سەرەکی » راپۆرت » پشكنینی زیاتر لە 100 نەخۆش لە نۆرینگەكان دەكرێت

بازرگانیی تەندروستی

پشكنینی زیاتر لە 100 نەخۆش لە نۆرینگەكان دەكرێت

بەدواداچوونی: رێزە حسێن

هەموو ئەوانەی لە وێ بوون لە چاوەڕوانی نەشتەرگەریدابوون، هەر نەخۆشە و ژوورێكی بۆ دەست نیشاندەكرا تا چاوەڕوانییەكەی تێدا بەڕێبكات، بۆ دەستكەوتنی زانیاری، تەنها یەك پرسیارم لێیان كرد كە بۆچی لە نەخۆشخانەیەكی حكومی نەشتەرگەرییەكەیان نەكردووە، لە وەڵامی پرسەكەمدا وتیان: نەخۆشخانەی حكومی خزمەتگوزاری خراپە، دواتر بە نۆرەیە و هاوكات دانانی سەرەی نەشتەرگەریش زۆرینەی كات واستە و ناسین و نزیكایەتی پزیشكەكەی پێویستە.

نەخۆشخانەی ئەهلی جمەی دێت
هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانە حكومییەكان كە خۆی لە 77 نەخۆشخانە دەبینێتەوە لە هەرێمی كوردستان، جگە لە نەشتەرگەری حاڵەتی خێرا، ئەو كەسانەش لە چاوەڕوانیدابوون كە چەند مانگێك زیاترە چاوەڕوانن و سەرەیان نووسیووە، لە رووی چارەسەركردنی تەندورستییەوە هیچ جیاوازییەك نییە لە نێوان نەشتەرگەری نەخۆشخانەی حكومی و ئەهلیدا، تەنیا ئەوەی كە لەیەكیان جیادەكاتەوە جۆری خزمەتگوزارییە، بەڵام بازاڕی نەخۆشخانە ئەهلییەكان كە بەپێی ئامارێك 56 نەخۆشخانە هەیە، لە سەرتاسەری كوردستان، بە شەو رۆژ هەر هەموویان جمەیان دێت و نەخۆشخانە حكومییەكانیش ساردی و هیواشی لێبەدی دەكرێت.

دەڵاڵی پزیشكەكان
هەموان لە نەشتەرگەری دەترسن، چونكە بەپێی زانیاری تەندروستی، هەرچەندە زانستی تەندروستی ئامێر و كەلوپەلی پێشكەوتوو بخاتە بەردەست، سڕكردنی گشتی (بەنجكردن) لە هەندێك حاڵەتدا مەترسی لە سەر ژیان و تەندروستی كەسی نەخۆش دەبێت، بۆیە تەنیا ترساندنێك بەسە بۆ نەخۆشەكان تا رووبكەنە نەخۆشخانە ئەهلییەكان و لەوێ چارەسەكردن و نەشتەرگەری بكەن، ژنێك بە دەنگێكی هێواش پێیوتم لە نەخۆشخانەی حكومی نەشتەرگەرییەكم بۆ دەكرا، بەڵام یەكێك لە كارمەندەكان پیێوتم: « گەر ناتەوێت بمریت، بڕۆ لە نەخۆشخانەی ئەهلی با دكتۆر نەشتەرگەریت بۆ بكات، لەگەڵ بیستنی قسەی ئەو نەخۆشە، ئەو دەنگۆیەم بە بیردا هات كە دەوترێت لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا، هەندێك پزیشك دەڵاڵی هەیە، تۆ بڵێی ئەو كارمەندە یەكێك نەبووبێت لە دەڵاڵی پزیشكەكانی ناو نەخۆشخانەكە، هاوكات، هەندێك لە پزیشكەكان لەناو نەخۆشخانە حكومییەكاندا لق و پەلیان هەیە بە جۆرێك كەسانی باوەڕپێكراوی خۆیان بە نهێنی كاریان بۆ دەكەن كە زیاتر لەناو خەڵكیدا پێیان دەوترێت (دەڵاڵ)، لە بەرامبەر پاداشت وەرگرتندا، رۆژانە نەخۆش بۆ نۆرینگەكانیان دەنێرن بەتایبەت بۆ نەشتەرگەرییە جۆر بە جۆرەكان، هەروەك زانیاری ئەوەشمان هەبوو كە بازرگانیكردن بە تەندروستی مرۆڤ زۆرینەی سێكتەركانی تەندروستی گرتووەتەوە لە هەرێمی كوردستان، بۆ نموونە دەرمانخانەكان ویستیان وایە پزیشك زۆرترین دەرمان بۆ نەخۆش بنووسێت كە بۆ ئەمەش هەندێك پزیشك دەرمانخانەی تایبەت بە خۆی هەیە، پزیشكی سۆنەر و تیشک، ویستیان وایە بۆ زۆرترین شوێنی نەخۆش تەنیا سۆنەری ملەوەنی بۆ بنووسرێت، چونكە سوودی زیاترە لە سۆنەری رەش و سپی، چارەسەركردن و پشكنین و نەشتەرگەری بۆ نەخۆش تا ئاستی جانتایەك پارە خەرجکردن ملدەكێشێت، یەكێك لە كارمەندەكانی تەندروستی نەخۆشخانە حكومییەكاندا، پێیوتم: «دەستمان بە كڵاوەكەمانەوە گرتووە بە جوابێك لێمان مەخەرە سەر زەوی»، بەڵام هێندە بێزار بوو لەو حاڵەتە سەرەداوی ئەوەی بۆ دەرخستم كە حاڵەتەكە هەیە و نەشتەرگەرییەك بنێرە بۆ دكتۆر گیان و پاداشتی خۆت لە مشتدایە، وتیشی: زۆرجار بێ بوونی رێككەوتنی پێش وەختە لە نێوان كارمەند و پزیشك، هەبووە كە خزم و كەسوكاری خۆی ناردووە بڕێك پاداشتی وەرگرتووە، هەروەك ریكلام كردنیش بەشێوەی وەسفكردن و زارەكی هەر پاداشتی دەبێت.

هەناسەدانیش بە پارەیە
لە ساڵانی رابردوودا هەر كاتێك هاووڵاتی رووبەڕوی كێشەی تەندروستی بوایەتەوە، راستەوخۆ دەگەیەنرایە نەخۆشخانەی حكومی و لەوێ چارەسەركردنی پێویستی بۆ دەكرا، بەڵام ئێستا تەندروستی لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەر لێشاوی گۆڕانكاری كەوتووە، گۆڕانكارییەك كە بە سوودی پیشەكارانی تەندروستی بە گشتی و بەتایبەت پزیشكان هاتە ئاراوە، بە جۆرێك چارەسەركردنی نەخۆشییە جۆر بە جۆرەكان و نەشتەرگەرییەكان بە بازرگانی كرا لە لایەن هەندێك پزیشكە پسپۆڕەكانەوە، لەو بارەیەوە هاووڵاتیان ئاماژەكانیان پڕبوو لە ناڕازیبوون لە كارو پیشەی كەرتی تەندروستی، بەتایبەت لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا سنووردارە و زۆرینەی دەرمانەكان بەردەست نییە، چارەسەركردن وەك پێویست ناكرێت، بەپێچەوانەوە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكاندا سنوورداری نامێنێت و بە باشترین و گرانترین نرخ چارەسەركردن بەردەست دەبێت، هاوكات هاووڵاتیان پێیانوایە كە بازرگانیكردن بە تەندروستی مرۆڤەوە، كارێكی قێزەون و بێزراوە لە هەموو دنیادا، هەروەك كردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت و نۆڕینگەی پزیشكی بە مەبەستی پارە كێشانەوە لە نەخۆش وەسفكرد و پێیان وابوو لەسەر حسابی تەندروستی و چارەسەركردنی نەخۆش پارە و سامان كەڵەكە دەكەن، هاوكات دەیانوت ئەو پزیشكانەی كە بە دەرن لە بازرگانیكردن و گیرفان پڕكردن بە پەنجەكانی دەست ئەژمار دەكرێن.

زیادەڕۆیی لە چارەسەكردن
بەپێی وتەی هەندێك لە پزیشكان، بازرگانیكردن بە پیشەكەیانەوە لە ناو هەندێك لەو پزیشكانەی پسپۆڕن بوونی هەیە كە كۆنتڕۆڵكردن و راگرتنیان قورسە، ئەوان دەڵێن: دەبێت چاكسازی كەرتی تەندروستیش بگرێتەوە بەتایبەت ئەو حاڵەتانەی رۆژانە تۆمار دەكرێن كە زۆریی ژمارەی نەشتەرگەریی لە نەخۆشخانە ئەهلییەكانە لە بەرامبەر نەخۆشخانە حكومییەكاندا بەڵگەیەكی راست و دروستی بەر دەستە كە پزیشك هەیە لە یەك رۆژدا زیاتر لە چەند نەشتەرگەرییەك دەكات لە نەخۆشخانە تایبەتەكاندا، لە نۆڕێنگەكەی خۆیدا زیاتر لە 100 نەخۆش دەبینێت و چەندان پشكنینی نا پێویست و دەرمانی زیادە بۆ نەخۆش دەنووسرێت.

 190 جار بینراوە