سەرەکی » وتار » ڤینۆس فایەق » راپەڕینێکی سەرکەوتوو شۆڕشێکی شکستخوادوو

راپەڕینێکی سەرکەوتوو شۆڕشێکی شکستخوادوو

پەشمەک 18

«نەبوونی ئاسایش ئاژاوە بەرپا دەکات، نەبوونی دادپەروەریش شۆڕش» جەلال عامر
‎هەلومەرجی ئیداری، حزبی و سیاسیی ئێستای کوردستان دوای تێپەڕینی سی ساڵ بەسەر رزگاربوونی لە دەستی داگیرکاری و ئەزموونی ئیدارەی سەربەخۆ، دەمانخاتە بەردەم چەند پرسیارێکی جدی، دوای ئەم سی ‎ساڵە چی بەدەستهاتووە قەرەبووی رابردووی کردبێتەوە؟ ئایا راپەڕین لە ئاستی خواست و خەونی تاک بە تاکی کوردستاندا بوو؟ ئەرێ راپەڕینێک کە شکستی بە ئادەمیزادی کورد ھێنا دەکرێ بە سەرکەوتوو وەسف بکرێ؟ ئاخر راپەڕین کە ئامانجەکەی شۆڕشێکی ریشەیی نەبوو لە هەموو بوارەکانی ژیانی ئادەمیزاددا و کودەتایەک نەبوو بەسەر ھەموو مومارەساتەکانی رژێمی پێشوو و ھێنانەکایەی سیستەمێکی ئەخلاقیی سیاسی بەرپرس، رێز لە ئینسانییەتی خەڵک بگرێ، و ئامانجی دابینکردنی ژیانێکی لایەق بە ئادەمیزاد نەبوو، ئەگەر مەبەست لێی بە ئینسانیکردنی فەلسەفەی سیاسی و ئیداریی کۆمەڵگە نەبوو، ئەگەر هیچی ئەمانە نەبوو ئەوە شکست کەمترین پێناسەیە بۆی.

وەختێک دەسەڵاتی بەڕێوەبردن مافەکانی ھاووڵاتیان پێشێل دەکات، شۆڕش دەبێتە ھەڵبژاردەیەکی پیرۆز، ھیچ ئادەمیزادێک لە ھیچ جێگەیەک لە ژێر ھیچ بەھانەیەکدا، لەسەر دەستی ھیچ حکومەتێک شایستەی بێ کەرامەتکردن، برسیکردن و ناعەدالەتی نییە، کەچی خەڵک لە کوردستان زۆر زۆر ئازار دەچێژێت. شکستی راپەڕین لەوەدایە هیچ وانەیەکی ئەخلاقیی پێنە بوو بۆ ئیدارەدانی جوگرافیایەک کە لە دوو شار پێکهاتووە. ئەوانەی ئیدارەی کۆمەڵگەیان گرتە دەست ھیچ فەلسەفەیەکی حوکمڕانیی سەردەمیانەیان نەھێنا ژیانی خەڵک بە لایەنی کەمی ئەو شێوەیە بگۆڕن کە خەونیان پێوە دەبینی. لە جیاتی دەستکەوت یەکەم ئەنجامی راپەڕین شەڕێکی ناشیرینی ناوخۆ بوو، لە جیاتی گێڕانەوەی شکۆی ئادەمیزادێکی چەوساوەی بێناسنامە، لەناوبردنی هەموو بەها ئینسانییەکان و هێنانە کایەی هەلومەرجێک رەتکردنەوەی ئەو ناسنامەیەی لێکەوتەوە کە پێش راپەڕین قوربانیی بۆ دەدرا.

ئاخر بەھانەی شکستی راپەڕین ئەوەیە رۆژ لە دوای رۆژ ژیانی خەڵک لە خراپەوە بۆ خراپتر بڕوات و ژیانی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان لە باشەوە بۆ باشتر بڕوات، چونکە راپەڕین کە بەو کوتوپڕییە روویدا بواری ئەوەی نەدا نوخبەیەکی سیاسیی لێهاتووی ناو ریزی خەڵک ئیشی جددی لەسەر بنیادنانەوەی ئادەمیزادی دوای راپەڕین بکەن و ھەروەھا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی لەوە بێگومان کرد کە کورد لە پێناوی ئازادی و شکۆی ئادەمیزاد و سەروەریی یاسا و پیرۆزیی خاک راپەڕینی نەکرد، بەڵکو بۆ ئەوەی بەشی خۆیان لە میراتیی رژێمی پێش خۆیان بەشکەن. لەگەڵ ئەوەی راپەڕین کە لەناو ریزەکانی خەڵکە ‎زیانلێکەوتووەکانی دەستی داگیرکەرەوە هەڵگیرسا، وێنەیەکی جوانی قارەمانێتی و گیانفیدایی پیشاندا، بەڵام خۆ بەخاوەنکردنی راپەڕین لە لایەن هێز و لایەنە حزبییەکانی کوردستانەوە هیچ مانایەکی بۆ هیچ دەسکەوتێک نەهێشتەوە ئیستا بە نموونە بهێنرێتەوە.

‎بە هەموو پێوەرەکان راپەڕینە جەماوەرییەکەی کوردستان لە چرکەساتی روودانیدا سەرکەوتوو بوو، بەڵام بە پێوەرە مێژووییەکان بۆ قۆناغی دوای راپەڕین هەتا دەگەینە رۆژگاری ئەمڕۆمان شۆڕشێکی ‎شکستخواردوو بوو، چونکە هەتا ئەمڕۆ ئەو حزبانە شکستیان هێنا لەوەی نموونەیەکی شۆڕشگێرانەی گیانفیدایی و نیشتیمانپەروەری و خەمخۆریی ئادەمیزادی چەوساوە پێشکەش بە نەوەکانی دوای راپەڕین و جیهانی دەرەوە بکەن. بۆیە راپەڕین رووداوێکە لە چرکەساتێکی مێژووییدا کۆتایی دێت، بەڵام شۆڕش هەرگیز نامرێت و ئەگەرێکی هەمیشە ئامادەیە و بۆی هەیە بە سوودوەرگرتن لە هەڵەکانی پێشوو، لە هەموو چرکەیەکدا سەرهەڵبدات.

 250 جار بینراوە