سەرەکی » وتار » فه‌لاح كه‌ریم‌ » یەکێتی لەسەر رێگە راستەکەیە

یەکێتی لەسەر رێگە راستەکەیە

فەلاح کەریم

یەکێتی رابردوو و ئێستا و داهاتووە. یەکێتی رێکخراوی سەر کاغەز و پەیج و سۆسیال میلیشیای میدیایی نییە. یەکێتی حزبی رێباز و خەبات و شەهید و بوژانەوەیە و سەرەتاو ئایندەی روونە. لە مێژووی خۆیدا خاوەنی دەیان کەوتن و هەستانەوەیە. خاوەنی دەیان سەرهەڵدان و دروستبوونی رەوتی فکری و بیروبۆچوونی جیاوازە، بەڵام هیچ کام لەوانە لەسەر داروپەردووی یەکێتی نەبووە و هەر کات هەست بەوە کرابێت بابەتەکە بۆ کرمۆڵ کردنی یەکێتییە، بە تووندتریین شێوە و بە گوێرەی ئیمکان مەترسییەکە لەسەر یەکێتی لابراوە. لە راستیشدا حزبی سیاسی دەبێت یەک دەست و یەک بەرنامە و پڕۆژە و پڕۆگرام بێت، هەرچەند بۆ حزبێکی وەک یەکێتی کە خاوەنی مینبەری جیاواز بووە دۆخەکە جیاوازتر بووە، بەڵام جیاوازییەکە نەیکردۆتە ئەوەی لەشی رێکخراوەکە لە بەریەک هەڵوەشێت. لە مێژووی شۆڕشەکانی کورد دا هیچ هێزێکی تری وەک یەکێتی نادۆزیتەوە زۆرترین مینبەری جیاواز و زۆرترین جیابوونەوەشی بە خۆوە دیتبێت، ئەوەش لەو روانگەوە بووە کە یەکێتی لەسەر بونیادنرابوو، روانگەی دروستکردنی زەمینەی بیرکردنەوەی جیاواز لە ناو جەستەی یەک پارتی شۆڕشدا، دوور لە پارتێکی باڵا دەستی مەرکەزیی داخراو. ئەم ئەدەبیاتە نوێیەی سیاسەت و شۆڕش لە بیر و تێڕوانینی مام-دا هەبوو، بۆیە یەکێک لە خەسڵەتە هەرە بنچینەیی و جیاوازەکانی یەکێتی لەگەڵ حزب و رێکخراوەکانی تر ئەوەبووە کە سەرەڕای جیاوازییەکانیش پەنای بۆ تۆڵەی خوێن نەبردووە. ئەو کلتورە باوەی تا ئێستاش زۆر بڵاوە، بەڵام ئەوە بەو مانایەش نییە کە نەیتوانیبێت کێشە و سەر کێشییەکانی ناوخۆی چارەسەر بکات و ئەو مافەی بەکارنەهێنێت ئەگەر جەستەی حزبەکە کەوتبێتە مەترسییەوە.

یەکێتی ئێستا گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە و دەکرێت بوترێت تەنانەت لە رووی پێکهاتەشەوە گۆڕاوە. یەکێتی پێش ئەوەی حزبێکی سیاسی بێت، کۆڵەکەیەکی سەرەکی دەسکەوتەکانە و ئەمەش دەیخاتە ژێر بەرپرسیارێتییەوە. جیاوازی حزبی دەسەڵات لەگەڵ ئەوەی لە دەسەڵات نییە ئەوەیە کە کەمتر روو لە ناوخۆی خۆیەتی و زۆرتر روو لە جەماوەرە، ئەمە خەسڵەتە سەرەکییەکەی پێکهاتنی یەکێتیش بووە.

لە کۆی وتار و چاوپێکەوتن و لێدوانەکانی مام-دا خزمەتکاری و خزمەتکردنی خەڵک ستراتیژ بووە، ئەم جۆرە لە پڕۆژەی سیاسی دەبێت بە کردەوە نیشان بدرێت. ساڵانێکی زۆرە، زۆرن ئەوانەی دەیانویست یەکێتی لە خەڵک دوور بخەنەوە و بۆ مەرامی خۆیان بەکاریبهێنن، کەچی بۆ نەگبەتییان یەکێتی هەر مایەوە و دەشمێنێتەوە، چونکە بەشێکە لە پڕۆژەی خواستی خەڵک بۆ ژیان، بۆ گۆڕانکاری و چاککرنەوەی ئەوەی ئەوانیتر دەیانەوێت تێکی بدەن.

بۆ ئەندام و خەڵکی یەکێتی مانەوەی چەترەکەی یەکێتی مام گرنگە و لەم قۆناغەشدا بێجگە لە دڵسۆزەکانی رێبازی مام کەسی تر ناتوانێت وەک ئەوان بیپارێزێت، جا ئەوە چۆن لێکدانەوەی بۆ بکرێت و چۆن بپێورێت راستییەکە و واقیعی کۆمەڵایەتی جیهانی سێیەمە. تەنانەت لە ئەوروپای مۆدێرنی ئەمڕۆ و ئەمریکاشدا هەندێک لە خێزانەکان تا ئێستاش رۆڵیان هەیە لە کایە سیاسییەکاندا.

 140 جار بینراوە