سەرەکی » راپۆرت » چارەسەری كێشەكانی بەغدا و هەرێم هەر لە قۆناغی ״تەئكیدكردنەوەدایە״

چارەسەری كێشەكانی بەغدا و هەرێم هەر لە قۆناغی ״تەئكیدكردنەوەدایە״

چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان هێشتا هەر لە قۆناغی تەئكیدكردنەوەی نێو كۆبوونەوەكان و لێدوان و كۆنگرەی رۆژنامەنووسی و لێپرسراوانی هەردوولادایە بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن و تائێستا پرسی «چارەسەر» هیچ بەرەو پێشچوونێكی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیووە.

سەرۆك كۆمار: كاركردنی جددیی بۆ كۆتاییهێنان بە كێشە هەڵپەسێراوەكان
كۆتایی هەفتەی رابردوو، د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار پێشوازییكرد لە رۆبەرت كارم یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریكا و گفتوگۆیانكرد لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێویستیی كاركردنی جددیی هەردوولا دووپاتكرایەوە بۆ دیالۆگ و كۆتاییهێنان بە كێشە هەڵپەسێراوەكان.
كۆسرەت رەسوڵ: چارەسەری كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووردا
كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش پێشوازییكرد لە ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عیراق و گفتوگۆیانكرد لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و جەخت لە چارەسەری كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوور كرایەوە و هەردوولا پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆیان بۆ گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا دەربڕی.

مەلا بەختیار: چارەسەر بە دوولا دەكرێت، نەك بە یەكلایەنە
هەروەها مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، لەمیانی پێشوازییكردن لە باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، سەبارەت بە گفتوگۆكان ‌و رێكەوتنی نێوان عیراق ‌و كوردستان ‌و گەیشتن بە چارەسەرەكان، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد «یەكێك لەهۆكارەكانی كە رێگرە لە چوونە پێشەوەی گفتوگۆكان ‌و گەیشتن بە رێكەوتن، هەڵبژاردنی ئاییندەی عیراقە». تەئكیدیشیكردەوە «لە عیراقدا، هیچ رێگە چارەیەكی ترمان نییە، جگە لە رێكەوتن. بەڵام چارەسەریش، بە دوولا دەكرێت، نەك بە یەكلایەنە. بۆیە ئەگەر چاوەڕێی هەڵبژاردن ‌و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بین، كەواتە بەزوویی ناگەینە هیچ چارەسەرێك».
حاكم قادر: هەوڵەكان بۆ راپەراندنی ئەركە سەختەكان بخرێنەگەڕ
حاكم قادر حەمەجان كارگێڕی مەكتەبی سیاسیش لەمیانی بەسەركردنەوەی بۆردی پێگەیاندنی كادرانی یەكێتی-دا، تیشكی خستە سەر هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق و لەوبارەیەشەوە، وتی: پێویستە هەموو دڵسۆزانی یەكێتی هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ راپەراندنی ئەو ئەركە سەختانەی لە داهاتوودا روبەڕومان دەبێتەوە و یەكێتی پێویستی بە هەوڵی دڵسۆزانەی هەموولایەكە.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد: پێكەوەژیان بنەمایەكی پێویستە
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیش لەمیانی پێشوازییكردن لە ژمارەیەك سەرۆك عەشیرەت و كەسایەتیی ئەكادیمی سنووری پارێزگای كەركوك، رایگەیاند: درێژەپێدەری رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال دەبین، لەپێناوی یەكڕیزیی نیشتمانی و ئاشتی و تەبایی نێوان گشت نەتەوە و پێكهاتەكان. ئەوەشی خستەڕوو «هەمیشە پێكەوەژیان و بەیەكەوەبوونمان بە بنەمایەكی پێویست و سەرەكی زانیووە».

نێچیرڤان بارزانی: كێشەكانی هەولێر و بەغدا بە دەستوور چارەسەر دەكرێن
لەلایەكی دیكەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، وتی: دەرگای گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا كراوەیە و بڕیارە كۆبوونەوەكانمان بەردەوام بن تاكو بەلایەنی كەمەوە بتوانین بەر لە هەڵبژاردن هەندێك لەو كێشانەی هەیە لەڕووی تەكنیكییەوە چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. وتیشی: پێویستە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستووری عیراق چارەسەر بكرێن و دەستووری عیراق رێگەچارەی كێشەكانی داناوە. راشیگەیاند: لەو باوەڕەدا نیم كێشەكان ئەوەندە گەورە بن نەتوانرێ چارەسەر بكرێن و دەتوانرێ چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە ئەگەر بەغدا بێتە پێشەوە. هەرێمی كوردستان زۆر جار دووپاتیكردۆتەوە كە دەیەوێ كێشەكانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا چارەسەر بكات و لەسەر ئەم هەڵوێستەشی بەردەوام دەبێت.

قوباد تاڵەبانی: ئامادەین كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین
لە دوو رۆژی رابردووشدا، قوباد تاڵەبانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت لەمیانی پێشوازییكردن لە رۆبێرت كارم هاریكاری وەزیری بەرگریی ئەمریكا و وەفدێكی هاوڕێیدا، هیوای خواست پشتگیرییەكانی ئەمریكا بۆ دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام بێت تاكو بەزووترین كات چارەسەر بۆ تەواوی كێشەكان بدۆزرێتەوە بەتایبەتی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی بۆ فراوانكردنی گفتوگۆ و دانوستانەكان لەگەڵ بەغدا و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا دەربڕی، لەمبارەیەشەوە هاوكاری و پشتگیرییەكانی ئەمریكای بەپێویست زانی.
وەفدەكەی ئەمریكاش خۆشحاڵیی خۆیان بەو گفتوگۆیانەی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی و پاڵپشتیی خۆیان بۆ بەردەوامیی گفتوگۆكان نیشان دا.
ئەمەش لەكاتێكدایە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش لە كۆبوونەوە و لێدوان و كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكانیدا كە هەفتانە رێكی دەخات، چەند جارێك تەئكیدی لە پابەندبوون بە چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان كردۆتەوە، بەڵام لە بواری كردەییدا هێشتا پرسی «چارەسەر» هەر لە قۆناغی تەئكیدكردنەوەدایە و هیچ دەرئەنجامێكی ئەوتۆ لە ئارادا نییە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*