سەرەکی » هەواڵ » پەیامی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یادەوەریی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدیداپەڕە 27

پەیامی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یادەوەریی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدیدا

لە (3)ی ئابی ساڵی (2014) و رۆژانی دواتر، رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، بەشێوەیەكی دڕندانە، پەلاماری كۆمەڵانی خەڵكی شنگالیان دا و تاوانی گەورەی جینۆسایدی دژی كۆمەڵگەی دێرین و رەسەنی كوردانی ئێزدی ئەنجامدا، لە ئەنجامی ئەو كۆمەڵكوژییە گەورەیە بەشێوەی تاوانی رێكخراو، هۆڤیانە و دڕندانەی كۆنینە و نوێ، ژنان و پیاوانی ئێزدی لێكجیاكرانەوە، بە بەرچاوی كۆمەڵگەی مۆدێرنی مرۆڤایەتییەوە، بازاڕی كۆیلایەتی و شەرمەزاریی فرۆشتن و بازرگانیی جەستەیان پێ زیندووكرایەوە. لەو تاوانە دژە نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆییەدا، كە بەپێی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، دەچێتە خانەی تاوانی جینۆسایدەوە، هەزاران هاووڵاتیی مەدەنیی ئێزدی كۆمەڵكوژ و بە هەزارانی تریش بێسەروشوێنكران، ژنانی سەربەرز و رووسوری ئێزدیش، سەرقافڵەی زیانلێكەوتووانی ئەو تاوانە بوون.

بەدرێژایی مێژوو، كوردانی ئێزدی؛ بەهۆی بنەچەی ئاینی ‌و نەتەوەییانەوە، دەیانجار رووبەڕووی فەرمانی پاكتاو و جینۆساید و دەربەدەریی بوونەتەوە، لەپشت هەریەك لەو تاوان و فەرمانانەوە، عەقڵیەتێكی دواكەوتووی رەگەزپەرستانە هەبووە، بەڵام كۆمەڵگەی ژیاندۆستی ئێزدی، بە خۆڕاگریی و ئیرادەی بەهێزەوە، وەك خەڵكێكی رەسەن توانیویانە سەربەرزانە بمێننەوە. بۆ ئێستاش پێویستییەكی كوردستانی و عیراقی و ئینسانییە كە كار و كۆششیان بۆ بكرێت تا بەسەر ئاسەواری دوا تاوانی دژیان سەربكەون و ژیان و بوژاندنەوە و ئاوەدانیی دەڤەرەكەیان ببێتە ئەجێندای پەرۆشیی داهاتووی هەموو هێزە سیاسییەكان.

لە یادی تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا، جارێكی تر سەركۆنەی ئەم كۆمەڵكوژییە و ئەم لەكە پڕ شەرمەزارییەی داعش و رەفتار داعشییەكان دەكەینەوە ‌و سەری رێز و نەوازش لە ئاستی گڵكۆی هەموو شەهیدان و قوربانییەكان دادەنەوێنین و سڵاوی خۆڕاگریی بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین.

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی ئێزدی
لەكاتێكدا یادی جینۆسایدی ئێزدییەكان دەكەینەوە، پرسی كۆمەڵكوژییەكانی خەڵكی شنگال هەر لە ئاستی خۆی‌ و فەرامۆشكردندا ماوەتەوە و لەسایەی نەبوونی ئاوڕدانەوەیەكی جددی، رێژەیەكی زۆر لە كوڕان‌ و كچانی ئێزدی بە ناچاریی زێدی خۆیان بەجێهێشتووە و پەراگەندەی وڵاتانی جیهان بوون، ئەوە سەرباری ئەوەی تائێستاش قەرەبووی زیانە گیانی‌ و مادییەكانی كەسوكاری قوربانییان نەكراوەتەوە، ئەگەرچی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە دەستپێشخەریی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پڕۆژەیاسای (قەرەبووكردنەوەی ژنانی رزگاربووی دەستی داعش)ی پێشكەشكرد و ئەمساڵ لە رۆژی 8ی مارس پەسەندكرا، بەڵام هێشتا حكومەتی عیراق هیچ هەنگاوێكی كردەیی نەناوە بۆ جێبەجێكردنی بەندەكانی ئەو یاسایە، لە هەمانكاتدا پەرلەمانی چەند وڵاتێكی ئەوروپا، ئەو تاوانەیان وەك جینۆساید ناساندووە، هەموو ئەوانەش پێكەوە دەكرێت بخرێنە خزمەت ژیان‌ و پاراستنی ئێزدییەكان لە داهاتوودا.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك هەمیشە كوردانی ئێزدی بە پارچەیەكی دانەبڕاو و سەرەكی‌ و رەسەنی پێكهاتەی كوردستان‌ و بزووتنەوەی رزگاریی كوردستانی دادەنێت و بۆ هەمیشەش پشتیوانیی مافەكانیان دەكات و جەخت لەسەر جێبەجێكردنی تەواوی ئەو یاساو رێسا و بەڵێنانە دەكاتەوە كە بۆ قەرەبووكردنەوەی كوردانی ئێزدی دراون و دەرچوون.

لەم بیرەوەرییە تاڵەدا، سڵاو لە گڵكۆی شەهیدانی جینۆسایدی ئێزدییەكان و هەموو شەهیدانی كوردستان.

نەفرەت لە تاوانكاران و تیرۆریستان.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

2/8/2021

 226 جار بینراوە