سەرەکی » راپۆرت » گفتوگۆی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەی چاكسازیی مووچەو خانەنشینی بەردەوامە

گفتوگۆی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەی چاكسازیی مووچەو خانەنشینی بەردەوامە

پڕۆژەیاسای چاكسازیی لە مووچەو دەرماڵەو خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان، یەكێكە لەو پڕۆژەیاسایانەی ئێستا لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت‌و لە كۆی 20 ماددە، شەش ماددەی لێ پەسەند كراوە، بڕیاریشە ئەمڕۆ كۆبوونەوەكانی پەرلەمان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە دەست پێبكاتەوە.
بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایە، حكومەتی هەرێم هەوڵدەدات مووچەی فەرمانبەران‌و دەرماڵەكانیان بەپێی بڕوانامەو ساڵانی خزمەت رێكبخرێتەوە، هاوكات چاكسازیی لە لیستی خانەنشینانی مەدەنی‌و سەربازیی لە نێویشیاندا پلە باڵاكاندا بكرێت، بەجۆرێك رێكبخرێتەوە كە هەموو ئەوانەی بەنایاسایی خانەنشین كراون، چاك بكرێت.

یەكخستنی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی
لە ماددەیەكی پڕۆژەیاساكە كە دەنگی لەسەر دراوە، پەیوەندیی بەخانەنشینی پلە باڵاكانەوە هەیە، ئەو ماددەیە بەجۆرێك دەنگی لەسەر درا، كە هەركەس لەوانەی بەپلەی باڵا خانەنشین دەكرێت، دەبێت بەڕێژەی 25%ی مووچەكەیان لەگەڵ هەژماركردنی بڕوانامەو ساڵانی خزمەت خانەنشین بكرێن، ئەمەش لەكاتێكدا پێشتر پلە باڵاكان بەڕێژەی 80%ی تەواوی مووچەكانیان، خانەنشین دەكران.
ماددەیەكی تری پڕۆژەیاساكە كە دەنگی لەسەر دراوە، تایبەتە بە یەكخستنی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی، كە ژمارەیان 14 بەڕێوەبەرایەتییەو دەكرێنە یەك بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی‌و سەر بەوەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم دەبێت.
هەروەها لە ماددەیەكی تردا هەموو ئەو خانەنشینانە هەڵدەوەشێنەوە، كە بەدەر لە یاسا كراون، ماددەكە باس لەوە دەكات كە ئەوانەی بەپلەی بەرزتر خانەنشین كراون یان ساڵانی خزمەتیان بۆ هەژماركراوە بەبێ ئەوەی ئەو خزمەتەیان هەبێت، هەموو ئەوانە هەڵدەوەشێنەوە.
هاوكات ماف‌و ئیمتیازی كەسوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوەكان‌و زیندانی سیاسی، بەشێكی تری پڕۆژەیاساكەی چاكسازیی پێكهێناوە، بەجۆرێك دەنگی لەسەر درا كە دەبێت لیستی مووچەی ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوەكان پاك بكرێتەوە، بەو پێیەی چەندین كەس كە شەهید نەبوون، بەناحەق مووچەی ئەو توێژە وەردەگرن.

شەش ماددەی لێ پەسەند كراوە
سەبارەت بەگرنگیی ئەو پڕۆژەیاسایە، پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان بۆچوونی خۆیان بۆ كوردستانی نوێ دەخەنەڕوو.
لەوبارەیەوە تەلار لەتیف ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز بەكوردستانی نوێی راگەیاند: پڕۆژەیاسای چاكسازیی مووچەو دەرماڵەو خانەنشینی كە ئێستا لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، پڕۆژەیەكی گرنگەو ئێمە لە پەرلەمان، حكومەتی هەرێم پابەند دەكەین تا لە ماوەی سێ مانگدا پەیڕەوێك بۆ جێبەجێكردنی ئامادە بكات، كە سەرجەم بڕگەو ماددەكانی یاساكەی تێدا جێگیر بكرێت.
وتیشی: ئەو یاسایە دەبێتە بەشێك لەو چاكسازییانەی بڕیارە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێ، ئەوەش هەنگاوی یەكەم دەبێت. هەنگاوی دووەم كار لەسەر رێكخستنەوەی مووچەكان‌و بواری بەرهەمهێنان‌و كەرتی نەوت دەكرێت.
سەبارەت بەكۆدەنگیی فراكسیۆنەكان لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازیی مووچە، وتی: هەرچەندە لەسەر بڕگەو ماددەكان جیاوازی لە نێوان فراكسیۆنەكاندا هەیە، بەڵام هەموومان كۆدەنگین لەسەر ئەوەی ئەو پڕۆژەیە دەبێت ببێتە یاسا، كە تاكو ئێستا شەش ماددەی لێ پەسەند كراوە.

هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ پاك كردنەوەی لیستی مووچەخۆران
لەلایەن خۆیەوە بێستون فایەق ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بەكوردستانی نوێی راگەیاند: سێكتەری مووچە یەكێكە لەو سێكتەرانەی كە گەندەڵی تێدایە، هاوكات گەندەڵی لە سێكتەرەكانی تری وەك نەوت‌و پڕۆژەكان زۆرە، ئەوەی پەیوەندیی بەمووچەوە هەیە ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە وەك خۆی جێبەجێ بكرێ، هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ پاك كردنەوەی لیستی مووچەخۆران لە هەرێمی كوردستان بەهەموو چین‌و توێژەكانەوە.
سەبارەت بەمانەوەی پاشەكەوتی مووچە دوای پەسەندكردنی ئەو یاسایە، وتی: بڕگەیەك لەو پڕۆژەیاسایە جێگیر دەكرێت كە حكومەتی هەرێم ناچار دەكات پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بداتەوە، ئەو یاسایەش هیچ پەیوەندییەكی بە ناردنی مووچە لە بەغداوە نییە، چونكە ئەو لیستی مووچەیە رێكدەخرێتەوە، ئینجا بەغدا بیدات یان هەرێم خۆی بیدات، لەگەڵ هەموو ئەوانەش پێویستە حكومەتی هەرێم ئیرادەی پاك كردنەوی لیستی مووچەخۆرانی هەبێت.

حكومەت كار بۆ جێبەجێكردنی دەكات
هەر لەسەر ئەو بابەتە، سیراج ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی ئەوەی بە كوردستانی نوێ راگەیاند: ئامانجی پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ ئەوەیە كە داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر بكرێت‌و مووچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان رێكبخریتەوە، ئەوانەشی بەنایاسایی كراوە چاك بكرێتەوە.
سەبارەت بە لایەنی جێبەجێكردنی ئەو یاسایە، وتی: لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی لە ناچاری‌و بێ پارەیی پڕۆژیاساكەی ناردووە بۆ پەرلەمان، بۆیە بەتەئكید حكومەت كار بۆ جێبەجێكردنی دەكات، بۆ ئەوەی بتوانێ مووچەی فەرمانبەران بەگشتی بدات‌و تاڕادەیەك ئەركی سەرشانی سووكتر بێت. ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی ئەوەشی كرد كە لەم هەفتەیەدا تەواوی پڕۆژیاساكە دەنگی لەسەر بدرێت‌و پەسەند بكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*