سەرەکی » راپۆرت » كەركوك، یەكێتی ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردن دەستپێكرد

كەركوك، یەكێتی ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردن دەستپێكرد

كەركوك، سیروان محەمەد

دوێنێ 18/7 لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە كەركوك، رزگار عەلی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بازنەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكە، كرد و تاوتوێی دوایین گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرا.

كەركوك دابەشكراوە بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا
لە كۆبوونەوەكەدا، كە ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی ئامادەیبوون، رزگار عەلی لە وتەیەكدا ئاماژەیكرد بە لایەنەكانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وەك پرۆسەیەكی هەستیار بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بەگشتی و رایگەیاند: هەڵبژاردنی ئەم جارە جیاوازە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، بەوپێیەی كە یاسای هەڵبژاردنی ئەم جارە ئاڵۆزترە لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر، كە بەشێوەیەكە پارێزگای كەركوك دابەشكراوە بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا، بۆیە پێویستە كورد دەنگ و پێگەی خۆی لە هەموو بازنەكاندا بپارێزێت و بەشدارییەكی كارا و كاریگەر لە پرۆسەی دەنگداندا بكەن.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، ئاسۆ مامەند، گرنگیی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی خستەڕوو و رایگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەوپەڕی پەرۆشییەوە كار بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش لە دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە و وەكو پرۆسەیەكی گرنگ و چارەنووسساز بۆ ئایندەی ناوچە دابڕێنراوەكان لێی دەڕوانین.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، ئامادەبوان سەرنج و پێشنیاز و بیروڕاكانیان خستەڕوو تایبەت بە سەرخستنی هەڵبژاردنی داهاتوو.

״ئامادەكاریی پێویست بكەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن״
دوای كۆبوونەوەكەش، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، رزگار عەلی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ئەوەی خستەڕوو كە پێش ماوەیەك مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی، لیژنەیەكی باڵایان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێكهێنا، تا لە ماوەیەكی دیاریكراودا هەموو مەڵبەندەكان و ئۆرگانەكانی پەیوەندیدار بە دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی، ئامادەكاریی پێویست بكەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن. وتیشی: ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە وەك زۆنی كەركوك و سەڵاحەدین، چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەندامانی سەركردایەتی و تەواوی ئۆرگانەكان لە سنووری هەردوو پارێزگای كەركوك و سەڵاحەدین كردووە، بەمەبەستی ئامادەكاریی لەڕووی مەیدانی و تەكنیكی و لۆجستییەوە، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین ژمارەی دەنگ و كورسی لە سنووری هەردوو پارێزگاكە بۆ هاوپەیمانیی كوردستان بەدەستبهێنین، كە ئەوە ئامانجێكی گەورەمانە.

هەر لە كۆنگرەكەدا، رزگار عەلی، داوای لە دڵسۆزانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان كرد هەموو توانایەكیان بخەنەكار بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان و دووپاتیكردەوە كە «سەرخستنی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان باشترین وەفایە بۆ خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەكان و كەمئەندامانی سەنگەر و هەموو ئەوانەی رۆژێك خەباتیان كردووە و تێكۆشاون لەپێناوی بەكوردستانیبوونی كەركوك، كە ئەوە بەدیهێنانی ئامانجی هەموو شەهیدانی كورد و كوردستانە.

خزمەتكردنی زیاتری كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان
لە تەوەرێكی تری كۆنگرەكەدا، ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی، رایگەیاند: كۆبوونەوەكەمان تایبەتبوو بەئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كە بە دڵنیاییەوە بۆ ئەم هەڵبژاردنەش وەك هەڵبژاردنەكانی دیكە، ئامادەكاریی پێویست دەكەین و هەموو هەوڵێكمان بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان دەبێت. جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە ئێمە لە ئازار و ناخۆشییەكانی خەڵكی كەركوك تێدەگەین، كە خەڵكی كەركوك كێشەی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆریان هەیە، بۆیە دەبێت و پێویستە هەموان بە پەرۆشەوە بەشداریی لە هەڵبژاردندا بكەین و كاندیدەكانی هاوپەیمانیی كوردستان سەربخەین، وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بۆ داهاتوو خزمەتی زیاتری كەركوك و كەركوكییەكان و ناوچە دابڕێنراوەكان بەگشتی دەكەین.

راشیگەیاند: وەكو دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی سەردانی هەموو ناوچەكان دەكەین و بەتایبەتی لە سنووری كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكاندا بەهەموو توانایەكەوە كاردەكەین بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و كاندیدەكانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان، كە دەبێت هەموو ئەندام و كادر و سەركردایەتی یەكێتی و گۆڕان بەو رۆحیەتەوە كاربكەین لیستی هاوپەیمانیی كوردستان سەربخەین.

 61 جار بینراوە