سەرەکی » وتار » عیراق، گورگان خواردوو دەكرێت یان ئەمریكا…

عیراق، گورگان خواردوو دەكرێت یان ئەمریكا…

عیراق، گورگان خواردوو دەكرێت یان ئەمریكا قسەیەكی تری هەیە؟

مەریوان مەسعود

(1)
سووتاندن و گڕتێبەربوونی خەستەخانەكانی عیراق، لێدانە لە حكومەتەكەی مستەفا كازمی ؟ یان ناشیرینكردنی رەوتی سەدرییەكانە كە وەزارەتی تەندروستی چەند كابینەیەكە لای ئەوانە؟ یان نەخێر ئەم سووتان و گڕتێبەربوونانە شتێكی سروشتییەو دەستی هیچ كەسێكی لە پشتەوە نییە؟

ئەمە ئەو سێ‌ پرسیارەیە كە وای لە عیراقییەكان كردووە، زۆرناچار نەبن نەخۆشەكانیان لە خەستەخانەكان ناخەوێنن، چونكە لە بەغدا و چەند شارێكی باشوور ئەم دیاردەیە دووبارە دەبێتەوە و چەندین قوربانی لێكەوتۆتەوە.

هاووڵاتیان دەپرسن، ئەگەر بەدەستی ئەنقەست نییە، بۆچی لەیەك كاتدا خەستەخانەیەك لە ناسریەو قاتێكی دیوانی وەزارەتی تەندروستی بەیەكەوە گڕ دەگرن؟ ئەم قاتەش تایبەتە بە فایلیی ئیداریی و گرێبەستەكانی وەزارەتە كە هەموو گومانەكان بۆ ئەوە دەچن كە چەندین گرێبەستی گوماناویی لەناوبراون و دواجاریش دەڵێن كارێكی سروشتیی بووە !. و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی شكڵیی دروست دەكەن و تەواو. ئەمە جگە لەوەی سێ‌ مانگ بەر لە ئێستا خەستەخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا گەورەترین زیانی گیانی لە هاووڵاتیان دا.

(2)
عیراق، لەگەڵ نزیكبوونەوەی لە هەڵبژاردنەكانی مانگی 10، هەروا زیاتر دەكوڵێ‌ و دواجاریش كشانەوەی رەوتی سەدر لەسەر زاری زەعیمەكەی (موقتەدا سەدر)، ئەگەری نەكردنی هەڵبژاردنەكان بەهێزتر دەكات، هەرچەندە هەموو هێزە عیراقیییەكان و ئیقلیمییەكان و تەنانەت نێودەوڵەتییەكانیش خەریكی ئەوەن سەدرییەكان قەناعەت پێبكەن، كە پاشگەزببنەوە و بەشداری بكەن، چونكە گەورەترین كوتلەی شیعە بەشداری نەكات، حەتمەن یان هەڵبژاردن ناكرێت، یان بێ‌ كێشەو گۆبەند نابێت.

بەشێكی تر لە سیاسییەكان پێیان وایە ئەمە یاریی و نازێكە، سەدرییەكان دەیكەن بۆ ئەوەی سۆزیی شەقام بۆ لای خۆیان رابكێشنەوە، چونكە ماوەیەكە ئەدای نوێنەرەكانیان لە حكومەت و لە رەوتەكەیان وەكو پێویست نین و خەڵك گلەییان زۆرە بە تایبەت لە شارێكی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی وەكو ناسرییە كە ماوەیەكە بۆتە جێگای رەخنە لێگرتن لە سەدرییەكان و جگە لەمەش لە حكومەت ناشیرینترین و (گەندەڵترین) وەزارەت دەركەوتووە وەزارەتی تەندروستییە بە تایبەت ئەم كاری سووتان و گڕتێبەردانانەو ونكردنی چەندین گرێبەستی گوماناویی، كە وەزیرەكەشی سەر بە رەوتەکەی سەدرە.

(3)
هەمووان، پرسیاری رۆڵی ئەمریكا دەكەن لە هاوكێشەكەی ئێستای عیراق، سەرۆك وەزیرانێكی هەیە نزیكە لە ئەمریكاو بەشداری هەڵبژاردنەكانیش ناكات و هەڵوێستەكانیشی بێمنەتانایە، هەرچەندە رێگرییەكانی بەردەمی ئەوەندە زۆرە لە ئەژمار نایەت، بەڵام هەر بەردەوامە، ئەمریكا بەرژەوەندییەكانی لە عیراق لەژێر هەڕەشەی كارە تێكدەرەكاندایە و بەردەوام هەڕەشە لە حكومەت و لایەنە شیعییەكان دەكات، ئەگەر ئەم كارە تێكدەرانانە بەردەوام بێت، ئەوا ئەمریكا وەكو چۆن ئەفغانستانی جێهێشت، بەمشێوەیەش عیراق جێدێڵێت و دەڵێن لە دوا سەردانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی بۆ بەغدا، برێت مەكگۆرك-ی نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەراشكاوانە بە حكومەت و شیعەكانی وتووە،» ئەمریكا پلانی كشانەوەی هەیە بە سێ‌ قۆناغی لە عیراق، ئەگەر كارە تێكدەرانەكان و تیرۆریستییەكان نەوەستن دژی ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانی، ئەو كاتیش گورگ بتانخوا ئەمریكا هەقی بەسەرتانەوە نییە»!.

هەروەك، تەئكیدی لەسەر ئەوە كردۆتەوە، دەبێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆی بكرێت و بەهیچ شێوەیەك قبوڵیان نییە دوابخرێت، ئەمەش دوا ئینزارە بۆ عیراقییەكان.

 88 جار بینراوە