سەرەکی » دۆسێ » تەپ و تۆزی تالیبان لە كابول و قەندەهارپەڕە 2

تەپ و تۆزی تالیبان لە كابول و قەندەهار

لەشكر حەمە ساڵح

نزیكەی 20 ساڵ لەمەوبەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی گەیشتنە ئەفغانستان بۆ روخاندنی ئەمارەتی ئیسلامی تالیبان و لەناوبردنی رێكخراوی قاعیدە و پاشان دامەزراندنی حكومەتێكی دیموكراتی.

روخاندنی تالیبان چوار هەفتەی پێچوو
لە ماوەی ئەو 20 ساڵەدا، بەشێك لە ئامانجەكانی ئەمریكا بەدیهاتن بە تایبەتی رووخاندنی ئەمارەتی ئیسلامی تالیبان و لەناوبردنی رێكخراوی قاعیدە، بگرە ئەو پرۆسەیە تەنها چوار هەفتەی پێچوو، بەڵام ئەوەی لە ماوەی ئەو 20 ساڵەدا بەدینەهات، دامەزراندنی حكومەتێكی دیموكراتی بەهێز بوو كە گوزارشت لە خەڵكی وڵاتەكە بكات بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و تەنانەت مەزهەبییەكانیشەوە.

بە راست، چی رێگر بوو لەوەی ئەفغانستان ببێتە خاوەنی حكومەتێكی بەهێز كە بتوانێت بەبێ یارمەتیدانی دەرەكی لەسەر پێیەكانی خۆی بوەستێت؟ چی وایكرد لە ماوەی 20 ساڵدا كابول نەتوانێت خۆی لە تەپ و تۆزی تالیبان بتەكێنێت؟

ئەمریكا چی كرد بۆ ئەوەی دۆخی ئەو وڵاتە وەك خۆی بمێنێتەوە و بگرە خراپتریش ببێت؟ هەروەك چی نەكرد بۆ ئەوەی هەنگاوێك بەرەو پێشەوە بڕوات؟ چ هەنگاوێك پێویست بوو بۆ ئەوەی هەژموونی خێڵایەتی لە دەڤەرەكە كەمبكاتەوە و نەكرا؟

كورت و پوخت هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەستیان بە كشانەوە كردووە لەو وڵاتە بە بێ ئەوەی ئاسۆیەكی روون هەبێت كە ئەفغانستان چی بەسەردێت بەتایبەتی لەوكاتەی هێشتا ئەمریكا بە تەواوەتی نەكشاوەتەوە كەچی گەڕانەوەی تالیبان دەستیپێكردوە.

كاتی ئەوەیە بپرسین، ئەوەی روودەدات رێكەوتنی ئەمریكا و تالیبانە؟ یان ئەنجامێكی سروشتی ئەوەیە كە ئەمریكا لەو 20 ساڵەدا دایچاندووە؟ تا كەی خەڵكی هەژار و لێقەومای ئەفغانستان گیرۆدەی میرەكانی شەڕ و بازرگانەكانی نەتەوە و ئاین و مەزهەب دەبن؟

جگە لە ئەمریكا، ئەفغانییەكان خۆیان چیان كرد؟ عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا و حامید كارزای و ئەوانی تر چیان كرد بۆئەوەی ئایندەیەكی باشتر بۆ خەڵكەكەیان دابین بكەن؟ ئەو دەستەبژێرە حوكمڕانە ئەوەندە كورتبین و بەرژەوەندی پەرست بوون جگە لە خۆیان بیریان لە شتێكی دیكە نەكردەوە كە بریتییە لەو زەمینەی لەسەری لەدایكبوون و لەسەری دەژین.

هێزەكانی حكومەت خۆیان ناگرن
چەكدارەكانی تالیبان رۆژانە بازنەی هەژموون و رووبەری ناوچەكانیان فراوانتر دەكەن. هێزەكانی حكومەت و ویلایەتەكان لە بەردەم هێرش و پەلاماری چەكدارە توندڕەوەكاندا خۆیان ناگرن، یان چەكەكانیان توڕ هەڵدەدەن و خۆیان رادەست دەكەن یان بەرەو وڵاتانی دەوروبەر هەڵدێن.

بەكورتی، لەو كاتەی كە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ئەفغانستان دەكشێنەوە، دۆخی ئەو وڵاتە نەگەیشتۆتە كەناری ئارام، بەشی زۆری ئەو مەسەلانەی بوونە پاڵنەری هێرشی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ساڵی 2001 وەك خۆیان ماونەتەوە.

كابول نەیتوانی دامەزراوەكانی بەهێز بكات
سەرەڕای هەوڵ و كۆششێكی زۆر، بەڵام حكومەتی كابول نەیتوانی دامەزراوەكانی خۆی پتەو و بەهێز بكات بە پێی ماناكانی ئەمڕۆی جیهان ببێتە حكومەتێكی سەركەوتوو، بەڵكو وەك نموونەی حكومەتی شكستخواردوو مایەوە.

هۆكاری سەرەكی ئەو دۆخەی لە ئەفغانستان مایەوە سەرەڕای هاوكاری و پشتیوانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، لە پلەی یەكەمدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خەڵكی ئەو وڵاتە حكومەتە تازەكەیان بە درێژكراوەی داگیركاریی بیانی دەبینییەوە كە پێشتر یەكێتی سۆڤێتیش خۆی تاقیكردبۆوە.

یان بە گوزارشتێكی تر، زۆرینەی خەڵك متمانەیان بە حكومەتەكەی كابول نەكرد. ئەو حكومەتەش كاری نەكرد بۆ ئەوەی ئەو متمانەیە دروست بكاتەوە، دیارە ئەو متمانەیەش لە شتە بچووكەكانەوە دەست پێدەكات كە حكومەتەكەی كابول كۆششێكی ئەوتۆی بۆ نەكرد.

ئێستاش دۆخەكە بەرەو ئایندەیەكی نادیار دەڕوات، هەندێك لایەن و چاودێرانی سیاسی بە گومان و دوو دڵییەوە لە دۆخ و ئایندەی ئەو وڵاتە دەڕوانن. بەڵام ئەوەی بە نیگەرانی زۆر و خەمێكی قووڵەوە رۆژ دەكەنەوە، خەڵكە هەژارەكەیە كە پێشتر گیرۆدەی توندڕەویی و مێشك وشكیی تالیبان بوون و ئێستاش گیرۆدەی گەندەڵی و كورتبینی حوكمڕانە هاوخۆێنەكانیانن، بێگومانیش ئایندە لە بەردەرگایە و ئەگەرێكی زۆرە تالیبان توندتر بێت و تۆڵە بكاتەوە.

 227 جار بینراوە