سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » ئێران له‌ ته‌نگه‌ی‌ هورمزه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری‌ جاسك

ئێران له‌ ته‌نگه‌ی‌ هورمزه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری‌ جاسك

بورهان شێخ رەئوف

ئێران له‌ 22/ 7/ 2021 رایگه‌یاند كه‌ به‌نده‌ری‌ جاسكی‌ ته‌واوكردووه‌ له‌سه‌ر ده‌ریای‌ عوممان له ‌باشووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئێران به‌ بڕی‌ دوو ملیار دۆلار ، هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه‌ به‌نده‌ره‌كه‌ توانای هه‌یه‌ رۆژانه‌ یەک ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی لێوه‌ هه‌نارده‌ بكرێت، دوور له‌ ته‌نگه‌ی‌ هورمز و كه‌نداو، به‌نده‌ری‌ جاسك به‌ هه‌زار كیلۆمه‌تر بۆری‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ به‌نده‌ری‌ بوشه‌هره‌وه‌ له‌ باشووری‌ ئێران و وه‌كو وێستگه‌یه‌كی‌ نوێ‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت.

شایانی‌ وتنه‌ حه‌سه‌ن رۆحانی‌ سه‌رۆكی‌ ماوە کۆتاییهاتووی ئێران ئاشكرایكردووه‌ كه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ بارودۆخێكی‌ ئێجگار سه‌خت و ناهه‌مواردا ته‌واوكراوه‌ كه‌ ئێران له‌ ژێر ئابڵوقه‌ی‌ ئابووریی‌ و گوشاری‌ زۆری‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیدا بووه‌.

گرنگییه‌كانی‌ ئه‌م پڕۆژه‌ نوێیەی ئێران

1.كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌ی‌ نوێ‌ و گه‌وره‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت كه‌ داهاتی‌ سه‌ره‌كی‌ ئێرانه‌.

2.تێپه‌ڕبوون له‌ ته‌نگه‌ی‌ هورمزه‌وه‌ كه‌ پێشتر مایه‌ی‌ ململانێ‌ و ئاڵۆزی‌ به‌رده‌وام بوو له‌ ناوچه‌كه‌دا.

3.كورتكردنه‌وه‌ی‌ رێگای‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ ئێران به‌ نزیكه‌ی‌ 1000 میلی‌ ده‌ریایی‌.

4.زیادكردنی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ رۆژانه‌ی نه‌وتی‌ ئێرانی‌ به‌بڕی یەک ملیۆن به‌رمیل.

ئامانجی‌ ئێران له‌ بنیاتنانی‌ ئه‌م به‌نده‌ره‌
ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌ بنیاتنانی‌ ئه‌م به‌نده‌ره‌ به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م، ئه‌وه‌بوو رێگایه‌كی‌ یه‌ده‌گی هه‌بێت بۆ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت، له‌كاتی‌ داخستنی‌ ته‌نگه‌ی‌ هورمزدا، چونكه‌ زۆرجار له‌ڕابردودا ئه‌وه‌یان به‌ گوێی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ داوه‌، كه‌ به‌ نیازن ئه‌و ته‌نگه‌یه‌ دابخه‌ن ئه‌گه‌ر بۆ خۆشیان كراوه‌ نه‌بێت، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ده‌خوازن ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێكی‌ وایان هاویشت خۆیان دوور بن له‌ زیانه‌كانی‌ ئه‌و جووڵه‌و هه‌نگاوه‌ .

هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕابردوودا ئێران هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌داوه‌ هێڵه‌ سووره‌كان ببه‌زێنێت، تایبه‌ت به‌ ته‌نگه‌ی‌ هورمز، چونكه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ هه‌نارده‌ی‌ وزه‌ی‌ جیهان بۆ بازاڕه‌كانی‌ ئه‌وروپا و ئاسیا به‌وێدا تێپه‌ڕده‌بێت، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری‌ راستەوخۆی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌، كاردانه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیشی‌ توند ده‌بێت، به‌ڵام ئێستا كه‌ سه‌رۆكێكی‌ نوێ‌ له‌ ئێرانه‌ و سه‌ر به‌ باڵی‌ هه‌ڵۆ و توندڕه‌وه‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامییه‌، نازانرێت مامه‌ڵه‌ی‌ چۆن ده‌بێت، له‌ كاتێكدا وتوێژه‌كانی‌ جنێف تایبه‌ت به‌ دۆسێی‌ ئه‌تۆمی‌ و رێكه‌وتننامه‌ی‌ (5 + 1) وه‌ستاوه‌ و پێشكه‌وتنی‌ وا نه‌هاتۆته‌ ئاراوه‌ .

بۆیه‌ پێده‌چێت بنیاتنانی‌ به‌نده‌رێكی‌ وا له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ ململانێ‌ له‌ كه‌نداو و ته‌نگه‌ی‌ هورمز، هه‌وڵدانێكی‌ تاران بێت بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ و خۆلادان له‌ به‌ریه‌كه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ پێدەچێت ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئیداره‌ی‌ نوێی ئه‌مریكا ناچێته‌ ژێر باری‌ گوشاره‌كانی‌ ئێرانەوە چ له‌ دۆسێی‌ ئه‌تۆمی‌ و چ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ له ‌ئاسایشی‌ هه‌رێمی و ئاسایشی‌ ده‌ریاوانی‌ و هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت له ‌ناوچه‌كه‌دا .

له‌ لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ئێرانییه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دان داخستنی‌ ته‌نگه‌ی‌ هورمز و وه‌ستانی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت دۆخی‌ ئابووریی‌ جیهان ئاڵۆز ده‌كات و نرخی‌ نه‌وت به‌رز ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌مریكا و ئه‌وروپییه‌كان ناچار ده‌كات داوای‌ دانیشتن و سازان له‌گه‌ڵ ئێراندا بكه‌ن و سزاكانی‌ سه‌ر تاران سووك بكه‌ن.

لای خۆیانه‌وه‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ ئێران به‌ دامه‌زراندنی‌ به‌نده‌رێكی نوێ‌، كه‌م به‌ها ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: «هیچ كاریگه‌رییه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ نابێت لەسەر ئاستی هه‌نارده‌ و پیشه‌سازیی‌ نه‌وت له ‌وڵاتانی‌ كه‌نداودا هێندەی ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌وڵێكی‌ نوێ‌ی‌ تارانە بۆ كۆنترۆڵكردنی‌ رێڕه‌وه‌ ده‌ریاییه‌كان كه‌ نه‌وتی‌ پێدا ده‌ڕوات».

هەرچی ئه‌مریكاییه‌كانیشە ئه‌مه‌ به‌ فێڵ و خۆلادانی‌ ئێران ده‌زانێت له‌ سزا ئابوورییه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، کە سزاكانی‌ ئه‌مریكا ئه‌م به‌نده‌ره‌ نوێیه‌ش ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام دۆخی‌ ململانێی درێژخایه‌ن و نه‌بڕاوه‌ی‌ 42 ساڵه‌ی‌ ئێران و ئه‌مریكا خزمه‌ت به‌ گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ و گه‌لی‌ ئه‌مریكا و ئێرانیش ناكات، باشتر وایه‌ له‌ زووترین كاتدا كۆتایی‌ پێ بهێنن و لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ نوێ‌ هه‌ڵبده‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ له‌هه‌ردوو وڵاتدا، دوو سه‌رۆك و دوو حكومه‌تی‌ نوێ ده‌ستبه‌كاربوون.

 190 جار بینراوە