سەرەکی » وتار » كوپەكەم

دوا پەنجەرە

كوپەكەم

لە رۆژانی تەنیایی و بێكەسیمدا، كوپێك دەبێت بە هاوڕێم، چ كوپێك، سپی و باڵابەرز، دەسك و كەمەر باریك، نازی لێدەڕژێ، لەهەر كوێیەك بێت ئەو شوێنەی دەنەخشێنێ، نەخشاو بەدڵ، نووسراو بە خۆشەویستی، رۆژێك خۆم و خۆی لە ژورەكەمدا لە یەكتر دەڕوانین، هەتا دەتوانین سەیری یەك دەكەین، زەردەخەنە دەگۆڕینەوە، وەكو دوو عاشقی لاڵ، تەنها بە نیگا دڵمان تێر دەكەین لە جوانی، من هیچم پێ ناوترێ، هەر لێی راماوم، لەپڕ ئەو دێتە زمان. بە شەرمەوە پێم دەڵێت: چۆنیت؟ منیش مەستانە وەڵامی دەدەمەوە: هەركات دەتبینم، باشم، دەڵێت: بۆ كێت بیردێتەوە؟ ئەمجارە بەدڵی پڕەوە وەڵام دەدەمەوە: ئەو كەسەی كە تۆی كردە دیاری بۆ من، دەڵێت: من لە پاشایەكی دوورە وڵاتەوە هەروەك كەنیزەكی سەردەمی عوسمانی بەنرخێكی كەم كڕرام و كرامە دیاری بۆ تۆ، ئەو رۆژە من زۆر لێت ترسام، لە هاوڕێكانم جیابوومەوە، وتم ئەمە ئەو رۆژەیە كە بەرەو مەرگ دەچم، هەر بیرم دەكردەوە، دەبێت تووشی چی ببم؟ ساردی و گەرمی؟ وشكی و بێ ئاوی؟ ئیهانە و فڕێدان لە قوژبنێكی تاریكدا وەك زیندان؟ پیسی و زەرد هەڵگەڕان؟ منیش كەمێك تووڕە دەبم بۆ یەكەمینجار، وەڵام دەدەمەوە، دەڵێم: بەسە، تۆیەكی تازە پێگەیشتوو، لە وڵاتێكی غەریبدا چۆن دڵم دێت بتڕەنجێنم، چۆن دڵم دێت ئازارت بدەم، تۆ دەزانیت كێیت؟ تۆ دیاری خۆشەویست و یاری منیت، تۆی لەجێی خۆی بۆ من جێهێشت، تۆ دەبێت هەموو رۆژێك لە جیاتی ئەو دەمت بنێیت بە دەممەوە، هەتا هەست بە بوونی ئەو بكەم، لە ژواندا لەگەڵم بیت، دەستت بخەیتە ناو دەستمەوە هەتا هەست بە دووری ئەو نەكەم، تۆ خۆراكی رۆحیم بیت، ماندووێتیم بحەسێنیتەوە، هێزم پێببەخشیت، بۆ هەوراز و سەختییەكانی ژیانم بەردەوامیم پێبدەیت، ئازارەكانم بۆ كەمكەیتەوە، لە گێژیمدا بێدارم كەیتەوە، هەرگیز نایەڵم تۆ وەك من بشكێیت، نایەڵم هیچ كەس ئازارت بدات، هەموو رۆژێك بەپەیڤی جوان و شیرین نازت دەكێشم، لەجێی ئارامدا هەڵت دەگرم، من عاشقی تۆم، بێ تۆش هەڵناكەم، تۆ بۆنی یارت لێدێت، تۆ یەكەم جار دەستت بەردەستی ئەو كەوتووە، دەمی تۆ تامی دەمی ئەو دەدات، هەتا من بمێنم تۆش هەیت، نازدارترین دیاری نازدارەكەم.

سورەیا مەهدی

 131 جار بینراوە