سەرەکی » وتار » خۆشەویستی و قسە

خۆشەویستی و قسە

قسەی جوان هەر جوانەو كەس لاریی لەمە نییە، بەڵام لە كۆتاییدا قسە هەر قسەیەو جیاوازی زۆرە لەگەڵ كرداردا، رەنگە قسەی جوان كرداریش جوانتر بكات، بەڵام ناتوانێ جێگەی بگرێتەوە، جوانترین نموونەش بۆ ئەوە لە خۆشەویستیدا رەنگ دەداتەوە.

دەڵێن ئیمامی عەلی وتوویەتی: «پیاوان جانتای داخراون، كلیلەكەی قسەیە». ئەم قسەیە لە جێی خۆیدایە و بۆ بابەتەكەی ئێمە، ئاماژەكەی پێكاوە، قسەیەكی راست و دروست و هاوسەنگە، بەڵام لەگەڵ خۆشەویستیدا ناگونجێت، لەبەرئەوەی قسە پشت بە بنەمای رەوانبێژی و زیادەڕۆیی دەبەستێ، بنەمای وێنەی روونكراوە و واتای نموونەیی رەچاو دەكات، هەر لەبەرئەوەشە كە قسەكردن لەسەر خۆشەویستی ئاست و رادەی پتەویی پەیوەندییەكەی پێ ناپێورێت.

خۆشەویستی بە پلەی یەكەم زمانی راستەقینەی جەستە و دەروونە، هەر لە یەكەم تاسەی بینین و چاوەڕوانییەوە تا دەگات بە یەكەم دڵەخورپێ و توانەوەی نیگاكان و یەكەم بەریەككەوتنی دەست، پاشان پێكگەیشتن و بینینی تەواوی یار، ئەو هەستەت لا دروست دەكات كە ئەو تەواوكەری تۆیە، پێی كەم ناكەیت بەڵكو پێی زیاد دەكەیت، دواتر ئەو هەستە زاڵ دەبێت بەسەرتاندا كە ئێوە پێكەوە ژیان تەواو دەكەن، هەموو ئەمانە جێگەی تێگەیشتنن و هاوسۆزییەكی بێ سنووریشمان هەیە لەگەڵیان، ئەمانە بەشێك دەبن لە جوانی، بەڵام دەمەوێ باس لەوە بكەم، هەموو ئەو هەستانە كاتێك لە جەستەو دەرووندا روو دەدەن جیاوازن لەوەی بكرێت بە قسەیەك و بنووسرێتەوە، یان بگێڕدرێتەوە، ئاخر ئەگەر دڵ ئەنگاوتەیەك تا بەیانی باسی هەستی خۆی بۆ تۆ بكات، كەی تامی ئەوە دەدات كە یار لە ژێر تریفەی مانگە شەودا بە ئەسپایی بێت بۆ لات و بچرپێنێ بە گوێتدا، ئەو چرپەیە بە قسە دەرنابڕدرێ.

یان بیهێنە پێش چاوی خۆت، هەفتەیەكە یارت نەدیوە، قاسیدت ناردووە تا هەواڵت بۆ بهێنێ، خۆر گەیشتە چەقی ئاسمان و قاسید دیار نەبوو، دڵتەنگیی شپرزەی كردووی، ئارام كە هیچ، ئۆقرەشی لەبەر هەڵگیراوە، لە ناكاو قاسید دێت و دڵە تەپێ دەستپێدەكات، ئەم هەستە لە شوێنی خۆیدا و كاتێك بە راستی روودەدات شتێكە و كاتێكیش بە قسە دەگێڕدرێتەوە شتێكی دیكەیە، لەبەر ئەوە سوورم لەسەر ئەوەی خۆشەویستی بە كردار شتێكە و قسەكردن لەسەر خۆشەویستی چەند جوانیش بهۆنرێتەوە شتێكی دیكەیە.

بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێ كە قسەكردن لەسەر خۆشەویستی رەت بكەینەوە، من دژی قسە ‌و باسی خۆشەویستی نیم، قسەش گرنگە بۆ تەواوكردنی وێنەكە، بەڵام خودی وێنەكە یان نیگارەكە نییە، وێنە یان نیگار شتێكە و قسەكردن لەسەری شتێكی دیكەیە، قسەكردن لەسەر وێنە وەك چوارچێوەیەكی جوانی بە نەخش و نیگار وایە بۆ وێنەیەكی دیاریكراو كە جوانی زیاتر بە وێنەكە دەدات و دەیڕازێنێتەوە، بەڵام خۆ دەبێ وێنەیەك هەبێت چوارچێوەكەی تێبگیرێت، ئاخر خۆ چوارچێوە بە تەنیا واتا نادات.

لە عەرەبییەوە:
كوردەوان محەمەد سەعید

 189 جار بینراوە