بە سەردانێكی نزیكی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كرد بۆ واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا، لەپێناو رێكەوتن لەسەر دانانی خشتەیەك بۆ پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق.

ئەعرەجی كە یەكێكە لە سەركردەكانی رێكخراوی بەدر بە سەركردایەتی هادی عامری، دەڵێت»عیراق پێویستی بە هێزە شەڕكەرە بیانییەكان نییە و خۆمان هێزی پێویستمان هەیە».
پێشتر عامری لە وتارێكیدا بەبۆنەی یادی 101 ساڵەی شۆڕشی بیست لە عیراق، داوای پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكای كردبوو، بە «داگیركار»یش ناوی بردبوون و بەرپرسیارێتی نەبوونی ئاسایش و خراپی خزمەتگوزاریی لە وڵاتدا خستبووە ئەستۆی ئەو هێزانە.

ئەمریكاییەكان: عیراق دەیەوێت بمێنینەوە
وەك ئاماژەیەك بۆ نەبوونی هیچ خواستێكی ئەمریكایی سەبارەت بە پاشەكشەكردن لە عیراق، جەنەراڵ كینیت ماكینزی فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا لە 22ی نیسانی رابردوودا رایگەیاندبوو»عیراق دەیەوێت بمێنینەوە، بۆیە ژمارەی هێزەكانمان لە وڵاتەكەدا كەمناكەینەوە».

بە وتەی ماكینزی»لەوبڕوایەدانیین ویلایەتە یەكگرتووەكان لەسەر رۆخی جەنگ بێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست».

نزیكەی 2500 سەربازی ئەمریكا لە عیراقدان وەك بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ جەنگ لە دژی رێكخراوی «داعش» و مەشقپێكردنی هێزە عیراقییەكان، ئەم هێزانەش لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و بنكەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بنكەی حەریر لە هەولێر جێگیركراون.

لە مانگی نیسانی رابردوو، هەریەك لە ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق، لە دانوستانی نێوانیان لەڕێی تەكنیكی پەیوەندی ڤیدیۆیی، لەسەر ئەوە رێكەوتن «هێزە عیراقییەكان بەرپرسیارێتی ئیدارەی شەڕكردن لەدژی رێكخراوی داعش لەئەستۆ بگرن و ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش تەنیا لە بواری مەشقپێكردن و كۆمەكی لۆجستی و راوێژكاریدا بێت لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر».

بەیاننامەیەكی حكومەتی عیراقی رایگەیاندبوو»لە دانوستانەكاندا لەسەر دانانی خشتەیەكی كاتی بۆ پاشەكشەكردنی هێزە بیانی و ئەمریكاییەكان لە عیراق رێكەوتن كراوە»، بەبێ‌ ئەوەی ماوە كاتییەكە دیاریی بكات، وێڕای تەئكیدكردنەوەی عیراق لەسەر پابەندبوون بە پاراستنی تیم و كادرانی نێردە دیپلۆماسییەكان.

لەو دەمەی پەرلەمانی عیراق لە سەرەتای 2020وە بە زۆرینەی دەنگی شیعەكان بڕیاریدا هێزە ئەمریكاییەكان لە عیراق بكرێنەدەرەوە، هێزە شیعەكان نەیانتوانییەوە نوێنەرانی عەرەبی سوننە و كورد رازیی بكەن بۆ پشتیوانیكردن لەو بڕیارە كە لە دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی سەر بە سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێكی ئەمریكادا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، دەركرا.

بوونێكی پێویست
لای خۆیەوە حەسەن ئاڵی پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا دەڵێت»هێزە ئەمریكاییەكان لە عیراق، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدان و بونیان پێویستە لە سایەی مانەوەی داعش و مەترسییەكانی».

بە وتەی ئاڵی »لەسایەی دەستوەردانی نێودەوڵەتی و ململانێكانی ئێستا لەسەر خاكی عیراق، بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراقدا پێویستە»، جەختیشی لەسەر پێویستی هاوئاهەنگی عیراق لەم قۆناغەدا لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردەوە، بە تایبەت لە سایەی نەبوونی سەقامگیریی ئەمنی و دەستوەردانی ئیقلیمی لە وڵاتدا.

حەسەن ئاڵی پێیوایە»هەموان عیراقێكی بەهێزییان دەوێت لە هەموو روویەكەوە، بۆیە هیواخوازن پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتانە باشبن و لەسەر بنەمای رێكەوتنە نێودەوڵەتییەكان و پاراستنی شكۆی گەلی عیراق بن».

پاشەكشەی تەواوەتی نییە
چاودێرانی كاروباری سیاسی و ئەمنی لە عیراق، بەدووری دەزانن پاشەكشەكردنی تەواوەتی ئەمریكا لەم كاتەدا بەهۆی رەوشی ئەمنی فشەڵی وڵاتەوە، جێبەجێ‌ بكرێت.

ئیحسان شەممەری، سەرۆكی سەنتەری بیكردنەوەی سیاسی پێیوایە »هەر پاشەكشەكردنێكی ئەمریكایی ببێت، هاوئاهەنگی هەواڵگری و پڕچەككردنی عیراق دەمێنێتەوە»، رەتیشیكردەوە سیناریۆی پاشەكشەكردنی ئەمریكا لە ئەفغانستان، لە عیراقدا دووبارە ببێتەوە.

بەبۆچوونی شەممەری »لەحاڵەتی پاشەكشەكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكان، هەوڵە هەواڵگرییەكانی و هاوئاهەنگییەكانی و بەردەوامبوونی لە جێبەجێكردنی هێرشە ئاسمانییەكان لەسەر داوای حكومەتی عیراقی دەمێننەوە، رەنگە هەندێك جێگۆڕكێ‌ بە هێزە شەڕكەرەكان بكرێت، بەڵام پێناچێت پاشەكشەكردنەكە لە عیراقدا پاشەكشەكردنێكی تەواوەتی بێت».

سەرۆكی سەنتەری بیركردنەوەی سیاسی دەڵێت»جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ناتوانێت پرسی پاشەكشەكردن لە عیراق لەگەڵ سیناریۆی ئەفغانیدا لەیەكتر نزیكبكاتەوە، چونكە رەوشی عیراق زۆر جیاوازترە»، ئاماژەەی بە بوونی گونجاندنی هێزە ئەمریكاییەكان كرد لە عیراق «لە چوارچێوەی رێكەوتنی ستراتیژی و گەڕەكانی دانوستانی نێوان عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەكان، وێڕای ئەمانەش بوونی ئەمریكایی لە چوارچێوەی هێزەكانی باكووری ئەتڵەسییە لە عیراق».

رێكەوتنی ستراتیژی لەنێوان بەغدا و واشنتۆن، پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لە بوارە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و كلتوری و زانستییەكان لەخۆدەگرێت، وێڕای پێشكەشكردنی پشتیوانی ئەمریكایی لە عیراق لە هەموو بوارەكاندا.

شەممەری وایدەبینێت»ئەوەی جێگەی رەزامەندی هەموو لایەنە سیاسییەكانە سەبارەت بە بوونی ئەمریكایی لە عیراق، بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی هەواڵگری و پڕچەككردن و مەشقپێكردنە».

بەشێك لە هێزەكان پاشەكشە دەكەن
هەر لەوبارەیەوە، موعتەز عەبدولحەمید، بەڕێوەبەری سەنتەری جمهوری بۆ توێژینەوە سراتیژییەكان دەڵێت»پاشەكشەكردنی ئەمریكا لە عیراق گەر جێبەجێ‌ بكرێت، ئەوا بەشێك بۆ مەشقێكردنی هێزە عیراقییەكان دەمێنێتەوە، ویڕای توانای هێزە عیراقییەكان لە كۆنترۆڵكردنی لایەنی ئەمنی لە وڵات».

عەبدولحەمید دەڵێت»سەرۆكی ئەمریكا زیاتر لە جارێك ئاماژەی بە كەمكردنەوەی بوونی ئەمریكایی كردووە لە عیراق، لێدوانەكانی ئەم دواییەی لایەنە سیاسییەكانی پەرلەمانیش لەبارەی پاشەكشەكردنی ئەمریكا لە عیراق، تەئكیدكردنەوەیە لەسەر بڕیاری پێشووی پەرلەمان بۆ پاشەكشەكردنی هێزەكان و كاردانەوەی هێرشەكانی ئەمریكایە بۆسەر حەشدی شەعبی».

عەبدولحەمید پێیوایە»لەكاری هەواڵگریدا بۆچوونی دیموكراتنەكان لەگەڵ كۆمارییەكان جیاوازە، رەنگە هاوئاهەنگی ستراتیژی هەبێت لە بواری ئەمنی و كلتوری و ئابوری، پاشەكشەكردنیش لە عیراق مانای نەمانی بوونی ئەمریكا ناگەیەنێت، بەڵكو كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكایە. رۆڵی راهێنەران و بوونی هێزەكانی ناتۆ دەمێنین».

بە بۆچوونی عەبدولحەمید»هێزە عیراقییەكان شارەزاییان لە بنبڕكردنی تیرۆر و كاریی هەواڵگری و دەستگیركردنی سەركردەكانی داعشدا پەیدا كردووە، وێڕای بوونی ژووری عەمەلیات لەنێوان عیراق و ئێران و روسیا و هاوئاهەنگی بەردەوام بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوەكە».

 112 جار بینراوە