سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » هۆكارەکانی داڕمانی لوبنان

هۆكارەکانی داڕمانی لوبنان

لوبنان ئەو وڵاتە چكۆلەو جوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە پێشتر بە سویسرای خۆرهەڵات ناودەبرا، لەبەر دڵڕفێنی و جوانی سروشتەكەی، دوای چەند دەیەیەك لەكێشەو ململانێی سیاسیی، ئێستا روبەڕووی داڕووخانێكی تەواوی ئابوورییەكەی بۆتەوە، كە كاریگەری قورسی بەسەر حكومەت و هەروەها هاوڵاتیانی لوبنانییەوە بەجێهێشتووە، داڕووخانە ئابووری و داراییەكەی لوبنان بەهۆی چەند هۆكارێكەوەیە كە لێرەدا دەیخەینە ڕوو.

ململانێی تایفی و شكستی كەرتی گەشتیاریی
وەكو وتمان ئەو وڵاتە جوان و دڵرفێنە كە خاوەنی داهاتێكی زۆری گەشتیاری و سروشتی بوو، كە بەهۆیەوە گەشتیارێكی زۆری جیهان ساڵانە روویان تێدەكرد، بەهۆی ململانێ و شەڕی تایەفییەوە كە لەحەفتاكانی سەدەی رابردووەوە گیرۆدەی بووبو، دوای كۆتایهاتنی ئەو شەڕە تایفییەش ململانێی نێوان هێزە سیاسیەكانی سەر بەپێكهاتە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە بەردەوام بوو بەئێستاشەوە، ئەوەش وایكرد ئەم وڵاتە بەرەو وێرانی زیاتر بڕوات و ئابوورییەكەی بگات بەدۆخی ئەمڕۆ.. كەرتی گەشتیاریش شكست بهێنێت لە راكێشانی گەشتیار لەجیهانەوە بۆ ئەو وڵاتە.

قەرزی زۆر
شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن سستمی دارایی لوبنان، وەكو هەڕەمێك وایە، بەڵام بەپێی پرنسیپی ناوخۆیی، بەجۆرێك بەردەوام قەرز دەكات بۆ دانەوەی قەرزە كۆنەكانی، ئەمەش بەو جۆرە بەردەوام دەبێت تا پارە تازەكانی بەردەستی تەواودەبێت.
بانكی مەركەزی لوبنان هەرچەند سستمێكی دارایی نوێی پەیڕەو دەكات لەئێستادا، بەڵام پارەی تێدا نەماوە بەهۆی ئاڵودەبوونی حكومەت بەقەرزەوە لەوڵاتانی دەرەوە، بۆ پێدانی پارە بە نوخبەی تایفی لە وڵات دا.

راگرتنی یارمەتی دارایی وڵاتانی كەنداو
هۆكارێكی تری داڕمانی ئابووری ئێستای لوبنان، هەڵوێستی وڵاتانی كەنداوە بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەو هەژموونی ئێران تێیدا، كە بەهۆیەوە كەنداو یارمەتی دارایی خۆی بۆ لوبنان راگرتووە.

لەكاتێدا حكومەتی لوبنان، هیچ شتێكی لەبەردەستدا نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو قەرزە زۆرەی لەسەرێەتی كە دەگاتە 150%ی داهاتی ناوخۆیی وڵات، كە ئەوەش بەرزترین ئاستی قەرزە لەجیهاندا، لەكاتێكدا لوبنان تەنها پشت بە سەرمایەی مرۆیی دەبەستێت و خاوەنی هیچ داهاتێكی تر نییە.

سیاسەت و خەرجی بێ بەرنامە
یەكێكی تر لەهۆكارەكانی بارودۆخی ئێستای لوبنان، پەیڕەوكردنی سیاسەتێکی دارایی و ئابووری بەئەنقەستە لەو وڵاتەدا، لەلایەن نوخبەی سیاسی و حوكمڕانەوە، كە ئەوەش بووە هۆی داڕمانی دارایی، كە بەهۆیەوە داهاتی گشتی ناوخۆی لوبنان لە 2018دا لە 55 ملیار دۆلارەوە دابەزیوە بۆ 33 ملیار دۆلار لە 2019دا و لە 2020 و 2021 گەیشت بە داڕمانی تەواو.

ئەو خەرجییە بێ بەرنامەیەیە، كە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە پەێڕەویان كردووە، لەكۆتاییدا وڵاتی ئیفلیج كردوو دراوی لوبنانیش بەهۆیەوە گەیشتە نزمترین بەها و زۆرێك توێژی ئەو وڵاتەشی گەیاند بە هەژارییەكی زۆر.

بارودۆخی ئێستای لوبنان
لوبنان روبەڕووی گەورەترین داڕمانی ئابووری بۆتەوە لەمێژوویدا خۆیدا، دراو بەتەواوی شكاوە، توێژێكی زۆری هاوڵاتیانی لوبنان روبەرووی هەژارییەكی قورس بوونەتەوە، بەشێكی زۆری خزمەتگوزارییەكانی وەكو ئاو و كارەبا وەستاوە، ئەمە چ جای كەڵەكەبوونی زۆری زبڵ و خاشاك لەشارە گەورەكانی ئەو وڵاتەدا بەتایبەت بەیروتی پایتەخت، كە ئەمەش وایكردووە، چەندین خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەربچێت دژ بەحكومەت و دەسەڵات لەو وڵاتەدا، كە داوای باشكردنی بارودۆخی ئابووری و خزمەتگوزارییەكان بکەن، هەروەها دژ بەو پلانەی حكومەتیش بۆستنەوە بۆ چاكسازی كە ئەوان بە بێ سوود وەسفی دەكەن.
لەلایەکی ترەوە فەرەنسا كە یەكێك لەو وڵاتانەیە كە پاڵپشتی دارایی لوبنان دەكات و لەوڵاتانی یارمەتیدەری لوبنانە (الدول المانحە)، داوا لە دەسەڵاتدارانی لوبنان دەكات چاكسازی بكەن و كار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی بكەن بۆ ئەوەی وڵاتانی خۆرئاوا یارمەتی دارایی ئەو وڵاتە بكەن و یارمەتی بدەن لە قەیرانی ئێستایدا، لە کاتێکدا بەیروت لای خۆیەوە داوای 10 ملیار دۆلار لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەكات بۆ فریاكەوتنی لە قەیرانی ئێستایدا.

دەرهاویشتەكانی قەیرانەكە
گومان دەكرێت حكومەتی لوبنان بتوانێت لە ئایندەیەكی نزیكدا بەسەر قەیرانی ئێستای ئابووری وڵاتدا سەربكەوێت، لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتە پێویستی بە سەقامگیری سیاسیی هەیە، بۆ ئەوەی حكومەت بتوانێت ئیدارەی قەیرانەكە بكات، بانكی نێودەوڵەتیش روونیدەكاتەوە داڕمانی ئابووری لوبنان یەكێكە لەگەورەترین داڕمانە ئابوورییەكانە و چاوەڕوان دەكرێت بەرەو خراپتر بچێت.

داڕمانەكە، چەندین دەرهاوێشتەش لەو وڵاتە بەجێ دێڵێت، وەك زیادبوونی كۆچكردنی هاوڵاتیانی بۆ دەرەوە و زیادبوونی ئاستی هەژاری، ئەمە چ جای دروستبوونی قەیران بۆ كەرتی تەندروستی و ووزە و داڕمانی سێکتەری پەروەردە و خوێندن و زیادبوونی تاوان و توندوتیژی لەو وڵاتەدا.

لەكۆتایدا و لەئەگەری بەردەوامبوونی قەیرانی ئابووری لوبنان بەو جۆرەی هەیە، ئەوا ئەو وڵاتە بەرەو ئایندەیەكی نادیار دەڕوات، بەتایبەتیش کە خۆی بەدەست چەندین كێشەی ترەوە دەناڵێنێت وەکو ململانێی سیاسیی كە رۆڵی سەرەكی هەبووە لەبارودۆخی خراپی ئەو وڵاتەدا.

 227 جار بینراوە