سەرەکی » هەواڵ » بافڵ تاڵەبانی: رێڕەوی حزبیی یەكێتی لەسەر شاڕێیەكی تەندروستی رێكخراوەییە و درێژە بە هەمان سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال دەدرێت

بافڵ تاڵەبانی: رێڕەوی حزبیی یەكێتی لەسەر شاڕێیەكی تەندروستی رێكخراوەییە و درێژە بە هەمان سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال دەدرێت

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، پێشوازی لە مامۆستا عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان و وەفدێكی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا، كە ژمارەیەك لە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكانی هەرێم و عیراق كرا و هەردوولا بۆچوونی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خستەڕوو.

هەردوولا بەگرنگییەوە جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوانیان كردەوە بە ئاڕاستەی لێكنزیكکردنەوەی زیاتر و هەماهەنگی و كاری هاوبەش لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی. هاوڕابوون كە ئەم قۆناغە وادەخوازێت ماڵی كورد رێكبخرێتەوە و دوای هەڵبژاردنەكانیش زەمینەی لەبار بڕەخسێنرێت بۆ كاری پێكەوەیی، تاوەكو هەموو لایەنەكانی كورد لەچوارچێوەی بەرەیەكی نیشتمانی لەبەغدا پێكەوە یەك پەیامی كوردستانی بگەیەننە عیراق و داكۆكی لە مافە دەستوورییەكان بكرێت.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا بەوردی باس لە سیاسەتی نوێی یەكێتی كرا و بافڵ تاڵەبانی وەفدی میوانی دەربارەی گۆڕانكارییەكان بەرچاوڕوونكرد و رایگەیاند: رێڕەوی حزبیی یەكێتی لەسەر شاڕێیەكی تەندروستی رێكخراوەییە و درێژە بە هەمان سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال دەدرێت و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ دۆستەكانمان بنیاتدەنێینەوە. بە گیانی لێبوردەییەوە لەگەڵ هەمووان پێكەوە درێژە بە خەبات دەدەین لەپێناوی كوردستانێكی بەهێزتر و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان. جەختی لەوەش كردەوە گۆڕانكارییەكان لەسەر بنەمای پاراستنی یەكێتیی ناو یەكێتی و رزگاربوون بووە لە دەستەگەری و بەرژەوەندیی شەخسی. بەم هەنگاوانەش یەكێتییەكەی مام و شەهیدان و تێكۆشەرانمان لە هەڵدێر پاراست.

 181 جار بینراوە